رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، "ناکۆکی لەسەر کورسی پێکهاتەکان بیانوویەکە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا نەکرێت"؛ لەبارەی راپۆرتی ئینستیتوتی پەی بۆ هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ''ئەو ئامارانە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکیان نییە و ئێمە ئاماری فەرمی لە ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکەینەوە.''
رۆژی دووشەممە 06-03-2023، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوراز گوڵپی و نالین حەسەن پێشکێشیان کرد، رایگەیاند: مەرج نییە هەموو پەرلەمانتارێک لە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان قسە بکات، ئاماری راپۆرتەکەی ئینستیتوتی پەی بۆ کاری پەرلەمانی کوردستان هیچ بنەمایەکی نییە.
ئینستیتوتی پەی کە پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستانی گرتووەتەوە ئەستۆ، راپۆرتی 11هەمینی لەبارەی کار و چالاکیی خولی گرێدانی پاییزە (لە 1ی ئەیلوولی 2022 تاوەکو 28ی شوباتی 2023) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی 31 ساڵە و پێنج خولی تێپەڕاندووە، بەڵام "ئەوەی جێگەی سەرنجە خول لە دوای خول رێژەی بەشداری دەنگدەرانی لە دابەزیندایە و هیچ کام لە خولەکانیش بەپێی یاسا بەڕێوەنەچوون و لەکاتی خۆیانیش هەڵبژاردنیان نەکردووە و لە بواری یاسادانانیش لە پاشەکشەدایە و چاودێری لاوازە."
ئینستیتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ماوەی نۆ ساڵە بە هاوكاری و پشتیوانی رێكخراوی سندووقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) ی ئەمەریكی (پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان)ی گرتووەتە ئەستۆ و تائێستا 11 راپۆرتی لەسەر پەرلەمان بڵاوكردووەتەوە.
مونا قەهوەچی دەڵێت، ئاماری فەرمی کار و چالاکیی پەرلەمانتاران، لە ماڵپەری فەرمیی پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکرێتەوە، ''با ئینستیتوتی پەی پشت بەو ئامارە ببەستێت، ئەو کات ئێمە هاوکاریان دەبین، بەڵام بەو شێوازە بە شکاندنی پەرلەمانتار و لەنێو خەڵکدا کە زۆر بە دەگمەن دەزانن دانیشتنی پەرلەمان پێویستە هەموویان قسە بکەن یان نا، ئەوە ناشرینکردنی پەرلەمانتارانە.''
لەبارەی ژمارەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئینستیتوتی پەی دەڵێت: "لە 06-11-2018 تاوەکو 28-02-2023 واتا لە کۆی چوار ساڵ و سێ مانگ و 24 رۆژ تەنیا 114 دانیشتن کراوە، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەو دەبوایە بەلایەنیکەمەوە پەرلەمان 331 دانیشتنی بکردایە."
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیدا، گرنگ نییە دەرکردنی یاسا زۆر بێت، ئەوە بۆ چالاکی پەرلەمان هەڵسەنگاندن نییە، ''چونکە کاتێک بۆشاییەکی یاسایی هەبوو پێویست بە دەرکردنی یاسا دەکات، بەڵام بەشێکیان کە لەگەڵ یاسا بەرکارەکان یەکدەگرنەوە، پێویست ناکات دووبارە یاسایەکی دیکە دەربکرێت.''
ئینستیتوتی پەی "نازانێت" پەرلەمانتاران لەم خولەدا چەند پرسیاریان لە بەرپرسان کردووە و دەڵێت: "ئەوەی تەنیا لەبەردەستە وەڵامنەدانەوەی پرسیارەکان لەلایەن بەرپرسانەوە بووەتە نەریت و ئەندامان بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لە 15 دانیشتنی پەرلەمانیشدا تەنیا چوار ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەبوون ئەوانەش لەکاتی پەسندکردنی یاساکاندا نەک بەمەبەستی بەدواداچوون و لێپرسینەوە."
مونا قەهوەچی، لەوبارەوە گوتی، ئەوە هەڵسەنگاندن نییە کە پەرلەمانتارێک قسەی نەکردبێت پەرلەمانتارێکی چالاک نییە، ''د. سەروەر عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری پڕۆژە و راپۆرتەکەی ئینستیتوتی پەی، خۆیشی پەرلەمانتار بووە و لەوانەیە ئەگەر بەدواداچوونی بۆ بکات، لەنێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان کەمتر لە پەرلەمانتارە بەڕێزەکانیش قسەی کردبێت، بەڵام ئەوە مەرج و هەڵسەنگاندن نییە بۆ پەرلەمانتار.''
لە خاڵی پێنجەمی راپۆرتەکەی ئینستیتوتی پەی دا هاتووە، ''لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان تەنیا 15 دانیشتنی کردووە و 60 کاژێر و 11 خولەک کۆبووەتەوە، لەکاتێکدا بەپێی پەیرەو دەبوو بەلایەنیکەمەوە 51 دانیشتن بکات و 153 کاژێر کۆببێتەوە.''
ئەوە لەکاتێکدایە، مونا قەهوەچی دەڵێت، ''لە خولی رابردووی پەرلەمان، بەراورد بە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، گرنگتین یاساکان دەرکراون و نزیکەی سەرووی 50 یاسامان دەرکردووە، هەموو پەرلەمانتاران کارەکانی خۆیان زۆر بە باشی ئەنجامداوە.''
مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە کێشە و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان زیاتر بێت، کاریگەری لەسەر کار و چالاکیی پەرلەمانیش هەیە بەڵام ''هەمووکات هەوڵمانداوە ئەو رەنگدانەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان لە کەمترین ئاستدا بێت.''
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەپێی پێویست هاوکاری پەرلەمان نەبوون و ''سەرەڕای ئەوەی کە بەڵێنیان دا هاوکارمان بن، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان نەمانتوانی وەکو خۆی بەڵێنەکانی پەرلەمان جێبەجێ بکەین.''
مونا قەهوەچی پێیوایە، هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان، چاویان لە مافی پێکهاتەکانە و ''ئێمە خوازیار بووین لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، بۆ مافی زیاتری پێکهاتەکان شەڕ بکەن نەک چاویان لە مافی پێکهاتەکان بێت.''
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان زیاتر روونکردنەوە دەدات، یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و ''ئەو فراکسیۆنانەی کە پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیان پێشکێشکردووە، بەبێ ئەوەی تێڕوانین و بۆچوونی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێت، کورسی کۆتاکانیان بەسەر چوار بازنەدا دابەشکردووە''؛ دەشڵێت، مافیان نییە لەبری ئەوان بڕیار بدەن.
هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیانوایە پەرلەمانتاری پێکهاتەکان، نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەی خۆیان ناکەن و کورسی کۆتاکان بووەتە پشکێکی حیزبی بۆ لایەنە سیاسییەکانی دیکە.
مونا قەهوەچی ئاماژەیدا، ''ئێمە پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ کورد هەیە، لە نێو هێزە سەربازییەکانیش، جێگەی داخە بەو شێوە زەقە خەڵکیان چەواشە کردووە کە پێکهاتەکان بە رێنوێنی دەنگیان پێدراوە، ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە.''
یەکێتیی نیشتمانی لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر بازنەکاندا خوازیاری ئەوەیە 4 کورسی بۆ سلێمانی بێت، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئەوە بە "ناحەق" دەزانێت، ''ئەگەرنا لە 2009 وە سیستمی کۆتا هەیە، بۆچی تاوەکو ئێستا بیریان لەوە نەکردووەتەوە یاسای سیستمی کوتا هەموار بکرێتەوە و مافی ناوچەکانی کفری، کەلار و ئەوانەی دیکە لەبەرچاوبگرن؟''
مونا قەهوەچی جەختی لەوە کردەوە کە کێشە دروستکردن لەسەر کورسیی کۆتاکان ''تەنیا بیانوو دروستکردنە بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.'' و دەشڵێت، ئەوەیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بە راشکاوانە باسکردووە.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە پێکهاتەکان لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنن، بەڵام بە شێوەی یەک بازنەیی، ''پڕۆژەکە 26 مادەیە و تەنیا یەک مادەیان زەق کردووەتەوە کە هی پێکهاتەکانە، بۆ ئەوەی خەڵک بڵێن پێکهاتەکان رێگرن لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، ئەوەش تەنیا مەرامی سیاسی لەپشتە.
مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوە کرد، بە نووسروای فەرمی داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، رێگربن لە دەستوەردانی کاری پێکهاتەکان و گوتیشی، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان مەرجی ئەوەیان هەیە کە ''هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی بۆی نییە لیست بۆ ئێمە دروست بکات و هاوشێوەی پەرلەمانی عێراق، تەنیا دەبێ ئەو لایەنانەی مۆڵەتیان پێدراوە کاری سیاسی بکەن، وەکو لیست لە هەڵبژاردنەکانی پێکهاتەکان بەشدار بن."
لینكى ههواڵهكه: