beyannameyrykxrawekan1222025.jpg

ئێوە دەتانەوێت لە پێناوی ژیانی ئێمەدا بمرن، بەڵام ئیمە ژیانی ئێوەمان دەوێت نەک مردن

Feb 11, 2025  |   هەواڵەکانی پەی 

وتاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ پشتیوانی مانگرتووان

 

مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەمڕۆ پێی نایە رۆژی پانزەهەمینەوە، داواكارییەكانیان کە لە چوار خاڵدا خۆی دەنوێنێ، سەرەتایی و یاسایین، کە لەلایەن دەسەلاتەوە لە خەڵكی كوردستان زەوت كراون و ئەوان بە مەدەنیانەترین شێوازی سەردەم داوای گێڕانەوەیان دەكەن، سور بوونیان لەسەر داواکانیان بە جۆرێک کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیان هەیە لە لێواری مەرگ نزیکی کردوونەتەوە، کە بەپێی راپۆرتی لیژنە پزیشکییەکان هێز و توانایان لێبڕاوەو لە ئەگەری بەردەوامبوونیاندا گیان لەدەست دەدەن، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە هۆكاری ئەو نەهامەتیانەن، نەك هەر گوێیان لێ نەگرتن و لە خەمی تەندروستیاندا نەبوون، بەڵكو كەوتنە سوكایەتی و ناو و ناتۆرە نانەوەش، تەنانەت بەشێوازێکی نامەدەنیانە و بە توندوتیژترین شێواز کەوتنە گیانی هاوڕێکانیان لە بازگەی دێگەڵە کە بەشێوەیەکی هێمنانە بە قەڵەمێکەوە بۆپشتیوانی ئەوان بەرەو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێری پایتەخت بەڕێ کەوتبوون.

لەبەرامبەردا، ئێمەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، وێڕای ئەوەی داواكارییەكان بە ڕەوا دەزانین، لەیەكەم ساتیشەوە پاڵپشتیمان لێكردوون، هەمیشە هەوڵمانداوە پردێك بین لەنێوان مانگرتووان و دەسەڵاتدا، بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنی باشتر هەبێت و رێگری لە دروستبوونی گرژی و پەشێوی بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش یادداشتمان پێدان، داوا و تکامان لێکردن، بەڵام بەداخەوە وەك هەمیشە ئەم دەسەڵاتە هیچ هەنگاوێكیان نەنا و گوێیان نەگرت. لە ئێستاشدا ئەگەر ئەوان دوای پانزە رۆژ، بێباكن لە مردنی هاوڵاتیان و خۆیان بەخاوەنیان نازانن! ئێمەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، وەك ئەوان نین، خۆمان بە خاوەنی خەڵک و خاك و خۆڵ و دارو بەردی ئەم كوردستانە دەزانین، ئەو مانگرتووە قارەمانانەش کە ویژدانی زیندووی گەلی کوردستانن، خوشك و برا و كچ و كوڕانی ئێمەن، ناتوانین دەستبەرداریان بین و لەسەر بێباكی دەسەڵات دەستیان لێ هەڵبگرین، ئەگەر ئەوان بێباكن لەمردنیان، هەروەك لەرابردوشدا بێباك بوونە لە مردن و برسی کردنی هاوڵاتیان، ئێمە قارەمانەكانی خۆمان، ئەو دڵە زیندوانەی خەڵکی کوردستان دەپارێزین و رێگە نادەین بەبەرچاومانەوە گیان لەدەست بدەن، دەیانپارێزین و بۆ قۆناغی داهاتووی ئەو خەباتە مەدەنیە، هەموومان بەیەکەوە خۆمان سازدەدەین، بۆ چالاکی مەدەنی جۆرا و جۆر و کاریگەر. 

مانگرتووانی بوێر بەم کارەیان کۆمەڵێک دەسکەوتی گرنگیان بەدەست هێنا، لەوانە: توانیان جۆشی خەباتی مەدەنی بدەنەوە، یەکڕیزی هاوڵاتیان پتەو بکەنەوە، سەرباری جیاوازییەکان بۆ یەک ئامانجی هاوبەش ئاراستەیان بکەن، گیانی بەرەنگاری لەناخی خەڵکی بەشخوراودا زیندوو بكەنەوە و بۆ قۆناغی داهاتوو باشتر ئامادە و رابەرایەتیان بكەن، توانیان لەسەر حیسابی تەندروستی خۆیان و قورسایی خستنە سەر ژیانی خێزان و کەس و کاریان، بۆ هەموو لایەكی بسەلمێننەوە كە ئەم دەسەلاتە گوێ لە هیچ داواكارییەكی مەدەنی ناگرێت، کە بە نزیكبوونەوە لە مەرگ شەرمەزاری ئەو دەسەلاتەیان بۆ هەموو لایەک سەلماندەوە. 

بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتانە و هێنانەدی ئامانجە ستراتیجییەکانیان، لەم کەڕنەڤاڵە فراوانەدا، وێرای رێزمان بو ئیرادە و سوربونی مانگرتووان لە سەر بەردەوامی مانگرتنیان و پەروشیمان بو ژیانی ئەوان ،داواكارین لە خوشك و برا مانگرتووە خۆڕاگرەکان، لەسەر داوای ئێمە کە لە (١٢٠) ڕێكخراو پێکهاتوین لە سەرتاسەری ‌هەرێمی کوردستان، لەسەر داوای سەدان نوسەر و روناكبیر و رۆژنامەنوس و پیاوانی ئایینی و كەسایەتی و هەزاران هاولاتی پەرۆش و دڵسۆز، كۆتایی بە مانگرتنەكە بێنن و خۆمان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بكەین، بە میکانیزمی تر و رێگەی تری خەباتی مەدەنی درێژە بەو کاروانە بدەین، تا ئەو رۆژەی دەگەین بە ئەنجام و مافە رەوا زەوت کراوەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست دەهێنینەوە کۆڵنادەین.

سەربەرزی و سەلامەتی بۆ مانگرتووانی قارەمان.

پڕ شکۆبێت خەبات و هەوڵەکانیان

لەگەڵ رێزدا

١١  شوباتی 2025