ئاشنا عەبدولآ
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە، پێویست ناكات جارێكی تر بوترێتەوە بۆچی و لە پێناوی چیدا پەكخرا، چونكە وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر باش رونە لەلای هاوڵاتیان و هەموو هێزەكانی هەرێمی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە.
ئەوەی ئێستا گفتوگۆی جدی لەسەرە، پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانە، كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و زۆرینەی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان جگە لە فراكیسیۆنی پارتی گفتوگۆی لەسەر دەكەن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ كاتێك ویستێكی لەو شێوەیە هەیە، بۆ كارای ناكەنەوە؟ رێگریەكان چین؟ بۆ هەنگاوەی بۆ نانرێت؟ ئایا بەڕاستی ئیرادە هەیە؟
كاتێك فراكسیۆنی یەكێتی باس لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكات، ئایا ئەمە بۆچونی هەموو پەرلەمانتارەكانی و ئەو باڵانەیە كە ئێستا بەدوو ئاراستەی جیاواز خۆیان كار لەناو یەكێتیدا دەكەن؟ كاتێك یەكگرتوو دەڵێت ئێمە ئامادەین پەرلەمان كارا بكرێتەوە، ئایا لە هەرشوێنێكی هەرێمی كوردستان بێت بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان دەكەن؟ ئەمەش بۆ هەموو فراكسیۆن و هێزەكانی دیكەی ناو پەرلەمان هەر راستە.
ئەوەندەی تێبینی دەكرێت ئەمە تەنها قسەیەكە و ئیرادەیەكی جدی نیە، بە بەڵگەی ئەوەی كە لە چەند رۆژی رابردوو كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی حەوت فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان كە سەرجەمیان شەست و دووئەندامی پەرلەمان پێكدێنن و نیسابی یاسایی بەزیادەوە تەواو دەكەن، نەیانتوانی بڕیاربدەن بۆ كۆبونەوە.
ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە كە درێژەپێدان بەم كۆبونەوە بێ بڕیارانەیان هیچ هیوایەكی لێ سەوز نابێت، لە كاتێكدا چاوەڕوان دەكرا كاتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری بكرێت نەك بەبڵاوكردنەوەی بەیانامەیەكی ناوەڕۆك دووبارە؛ كۆبونەوەكە كۆتایی پێبهێنن.
بابەتێكی تر كە پێویستە گفتوگۆی لەسەر بكرێت ئەوەیە، ئایا لە دوای كاراكردنەوەی؛ پەرلەمان جارێكی تر دەتوانێت دەست بكاتەوە بە گفتوگۆكردن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم؛ ئەو پرسەی لەپێناویدا پەرلەمانی بۆ پەكخراو هەرێمیشی توشی ئەم رۆژگارە كرد؟ ئەگەر ناتوانن؛ باشتر وایە هەر باس لە كاراكردنەوەی نەكرێت.
پارتی كاتێك وەزیرەكانی گۆرانیان لە حكومەت دورخستەوە باسیان لەوەدەكرد بنەمای تەوافقی نیشمانی شكێنراوە كە حكومەت و پەرلەمانی لەسەر پێكهێنرا، بۆیە لەئێستادا پێویستە لەژێر رۆشنایی ئەم قسانەی پارتی لەبارەی شكاندنی تەوافقی نیشمانیەوە، كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو فراكسیۆنانەی لەگەڵ كارابونەوەی پەرلەماندان كار بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمان بكەن و كۆتایی بەو كودەتایە بهێنرێت كە بەسەر شەرعیەت و دیموكراسیداكرا.