desteymafimrov.jpg

پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەر گردبونەوە گرژیەکانی بازگەی نێوان هەولێر_کۆیە.

Feb 10, 2025  |   هەواڵەکانی پەی 

ئەمڕۆ دووشەممە،٢٠٢٥/٢/١٠ ، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیێندراوێکی لەبارەی هاتنی خۆپێشاندەرانی سلێمانی بۆ هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای رووداوەکەوە بەدواداچوونیان کردووە، بۆ ئەوەش قسەیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کرد و ئەو گوتوویەتی بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە رێگە بە خۆپێشاندەران نەدراوە بێنە هەولێر.

ڕۆژی ٩ی شوبات ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەر لەشاری سلێمانیەوە بەرەو شاری هەولێر هاتن بۆ ئەنجامدانی گردبونەوەیەک بە مەبەستی گەیاندنی چەند پەیامێک لەسەر موچەو مافە داراییەکانی موچەخۆران.
دوای گەیشتنیان بۆ بازگەی نێوان هەولێر_کۆیە لەلایەن پاسەوانانی بازگەکە ڕێگریان لێ کرا کە بێنە شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی وەک ئیدارەی بازگەکە دەڵێن ئەو کەسانە مۆڵەتی گردبونەوەیان نەبوە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە.
دواتر خۆپیشاندەران ویستیان بازگەکە تێ پەڕێنن توندوتیژی و گرژی دروست بوو لەنێوان هەردوولاو چەند کەسێک زامدار بوون،  گازی فرمێسک ڕژێن لەلایەن هێزە ئەمنیەکان بەکارهێنا. 
بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی دەستە سلێمان محسن پەیوەندی بەپارێزگاری هەولێرەوە کرد سەبارەت بە هۆکاری ڕێگەنەدان بە خۆپیشاندەران ناوبراو ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەوەی هیچ کەسێک داوای مۆڵەتی نەکردوە نازانرێ خۆپیشاندەران کێن بۆیە بەپێی یاسای خۆپیشاندان ڕێگەیان پێ نەداون.

هەرلەهەمان ڕۆژدا ژمارەیەک لەمامۆستایان لەشاری هەولێر بۆ هەمان مەبەست گردبونەوە دوای کەمتر لەیەک کاتژمێر بەرزکردنەوەی داواکاریەکانیان کۆتاییان بە گردبونەوەکەیان هێنان.

هەرچەند هەواڵی ئەوە بڵاو بۆوە کە چەند کەسێک دەستگیرکرابن بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی تایبەتی دەستە کەپێکهاتبوون لەهەردوو بەڕێوەبەری گشتی یاسای و پەیوەندییەکان وڕاگەیاندن سەردانی ئاسایشی هەولێریان کرد لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێرەوە پێشوازی لێکرا و ڕایگەیاند هیچ خۆپیشاندەرێک دەستگیر نەکراوەو بانگ نەکراوە بۆ ئاسایشی هەولێر تێمەکانی ئێمەش بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران لەئەرکدان.

بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەسەرەتای ڕووداوەکانەوە بەووردی چاودێری دەکردوو بەدوا داچونی بۆ هەر هەواڵێک دەکرد لەو بارەوە لەڕێگەی تیمی تایبەتەوە. پێویستە بگوترێ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تەواو پشتیوانی هەر چالاکی و گردبوونەوەیەکی مەدەنی دەکات لەچوارچێوەی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕێگایەش بەمافێکی سروشتی ویاسایی دەزانین بۆ داواکردنی مافەکان و لەهەمان کاتدا نیگەرانین لەهەر گرژی و ئاڵۆزی و بەیەکدادانێک لەهەر لایەک ڕووبدات و هەمیشە پشتیوانی زمانی دیالۆگ و ئاشتی و ڕێگای مەدەنی دەکەین.

دەمانەوێ ئاماژەش بەوە بکەین هیچ سکاڵایەکیش لەسەر ئەو بابەتەو یان بونی حاڵەتی دەستگیر کردن بەفەرمی نەگەیشتۆتە دەستەکەمان لەلایەن هیچ کەس و ڕێکخراوو لایەنێک بەڵام ئێمە وەک ئەرکی خۆمان بەردەوامین لەبەدوا داچوون و چاودێری کردنی ڕووداوەکان.
لێرەوەش داوا لەلایەنە سیاسیەکان دەکەین بەگشتی لەهەرێمی کوردستان کە لەکاتی هەر گردبونەوەو چالاکیەکی مەدەنی لەوجۆرە خۆیان بەدوور بگرن لەدەست تێوەردان و هاندان بۆ ئەوەی پەیامی خۆپیشاندەران بە ڕێگەی یاسایی خۆی و سروشتی خۆی بگاتە لایەنی پەیوەندیدار.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.
١٠ی شوباتی ٢٠٢٥