nebezgoran.jpg

سێ‌ حیزبەكە، سێ‌ پاسەوانەكەی سیستەم

Nov 1, 2016  |   بیروڕا 

  نەبەز گۆران

هەریەك لە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی.) هیچ نین، جگە لە سێ‌ پاسەوانی ئەو سیستەمەی كە تەواوی جومگەكانی وێران بوون. بەیاننامەكەی دەستەی حوكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمیدی بوو. تەنها یەك رستەی تێدابوو شایەنی خوێندنەوەبێت، ئەو رستەیەش بریتبوو لە دەست لە كاركێشانەوەی وەزیرەكان، ئەوەشیاندابوویە دەست حیزب، چونكە دڵنیان حیزب نایەوێت دەست لەكار بكێشنەوە. لەمە كۆمیدیتر ئەو بانگەشەی كاراكردنەوەی پەرلەمانە! پرسیار ئەوەیە كاتێك پەرلەمان كارابوو، هیچ گۆرانكارییەكی بنچینەیی رویدا و، پەرلەمان بوویە دەزگایەك بۆ چاككردنی سیستەم و، ژیانی خەڵك؟! بێگومان هەرگیز پەرلەمان شوێنێك نەبووە بتوانێت دەست بۆ بونیادی شتەكان ببات. بەپێچەوانەوە، شوێنێك بووە بۆ پەرژینكردن و جوانكردنی دیمەنە ناراستەكانی سیستەم. ئێستاش كە خەڵك سەرقاڵدەكەن بەم كاراكردنەوەیەوە، خۆ سەرقاڵكردنە بە رەواڵەتەوە. ئەم سێ‌ حیزبە هێندە رەواڵەت سازن، ناكرێت هیچ ئومێدێكیان لەسەر هەڵبچنرێت بۆ رووناككردنەوەی ئایندە. (دوای كودەتا خێڵەكیەكەی پارتی بەسەر پەرلەماندا، خەباتی پەرلەمان تەنزێكی پێكەنیناوییە لەبەردەم سیستەمێكی حیزبی فرەسیمادا.)
سیستەمەكە بەرهەمی هەردوو حیزبەكەیە. ئەوانەی لەناو ئەو دوو حیزبەن، یان ئەوانەی لەگەڵ سیستەمن، بەشێكی سەرەكی ئەو بەرهەمەن كە دەیبینین. بەرهەمەكەیان بەرهەمی شۆرشە! ئەوەی لەبەر دیدەمانە نە جێگای ئەوەیە شانازی پێوە بكەن، نە جێگای ئەوەیە بە خۆ قاڵكردنەوە بە رەواڵەتەوە چارەسەر بكرێت. ئەم سێ‌ پاسەوانەی سیستەمیش، لەتێكیان لەناو سیستەمە و لەتێكی دەنگە دەنگ كەریان لە دەرەوەی سیستەمە. لەهەموو حاڵەتێكدا هەركات سیستەم مەترسی كەوتە سەر، یا هەركات بەرژەوەندی هاتە ئاراوە، ئەم سێ‌ حیزبە دەبنەوە بە پاسەوانە خوێن شیرینەكەی سیستەم. بۆیە ناتوانرێت چاوەرێی شتی گەورەیان لێبكرێت.
گەر شاعیرانە بیرنەكەینەوە، گەر وەك مرۆڤێكی راست بین سەیری رەگوریشەی كۆمەڵگە و سیستەم بكەین. لەم دووسێ‌ ساڵەی لەبەردەماندایە، ئیدی كاتی هاتنی بزوتنەوەیەكی بێ‌ رەحمە. بزوتنەوەیەك بەر لەهەموو شت تەواوی دونیا بینی جیاواز بێت لە كۆی حیزبی كوردی. هێندە هوشیاربێت كێشە بونیادییەكانی كۆمەڵگە و حیزبی كوردی بناسێت و لە رەگ و ریشەوە هەڵیان تەكێنێتەوە. بزوتنەوەیەك بێت لەوە نەترسێت گۆرستانەكان گەورەدەبن، بەڵكو لە ئایندەیەكی تاریكی نەوەكان بترسێت. بزوتنەوەیەك  ترسی لەمەرگ بێت و ترسی لەو ئایندە تاریكە نەبێت چاوەڕێی نەوەی داهاتوو دەكات، توانای گۆڕینی بنەوانی كێشەكانی نابێت.
ئەوە تێگەیشتنێكی بێمانایە، باس لە تێكەڵكردنی دونیای نەوەی نوێ‌ و نەوەی كۆن بكرێت. دونیای نەوەی كۆن (نەوەی شۆرش) ئەوە بەرهەمەكەیان بوو بینیمان. دەبێت لەبنەماوە خۆیان فەرامۆشبكرێن و دونیاكەشیان هەڵوەشێنرێتەوە، چونكە بەرهەمی باشی لێوە بەدی ناكرێت. لەوەش بێماناتر ئەوەیە لێكدانەوە بكرێت بۆ رووداوگەلێك كە تەواوی كلتووریی بیمار كردووە. دەبێت هێزێك چاوەڕێی گۆڕانكاری ریشەی لێبكرێت، هێزەكە لەسەر بنەمایەك خۆی پەروەردەبكات، دونیایەكی تازە، دونیایەكی نوێ‌ كرۆكی بیركردنەوەكانی بێت. لەبری رەواڵەت دەست بۆ بونیادەكان ببات و لەبری كارەكتەری لێكدەرەوە، كارەكتەری خاوەن بڕیار و خاوەن جەسارەت تێیدا كۆببنەوە.
گۆڕینی ئەم كێشە گەورانە بە رەواڵەت سازی ناكرێت، بەجوڵەی راستەقینە دەكرێت. ئەو گۆرینەش لەو هێزەدا دەبینرێت، لەبری خوێندنەوە بۆ رووداوەكان، بڕیار بدات. لەبری قسەكردن، جوڵە بكات. لەبری دووبارەكردنەوەی دونیا كۆنەكەی حیزبی كوردی، لەبناغەوە هەڵی تەكێنێت.
ئایندەی میلەتێك بەم حیزبە وێرانانە نایەتە دی كە خۆیان پڕن لە دەرد و، خەریكی ئەوەن دەردەكانی خۆیان پەخش بكەن بەسەر تەواوی ژیانی تاك بەتاكدا. ئەگەر كۆمەڵگە وزەی تێدامابێت بۆ دەستكاریكردنی بنەوانی كێشەكان، دەكرێت چاوەڕیی لێبكرێت كاتێك سێوەكە بەتەواوەتی پێگەیشت، بزوتنەوەیەك بەرهەم بهێنێت، پشت لە رەواڵەتەكان بكات و، سەر لەنوێ‌ بێ‌ رەحمانە تەواوی ماڵە وێرانەكە لە بناغەوە هەڵتەكێنێت و ماڵێكی نوێ‌ دروست بكات. ئەو ماڵەی كە بۆ نەوەكانی ئایندە روناك دەبێت و، خەمی ئەوەی نەبێت دروستكردنی ماڵێكی لەو جۆرە دەنگی مەرگی تێدا دەبیسترێت. خۆ گەر كۆمەڵگە ئەو وزەیەی تیا نەمابێت، با وەك ئێستا تەماشای ئەو سێ‌ پاسەوانەی سیستەم بكات و، بۆخۆی چاوەروانی ئەو سیستەمە وێرانەبێت كە بەرهەمی دوو حیزبی وێرانە.  جیالەمە كۆمەڵگە بیەوێت شاعیرانە سەیری ئایندە بكات، باشترە دەست بۆ گۆڕینی ژیان نەبات و لە خەیاڵیدا كۆشك بۆ خۆی دروست بكات. ئەو كۆشكانەی كە پاسەوانەكانی سیستەم بۆ نائومێد نەبوونیان هەمیشە خەریكی جوانكردنیانن.