goran-mhemed.jpg

پەڕ پەڕ

Oct 8, 2016  |   بیروڕا 

گۆران محەمەد

 

سادەترین پێناسەی گەندەڵی، ئەوەیە كەسێك هیچ كارنەكات و مووچە لە داهاتی گشتی وەربگرێت. ئێستاكێ ئەم پێناسەیە كتومت بەسەر (پەڕ)لەمانتێرانی كوردستاندا جێبەجێ دەبێ، جا تۆ مووچەی بێكاركردن وەربگریت و چەرمی رووشت هێندە قایم بێ شەڕە دەنووكیش لەسەر تیڤییەكان بكەی، ئەوە هەق وایە ناویشت پەڕلەپێ بێ نەك (پەڕ)لەمانتێر، ئاخر كۆتری پەڕلەپێش هەر بە چەپڵە و فیكە دەكەوێتە تەقلەلێدان، هەرچەندە ئێوە چەشنی كۆتر نین، ئاخر ئێوە بە فیكە و چەپڵە، تەقلە بە رەشوڕووت لێدەدەن.

عەوام فەقیرن، وەكو كڵاوكوڕە كەویكراون، دەنا هەق وابوو میللەت (پەڕ) لەمان و لەوان و ئەوانی دیكە و هەموو ئەو تەیرە عەجایبانە بكاتەوە. ئاخر كەسێ بێكار دانیشێ و چەند ملیۆنێ لە باخەڵ بنێ و خەڵكی برسیش هان بدا، هەر هی ئەوەیە پەڕ و باڵی بكەی جا (مان) بێ یان (ومان)، ئاخر بە تەنیا (مان)ەكانی ناو پەڕلەمان بێئیش و زۆربڵێ نین، (ومان)ەكانیش قسوورییان نەكردووە، ئەگەر عەوامی كڵاولەسەرنراو رۆژێ بەخەبەر هات و هەندێ پەڕی لە (پەڕ)لەمان كردەوە، خەراپ نابێ بە شیلە و ڤییت، نەختێ لە پەڕی (پەڕ)لەومانتارانیش بكاتەوە.

توخواكەی ئەوە ئەنجوومەنی نیشتیمانییە یان ئەنجوومەنی گەڕەكە؟ نوێنەرانی گەلن یان هی دەزگاكانی راگەیاندن، ئاخر هەرچی بێژەر و پەیامنێری بێئیشە لەوێ كۆبوونەتەوە، پێدەچێ حیزبەكانیان باش لەوە حاڵیی بووبن كە كاری ئەوان هەر قسە و زۆرگوتنی بێعەمەل دەبێ، ئەوە بۆیە پەڕلەمانیان تژی مەلا و كەونە ڕۆژنامەنووس و خەڵكی زمانلووس كرد.

جا قوربان (پەڕ)لەمانتێر لە ژاوەژاودا حەز دەكات هەمیشە لەسەر (پەڕ) بێت. بۆ كاری قۆڕ، ماشێنیشی پێ نەبێ ئامادەیە سواری دەم(پەڕ) بێت. دەزانم خەیاڵتان بۆ چی دەڕوات، مەخابن سەرنووسەر نایەڵێ وشەی قۆڕ تێ(پەڕ) بێت. بێئیش و بێكاری (پەڕ)لەمانتێر، هەر لە سەحەرەوە تا زەردە(پەڕ)، دەلێسنەوە شا(پەڕ). قوتابی هەر سێ مانگی هاوین پشوویەتی، لای ئەمان دوانزدە مانگی ساڵە پووش(پەڕ)، زۆربەتان چرچ و چڵكن و (پەڕ)پووت بوون، پارە و گەشت و سەیرانی (پەڕ)لەمان حەوت دەردی لە گیانتان (پەڕ)اند. (پەڕ)لەمانێ شەش یاسای ماقووڵی نەپەژراند، هەتا سەرۆكەكەیان لە پردێوە دەر(پەڕ)اند، دەڵێی هەر بۆ یوسفی وتووە مام هێمنی موكریانی

بوومە ئاوارە و (پەڕ)یوەی دوور وڵات
كەوتمە نێو وردە داوی رێی نەجات

……

پەڕ پەڕ: گەڵا گەڵا، لاپەڕ لاپەڕ
ڤییت: شیلەیەكی ئامادەیە بۆ موو لابردن
شاپەڕ: پەڕی گەورە
پووشپەڕ: یەكەمین مانگی هاوین