ARI-HERSIN.jpg

١٢/١٠/٢٠١٥ و كاراكردنه‌وه‌ی پارله‌مان

Nov 1, 2016  |   بیروڕا 
 ئاری هەرسین
 
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ حوكم له‌ هه‌رێمی باشوور به‌ شێوه‌ی ته‌وافوقی بوه‌. له‌ پێشدا له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی و، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر. له‌ڕاستیشدا بۆ ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ (١٩٩٢) باشترین شێوازی (ئینتیقالی) حوكمه‌. ئه‌مه‌ بۆ ئێستاشمان ڕاسته‌. چونكه‌ هه‌تا ئێستاش پۆسته‌كان به‌ ته‌وافوق به‌سه‌ر حیزبه‌ سیاسیه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێن، ئیتر هه‌ر له‌پۆستی سه‌رۆك و جێگر و سكرتێری پارله‌مانه‌وه‌ بگره‌، هه‌تا ده‌گاته‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت، جێگره‌كه‌ی، هه‌موو وه‌زیرو بریكاره‌كانیان، ڕاوێژكاران و ئه‌وه‌تا ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هه‌ر هه‌موی له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوقه‌.
له‌ حاڵه‌تێكی به‌وجۆره‌ی كه‌ باسمانكرد، ئیتر ڕۆڵێك بۆ ناوه‌نداكانی قانونگوزاری(پارله‌مان و، ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگا) نامێنێته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌م دوو ناوه‌نده‌ بڕیاریان لا نیه‌و خاوه‌ن بڕیاریش نین.
ساڵی پار، ساڵێكی ناخۆش بوو بۆ پارله‌مانتاران، چونكه‌ به‌ تێكچونی ته‌وافوقه‌كه‌ی نێوان ئێمه‌و گۆڕان مه‌سه‌له‌ی تری به‌سه‌رداهات، له‌وانه‌ سست بوونی پارله‌مان.
ئه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان له‌ ٢٠١٥/٦/٢٣ كردی، ئینقیلابێكی هێمنانه‌ بوو به‌رامبه‌ر به‌ پارتی و، ئه‌م ئینقیلابه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی ئێمه‌ و گۆڕاندا نه‌بوو. توڕه‌بوونی كاك نه‌وشیروان له‌سه‌ر هه ندێك ڕووداوی چه‌ند مانگ پێشتر وای كرد له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ سێ مانگ كوالیسیۆنێكی به‌هێز له‌ به‌رامبه‌ر پارتی دروست بكات (گۆڕان، یه‌كێتی، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو) و ٢٣ حوزه‌یران بڕه‌خسێنێت. ئه‌وڕۆژه‌ كاك نه‌وشیروان به‌ده‌نگی به‌رز پارتی له‌ مه‌یدانی سیاسی كوردستان كرده‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌بو لایه‌نی ده‌ره‌كی زیادتر هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت و قسه‌ له‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌ی ٢٠١٥/٨/١٩ هه‌تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌و ڕۆژه‌ كرا. هه‌موو گه‌یشتینه‌ قه‌ناعه‌تێك كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ٨/١٩ نه‌كرێت. به‌ڵام ئه‌م جاره‌ش كاك نه‌وشیروان هه‌ر له‌سه‌ر بۆچونه‌كه‌ی ٦/٢٣ مابو، بۆیه‌ ڕێگری له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ٢٠١٥/٨/١٩ نه‌كرد، كه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌یتوانی بیكات.
دانیشتنه‌كه‌ی پارله‌مان ژماره‌ی یاسایی ته‌واو نه‌كرد، بارگرژی نێوان ئێمه‌و گۆڕان زیادتربوو. به‌تایبه‌تی شه‌ڕی ساردی سه‌ ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. به‌ ئیعازی ڕێكخستنه‌كانی گۆڕان هێرش ده‌كرایه‌ سه‌ر باره‌گاكانمان، به‌ كورتی گۆڕان به‌ فه‌رمی حاڵه‌تی شه‌ڕی له‌ نێوانماندا ڕاگه‌یاند.
ڕۆژی ٢٠١٥/١٠/١٢ به‌نده‌ له‌و كه‌سانه‌بووم كه‌ پێم باشبو سه‌رۆكی پاڕله‌مان نه‌یه‌ت بۆ هه‌ولێر، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كا خه‌ڵكانێكی دۆست و لایه‌نگری پارتی یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌س و كار و هاوڕێیان له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی گۆڕان بۆ سه‌ر باره‌گاكانی ئێمه‌ له‌ مه‌ترسیدا بوون و ڕه‌نگبێ ئازاریشیان چێشتبێت، دڵپڕ بن و بیانه‌وێت به‌ سه‌رۆكی پارله‌مانی بڕێژن. له‌وانه‌یه‌ جوانترین لێكدانه‌وه‌ ئه‌وه‌ بێت كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی:”له‌نێوان خراپ و خراپترا، خراپه‌كه‌مان هه‌ڵبژارد”.
ڕۆژی ١٠/١٢ ڕۆژێكی خۆش نه‌بو، كه‌سیش نه‌ ته‌مه‌نای ده‌كرد و نه‌ ته‌مه‌نناشی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌و ڕاستیه‌ی ناشاردرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ كارا كردنه‌وه‌ی پارله‌مان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن. كێشه‌كان به‌ ڕێكه‌وتنی سیاسی یه‌كلایی ده‌بنه‌وه‌. ئیتر پاش ئه‌وه‌ پارله‌مان به‌ چه‌ند سه‌عاتێك كۆده‌بێته‌وه‌. هیوادارم هاوڕێ پاڕله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كانم ئه‌م ڕاستیه‌ش به‌ ده‌نگده‌ران بڵێنه‌وه‌.
ته‌وافوقمان وابوو سه‌رۆكی پارله‌مان له‌ گۆڕان بێت، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان موجازه‌فه‌ی به‌ سه‌رۆك پارله‌مانه‌كه‌ی خۆی كرد، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌ سیاسه‌تی ڕقه‌به‌رایه‌تی ده‌چێت.
هیوادارم پارله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كان، هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ١٠/١٢ ده‌كه‌ن، وێنه‌ سیاسیه‌كه‌ی ئه‌وكاته‌ به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌نگده‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان بكه‌ن. ئه‌مه‌ ڕوخسارێكی حوكمی ته‌وافوقیه‌، كێشه‌یه‌كی تری ئه‌م جۆره‌ له‌ حوكمڕانی له‌ دیاریكردنی پارێزگاو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن هه‌یه‌ له‌ سلێمانی. بۆیه‌ ئه‌مه‌ زاده‌ی بیری پارتی نیه‌، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حوكمی ته‌وافوقی چاوه‌ڕوانكراوه‌. دواجار پارتی به‌ ئینقیلابه‌كه‌ی ٢٠١٥/٦/٢٣ له‌ مه‌یدانی سیاسی ده‌رنه‌كرا، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌ ڕێگریكردن له‌ سه‌رۆكی پارله‌مانه‌كه‌ی نه‌توایه‌وه‌.