aza-hesib-qeredaxi.jpg

هۆكارەكە سەربەخۆییی كوردستانە

Oct 10, 2016  |   بیروڕا 

ئازا حەسیب قەرەداخی

لەم رۆژانەدا ساڵێك بەسەر رووداوگەلی پەلاماردان و سووتاندن و تاڵانكردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان تێپەڕی.
ئەو رووداوانە دوابەدوای كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی لە 18ی ئایاری 2015دا لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لەناویشیاندا نوێنەرانی پێكهاتە نەتەوەییەكان روویان دا.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ورد و درشتی ئەجێنداكانی گەشتی وەفدە كوردستانییەكەی بۆ ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی بەڕێزیان بۆ ئامادەبووان باس كرد. گرینگترین ئەجێندایش سەربەخۆییی كوردستان بوو. لەو كۆبوونەوەیەدا بۆ ئەم كارە چارەنووسسازە ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆییی كوردستان پێك هێنرا و ئەندامەكانی و ئەركەكانی دیاری كران. بڕیار وابوو ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆییی كوردستان كار بكات بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عەرەبی، بۆئەوەی سەربەخۆییی كوردستان بە شێوازێكی سەردەمیانەی هەماهەنگ لەگەڵ ئاشتەوایی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا بێتە دی. هەروەها ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆییی كوردستان گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدادا بكات، چونكە پەیوەندی باشی نێوان ئەم دوو دراوسێیە یەكێكی ترە لە ستوونەكانی سەركەوتنی ئەم ئاواتە چارەنووسسازە. لە سەرینی ئامادەكاریی ناوخۆیییشەوە ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی، هاوكاریی پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی ئامادەكردنەوەی دەستووری بكات بۆ ئەوەی لەسەر سیستەمی سیاسی و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ڕێك بكەون.
هەروەها چارەسەركردن و سازانی هەموو پرسە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەكان ئەركێكی دیكەی ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆییی كوردستان بوو كە تێیدا، سیستمی سیاسی، یەكخستن و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، دیاریكردن و جێگیركردنی سنووری كوردستان بابەتە بنەڕەتییەكان بوون. یەك هەفتە دوای ئەو كۆبوونەوەیە، كە بڕیاربوو ئەو ژوورە دەست بكات بە كارەكانی، خۆدزینەوەی لایەنەكان دەستی پێ كرد. تەنانەت لێدوان و گوتاری راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانەكانی سەدوهەشتا پلە گۆڕا و گێچەڵ و هێرش و بیانووهێنانەوە دەستی پێكرد.
تا پاشی 37 رۆژ، لە 23ی حوزەیراندا كودەتا سازانشكێنییەكەی ناو پەرلەمان كرا.
ئیتر دوابەدوای ئەوە، وەكوو زنجیرە، روودا و لەدوای رووداوی بەدوادا هێنرا، تا گەیەنرایە ئەوەی هێرش بكەنە سەر بارەگاكانی پارتی لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و دەوروبەریان. بەواتایەكی دیكە رووداوەكانی مانگی دەی پار، كوتوپڕ و لەناكاو نەبوو، بەڵكو لە مانگی پێنجەوە ئامادەكاری بۆ كرا.

لەو نێوانە زەمەنییەدا، هەموو هەوڵە سیاسییەكان لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانەكانییەوە دەگەیەنرانە بنبەست. هەرچیی كۆبوونەوەیەك دەكرا بە یەك دەرەنجام تەواو دەبوو، كە كودەتاچییەكان رایاندەگەیاند كۆبوونەوە بێ سوودە و نامانگەیه‌نێتە چارەسەر، لە بری كۆبوونەوە بەدیلمان هەیە. تا دەرەنجام دەركەوت بەدیلییان بۆ كۆبوونەوە سووتاندنی بارەگاكانی پارتییە. ئەم وەبیرهێنانەوەیە بۆ دوو مەبەستە:
یەكەم: هۆكاری راستەقینەی گێچەڵەكان و پاشان كودەتاكەی 23ی حوزەیران لەناو پەرلەمان و دواتر پەلاماردانی بارەگاكانی پارتی، سەربەخۆییی كوردستان بوو، كە سەرۆك بارزانی كاری بۆ كرد و بیردیە سەر مێزی زلهێزانی جیهان و ویستیشی لەناوخۆدا كۆدەنگی و كۆكاری بۆ بكات.

دووەم: رووداوەكانی ساڵی پار تەنانەت ئەمانەیشیان كە ئێستا دنەی دەدەن و هەر ئاگر دەخەنە ژێری تا كڵپە بسێنێ، هەرگیز خۆڕسكانە و لەناكاو و بێ ئاگاداری حزبگەلێك روویان نەداوە. هەر ئەوانیش كە دروستكەر و پێشڕەوی ئەو رووداوە كودەتاییانە بوون، بێگومان دەرەنجامەكانیشیان لێ چنیوەتەوە كە هیچ بووە.

ئەوان هیچیان دەست نەكەوت و زۆریشیان بەو هۆیانەوە دۆڕان، تەنانەت ئیرادە و بڕیاری سیاسیشیان لە دەست دا. بە پێچەوانەی ئەوانیشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە سووتانی بارەگاكانی و گوشاری ئیرهابیانە بۆ سەر ئەندامان و لایەنگرانی زیانی پێكەوت، بەڵام هاوكات دەستكەوتی مەزنی لە تۆماری ئێستا و ئایندەدا چنییەوە و سەلماندی خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی و بەرچاوی رۆشنە بەرەو كوێ هەنگاوی خەبات دەنێ و پشت ئەستوورە بە گەلی كوردستان و مافە رەواكانی.
دەستكەوتی پارتی دواجار لەوەدا چڕ بووه‌وە، كە شەڕی كوردستان لەگەڵ داعش بە سەركەوتنی كوردستان تەواو بووە و دواقۆناغیشی وەكوو سەركەوتنێكی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە و كوردستان تۆمار دەكرێ. پەیوەندی هەولێر و بەغدا بە ئەجێندای سەربەخۆییشەوە رێكوپێكتر كراوە و چاوەڕوانی زیاتریشی لێ دەكرێ.

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكەیش بە ئاقاری پشتیوانی زیاتر و دۆستایەتی چاكەبەخش و بەرژەوەندیی دامەزراوتر دەڕوا. كاروانی خەباتیش بۆ سەربەخۆیی نەوەستا و لە ئاسۆی روون نزیكتر بووەتەوە.