دامەزراوەی پەی وەک هەستکردن بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە پرسە نیشتمانییەکان، ئەرکی چاپکردنی کتێبی "دادگای باڵای ئیتیحادی و ئایندەی هەرێمی كوردستان"ی خستە ئەستۆی خۆی. ئەم کتێبە تایبەتە بە دادگای باڵای ئیتیحادی عیراق، پێكهاتەو بڕیارەكانی و لێكەوتەكانیان بەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستانەوە، لە نوسینی (بڵند دلێر شاوەیس)، وەك توێژەرێكی یاسایی و لە چوارچێوەی توێژینەوەیەكی زانستیدا لێزانانە بەدواداچوونی بۆ كردووە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا کاتژمێر (5) ی ئێوارەی رۆژی (7/8/2024) لە هۆڵی رێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکە سازدرا. سەرەتا وتەی دامەزراوەی پەی سەبارەت بە کارەکە لەلایەن خاتوو (روانگە فایەق)ەوە خوێندرایەوە، دواتر پوختەی کتێبەکە لەلایەن توێژەرەوە خرایە روو.
توێژەر زۆر بە ووردی و زانستیی و لە رووی یاساییەوە هەڵسەنگاندی بۆ بڕیار و لێکەوتەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق کردوە و رای وایە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، کە لە ئەنجامی لاوازی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی لە هەرێم، ناکۆکییەکانیان بردووەتە بەغدا بە مەبەستی یەکلایکردنەوەیان لەلایەن دادگای باڵای ئیتیحادی، ئەم هۆکارانەش وایکردووە بڕیارەکان خوێندنەوەی جیاواز و دژ بەیەکی بۆ بکرێت لە ناوخۆی هەرێم.
(بڵند شاوەیس) لە ماوەی کاتژمێرێکدا کورتەیەک لەم توێژینەوە زانستییە یاساییەی خستەڕوو و دواتر بەشداربووانی مەراسیمەکە را و سەرنج و پرسیارەکانیان ئاراستەی توێژەر کرد و ئەویش وەڵامی سەرنج و پرسیارەکانی ئامادەبووانی دایەوە
بۆ بینینی وێنەكان كلیك لێرە بكە: