سبهی
دامهزراوهی پهی بۆ پهروهرده و گهشهپێدان، ڕاپۆرتێكی لهبارهی "موچه و ئیمتیازاتی نایاسایی" سهرۆكایهتیی پهرلهمان و پهرلهمانتارانی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستانهوه بڵاوكردهوه و دهڵێت، "دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پهرلهمان، دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بە شێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە".
له ڕاپۆرتهكهیدا كه ئهمڕۆ پێنجشهممه 30ـی ئایاری 2024 بڵاویكردهوه، "دامهزراوهی پهی" ڕایگهیاند، "خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لە ساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوە و زۆرترین پێشێلكاریی یاسایی و پەیڕەوییان كردووە، دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بە شێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لە لایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یان پشتگیری كراون، یان بێدەنگی هەڵبژێردراوە لە ئاستیاندا".
دهشڵێت، "دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە (6/11/2022)ـەوە وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتبوو، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ موچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە (30) ملیۆن دیناریان بە زیادە و بە نایاسایی وەرگرتووە".
كۆی گشتیی ئهو موچهیهی پهرلهمانتاران لهو ماوهیهدا وهریانگرتووه، دەكاتە (4.265.500.000) چوار ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار، و دامهزراوهی پهی دهڵێت، "لەو كاتەدا چەندین یادداشتمان بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەكانی تر نارد، بەڵام بێدەنگییان هەڵبژارد و بەردەوامبوون لەسەر ئەم پێشێلكارییە و هیچ ئیجرائاتێكیان نەكرد، كەچی ئێستا ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردووهتەوە و بەڵینی ئاڵا و واڵا بە هاوڵاتییان دەدەن گوایە ئەو موچە خوراوانەیان بۆ دەگێڕنەوە كە بە نایاسایی لێیان بڕاوە، لە كاتێكدا خۆیان بە نایاسایی هەشت مانگ لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان موچەیان وەرگرت و بۆ خەزێنەی گشتییان نەگێڕایەوە".
بهپێی ڕاپۆرتهكه، "یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی، له گێڕانەوەی موچە نایاساییەكاندا كە بە پەرلەمانتاران درابوو، پێیانوابوو چونكە موچەكە دابەشكراوە، بۆیه وەرگرتنەوەی ئاسان نییە، ئێمە پێشنیاری ئەوەمان بۆ كردن كە لە ساتی خانەنشینبوونیاندا ئەو ئیكرامیەی بڕیارە پێیان بدرێت ڕابگیرێت و بڕی ئەو پارەیهیان لێبگێڕنەوە، پێیان باش بوو، بەڵام دیسانەوە پەیوەست نەبوون و نەك نەیانگێڕایەوە، ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی (52) ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرجكراوە".
له درێژهی ڕاپۆرتهكهیدا لهبارهی موچه و ئیمتیازانی "نایاسایی" دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمان و پهرلهمانتارانهوه، "دامهزراوهی پهی" ڕایگهیاندووه، "لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییهوه، هیچكام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسڵەتی یاساییان نەماوە و هەر بۆیەش دەبووایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان ڕابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شوقە و خانووەكانی پەرلەمانیان چۆڵنەكردووە و بەكاریان دەهێنن".
ههروهها دهڵێت، "ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دوای تەواوبوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆڵنەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان ڕادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکاردەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی ڕادەست کردەوە، بەڵام هێشتا ڤێللاکانی ڕادەست نەکردووهتەوە)، سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی ڕادەست نەکردووهتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی ڕابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوە و لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێیوەرگیراوەتەوە".
وهك له ڕاپۆرتی دامهزراوهكهدا هاتووه، "پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لە ماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكارببوون، بە نایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە ڕاپۆرتێكدا ڕای گشتیمان لێئاگاداركردەوە و لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە ڕابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن".
لینكی هەواڵ:
https://www.sbey.net/news/9c2abde8-8227-498d-baae-c7f8260d9010