sirwan-ali.jpg

كێ په‌رله‌مان به‌گه‌ڕده‌خاته‌وه‌؟ ‌

Oct 20, 2016  |   بیروڕا 

سۆران علی‌

هیچ كات به‌قه‌د ئێستا، كه‌ عیراق‌و ناوچه‌كه‌ به‌ڕووداوی گه‌وره‌‌و كاریگه‌ردا تێپه‌ڕده‌بن، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌په‌رله‌مانێك نه‌بووه‌ ببێته‌ مه‌رجه‌ع بۆ وه‌رگرتنی بڕیاره‌ هه‌ستیار‌و چاره‌نووسسازه‌كان، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵیشدا، كه‌ كه‌وته‌ سه‌روبه‌ندی یادی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر په‌كخستنی ئه‌و په‌رله‌مانه‌دا، پێویستییه‌كه‌ هێنده‌ی تر زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كان، ئاسۆی چاره‌سه‌ر هێشتا نادیاره‌.

له‌دوای 12ی ئۆكتۆبه‌ری 2015وه‌ چه‌ندین پێشهاتی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی‌و ئابووریی په‌یوه‌ست به‌عیراق‌و هه‌رێم هاتنه‌ئاراوه‌، به‌ڵام په‌رله‌مان وه‌ك ناوه‌ندێكی دیموكراتیی هه‌ڵبژێردراو به‌ده‌نگی خه‌ڵك، له‌هه‌موویاندا نادیار‌و بێ رۆڵ بوو، له‌و پێشهاتانه‌دا هه‌ر بڕیارێك درابێت یان هه‌ر هه‌ڵوێستێك وه‌رگیرابێت، تاكه‌ كه‌سی یان تاك حزبی بووه‌و گوزارشت نه‌بووه‌ له‌ڕای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ربۆیه‌ لاوازی‌و ناته‌بایی‌و په‌رته‌وازه‌یی لایه‌نی كوردییان تێدا به‌ڕوونی ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.
سه‌ره‌نجامیش جیهان وێنه‌یه‌كی سلبـی له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌ دیموكراتییه‌ «ده‌گمه‌ن»ه‌كه‌مان وه‌رگرت، سه‌نگی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌ییشمان پاشه‌كشێی زۆر كرد‌و باڵاترین دامه‌زراوه‌ی یاسادانان‌و چاودێریشمان له‌ به‌جێمانێكی گه‌وره‌دایه‌ له‌كاروانه‌كه‌، ته‌نانه‌ت له‌ئاست په‌رله‌مانی عیراقیشدا، كه‌ تائێستا به‌یاسا‌و ده‌ستوور به‌شێكین لێی.
به‌درێژایی ئه‌و ساڵه‌ چه‌ندین هه‌وڵی جددی‌و خه‌مخۆرانه‌، به‌ڵام بێ ئه‌نجام، له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی‌و حزبی‌و ده‌وڵه‌تی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌دا ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن خودی په‌رله‌مانتارانیشه‌وه‌، به‌ئامانجی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مان دران، له‌وماوه‌یه‌دا زۆر شت گۆڕان، سیاسه‌ت‌و به‌رنامه‌‌و بیركردنه‌وه‌‌و دید‌و تێڕوانینی زۆر لایه‌ن به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج‌و پێویستییه‌كانی داڕێژرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ پێداگریی هه‌ردوو لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌كێشه‌كه‌ بوو (پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان) كه‌ به‌هه‌مان نه‌فه‌س‌و زمانی رابردوو ده‌یانخسته‌ به‌رباس‌و گوزارشتیان لێ ده‌كرد.
ئه‌گه‌رچی پاش یه‌ك ساڵ له‌ڕووداوه‌كه‌ی بازگه‌ی شێراوه‌ی هه‌ولێر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌ڵێت: «نه‌ك لێی په‌شیمان نین، به‌ڵكو زۆریش ئاسووده‌ین»، به‌ڵام ناكرێت ئه‌م قسه‌یه‌ وه‌ك هه‌ڵوێستی ره‌سمیی پارتی له‌قه‌ڵه‌مبدرێت، چونكه‌ پێشتر چه‌ندین به‌رپرسی هه‌ره‌ باڵای پارتی دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ رێگرییكردن له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان كارێكی خراپ بوو، به‌ڵام ئه‌وان «له‌نێوان خراپ‌و خراپتریندا، خراپیان هه‌ڵبژاردووه‌»، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داننان به‌هه‌ڵه‌دا وه‌ك ده‌وترێت «فه‌زیله‌» بێت، خۆ هه‌ر ده‌بێت هه‌نگاوێكی بۆ سڕینه‌وه‌ یان هیچ نه‌بێت قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی یاخود پارسه‌نگدانه‌وه‌ی به‌كردارێكی دروست‌و قبوڵكراو، به‌دوادا بێت.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش، كه‌ خۆی باش ده‌زانێت چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نیا به‌بڕیارێكی رێككه‌وتن له‌سه‌ركراوی پارتی دیموكرات‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دێته‌دی، كه‌چی دێت‌و ده‌ڵێت: «له‌نزیكترین كاتدا‌و دوای كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان، هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و سه‌رپێخستنی هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانتاران، ده‌گرینه‌به‌ر». بێ گوێدانه‌ ئه‌و راستییه‌ی، كه‌ شكست‌و نائاكامیی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی پێشوو، نه‌بوونی زه‌مینه‌یه‌ك بووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ری چاوه‌ڕوانكراو، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ش خۆی له‌لێكگه‌یشتنێكی پێشوه‌ختی هه‌ردوو به‌ره‌ی كێشه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.
روون‌و ئاشكرایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی بانگهێشت بۆكراوی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان، كه‌ دوێنێ 19ی مانگ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی دانراو به‌ڕێوه‌چوو، ئاكامه‌كه‌ی له‌هه‌نگاوه‌كانی رابردوو باشتر نابێت، كه‌ نه‌یانتوانی هیچ شتێك پێش‌و دوابخه‌ن، هۆكاره‌كه‌ش وه‌ك رۆژی رووناك دیاره‌، ئه‌ویش ئاماده‌نه‌بوونی فراكسیۆنی پارتییه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ لایه‌نی سه‌ره‌كی دووه‌می سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كه‌یه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا.