abdulla.jpg

ئەجێندای بە پارتیكردنی پەرلەمان

Oct 19, 2016  |   بیروڕا 

عەبدووڵا مەلا نوری

 
ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كۆبونەوەو لەكۆتاییدا راگەیاندراوێكی ناوەڕۆك سواویان بڵاو كردەوە.
وەك لە ناوەڕۆكی بەیانەكەیاندا دەبینرێت، دوای ساڵێك لە پەكخستنی پەرلەمان، زۆرینەی ئەو بەڕێزانە، هێشتا هەڵوێستی رۆژەكانی سەرەتای پەكخستنی پەرلەمانیان هەیەو، وەك ئەوەی نە بایان دەیبێ نە باران، زۆر خەمساردانە بەرامبەر بەدۆخی ئێستای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و، ئەو سوكایەتیانەی كە لەئەنجامی پەكخستنی پەرلەمان بەرامبەر بەدەنگدەران و خودی پەرلەمانتاران و پەرلەمان كراوە، مامەڵە دەكەن.
دەركردنی بەیاننامەی بێ كردار، درێژەدانە بەدۆخی ئێستای پەرلەمان و، لەژێر هەر پاساوێكدا بێت جێبەجیكردنی بڕیارو ئەجیندای پارتییە.
ئەجیندای پارتی روون و ئاشكرایەو، ئەجێندایەكی دوو دیوەو هەر دیوێكیان جێبەجێ ببێت لە قازانجی پارتییە:
دیوی یەكەمی: یان پەرلەمان شوێنێك بێت بۆ جێبەجێكردنی خواست و ئامانجەكانی پارتی، كە خۆی لەگۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی ئێستای پەرلەمان و، شەرعیەتدان بە مانەوەی مەسعود بەرزانی دەبێنێتەوە.
دیوی دووەمی: یان درێژەدان بە دۆخی پەكخراوی پەرلەمان.
بەمەش رۆژ لەدوای رۆژ هەم پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی دەوڵەتی و، هەم خودی ئەندامانی پەرلەمان وەك نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵك شەرعیتیان دەكەوێتە ژێر پرسیارو، هەیبەت و سەنگ و قورساییان لەناو شەقام و جەماوەردا كەمترو كەمتر دەبێتەوەو، پلانی پارتیش لەسەر سكەی خۆی دەچێتە پێش.
بەكوردی و بەكورتی مادام زۆرینەتان بەراستەخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ، بڕیارتانداوە پشت لەحەق و خەسەڵەتی نوێنەرایەتیكردن بكەن، كە خەڵك پێی بەخشیون و، لەبەرامبەردا چونەتە ژێرباری هەڕەشەو بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی، كە درێژەدانە بەبێ ئیرادەكردنی خۆتان و ئیفلیجی پەرلەمان..، ئەمە دەلیلی ئەوەیە شەرم لەخەڵك دەكەن، ئەگەرنا ئەجێندای یەكەمی پارتیتان جێبەجی دەكرد، كە گۆڕینی سەرۆكایەتی پەرلەمان و شەرعیەتدانەوەیە بە مەسعود بەرزانی!
پەرلەمانتارانی بەڕێز، ئێوە حەقە بایی ئەوە جەرائەتتان تێدا بێت خۆتان و پەرلەمانەكەتان لەو ئیحراجیە رزگار بكەن كە بۆتان دروستكراوەو، ناكرێت چیتر چاوەڕێی بڕیاری دیوەخانی سیاسیەكان بن. ئازابن و لەسەر حسابی هەركەس و لایەنێك دەبێت بڕیار بدەن. خۆ ئەگەر ئەوەتان پێ ناكرێت ئیدی بۆ عینوانی نوێنەرایەتی لە خۆتان ناكەنەوە؟ فەرمون بە فعلی خۆتان لەكۆڵی خەڵك بكەنەوە.