پێنج ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ سوێندی یاساییان خواردووە و بەپێی یاسا و بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق مافی ئەندامێتی پەرلەمانیان نییە، وێڕای ئەوەی چەند مانگێک بەنایاسایی مووچەیان وەرگرتووە، لەسەر داوای خۆیان و وەزیری دارایی و ئابووریی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری خانەنشینکردنیان دراوە.
بەگوێرەی شانزەمین ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان کە ئەمڕۆ ٤ی نیسانی ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە و وێنەیەکی دەست زێدپرێس کەوتووە، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێنج ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە لە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ سوێندی یاساییان خواردووە و بەپێی یاسا و بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق مافی ئەندامێتییان نەبووە، چەند مانگێک مووچەی پەرلەمانتارییان وەرگرتووە و دواتریش لەسەر داوای خۆیان و وەزیری دارایی و ئابووری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیار لەسەر خانەنشینکردنیان دراوە.
ئەو پەرلەمانتارانە پێکدێن لە سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان و دلێر عەبدولخالق ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان، عەبدوڵا حەسەن حەمەد و لەیلا عەلی عەبدولعەزیز ئەندامانی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بێروان فەقێ ئیسماعیل پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستاندا، کە بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی پەی، بەدرێژایی ماوەی مانەوەیان لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا، بە هەر پێنج ئەندامیان تەنیا هەشت خوولەک و ٤٥ چرکە قسەیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە هەڵوەستە لەسەر ئەو مووچانە کراوە، کە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بەنایاسایی و دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەریانگرتووە و بەسەریەکەوە دەکاتە چوار ملیار و ٢٥٦ ملیۆن دینار و پێویستە بۆ گەنجینەی گشتی بگێڕنەوە.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لە دوای تەواو بوونی تەمەنی پەرلەمان لە (6/11/2022 تا 30/5/2023) دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران (6) موچەیەیان بە نایاسایی وەرگرتووە و دەبووایە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی. هەروەها، لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران (2) موچەی تریان بە نایاسایی وەرگرت كە نەدەبوایە وەریبگرن.
ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە ساڵ و نیوێكە بەپێی یاسا خولی پێنجەمی پەرلەمان كۆتایی هاتووە، كەچی زۆرینەی ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان شوقە و خانووەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن و چۆلیان نەكردووە كە ئەمەش بەكارهێنانی مولكی گشتییە لە دەرەوەی یاسادا و زیاتر لەوەیش وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە نزیكەی ساڵ و نیوێكە بەپێی یاسا لە ئەركەكانیاندا نەماون، كەچی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەنایاسایی خانووەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن (كە هەریەكەیان لە دوو خانوودا نیشتەجێن)، ئۆتۆمبێلەكانی پەرلەمان بەكاردەهێنن، پاسەوانەكانی پەرلەمان هێشتا لەلایانن، هەریەك لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی بەشێك لە فەرمانبەرانی ستافی نوسینگەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە بارەگا حزبیەكانی خۆیان بەكاردەهێنن.
دەقی ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان هاتووە؛
خانەنشینی نایاسایی
حكومەتی هەرێم لەبەر شەڕكردن لەسەر موچەی نایاسایی، فریای بەرگریكردن لە موچەی یاسایی ناكەوێت!
پەرلەمانی كوردستان دوابەدوای ئەوەی بەهۆكاری نەگەیشتنە سازانی هێزە سیاسیەكان لەلایەك و لاوازی و بێ ئیرادەیی خۆیەوە نەیتوانی نەخشەڕێگایەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دابنێت و بەڕوو سوری تەمەنی خولەكەی خۆی كۆتاپێبێنێ، ئەوە بوو لە (9/10/2022) بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بۆ ساڵێك دا، بۆ درێژكردنەوەكە چەند بیانوێكی هێنابوویەوە، كە لە هۆكارەكانی دەرچوونی یاساكەدا هاتبوو، وەك: رێگری كردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی، دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی.
بەڵام لەراستیدا هۆكارە راستەقینەكانی درێژكردنەوەكە لەوكاتەدا هیچ كام لەو بیانوانە نەبوون، چونكە ئەو بیانوانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار، هۆكارە هەقیقییەكان بریتی بوون لە: خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و ترسیان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم بێتەوە، هەروەها ململانێی ناتەندروستیان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات. هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەركەكانی هەڵنەستێت.
دوای هەشت مانگ لە درێژكردنەوەی تەمەنی، پەرلەمان هیچ كام لەو ئەركانەی جێبەجێنەكرد، نە رێگری كرد لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێكرا، نە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو كرد، نە تۆمارێكی بایۆمەتری پاك و بێگەردی دەستەبەر كردو نە هیچ ژینگەیەكی سیاسی لەباری رەخساند بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی. بەپێچەوانەوە نەك هەر ئەوانەی نەكرد بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی ماوەیەكی زۆر دانیشتنە ئاساییەكانیشیان پەكخست.
دواتر لە (30/5/2023) بەهۆی چەند سكاڵایەكەوە، دادگەی ئیتیحادی بڕیاری نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیدا، ئەو ماوەیەی لە (6/11/2022) تا (30/5/2023) ی بە نایاسایی دانا، بەمەش سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی پەرلەمان دابوونی، ئەو هەنگاوانەی نابووی لە پڕكردنەوەی شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان بە ئەندامی نوێ و سوێندخواردنیان، پوچەڵ كرانەوە.
بەپێی بڕیارەكەی دادگە، ئەو ماوەیەی پەرلەمانتاران موچەیان وەرگرتبوو نایاسایی بوو، دەبوایە موچەكان بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، بەلام هیچ پەرلەمانتارێك موچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە لە ئێستادا لیستیان دروستكردووە، یا لەنێو حزبەكانیاندا خۆیان كاندید كردۆتەوە، گوایە بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندی هاولاتیان دەیانەوێ بچنەوە پەرلەمان! ئەمە لە كاتێكدا موچەخۆران تا ئێستا چوار موچەیان وەرنەگرتووە، كەچی پەرلەمانتارەكان حەوت موچەیان بە نایاسایی خوارد.
خۆ ئەگەر حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی، پەرۆشی موچەخۆران بوونایە دەبوایە شەڕی بڕینی موچەی نایاساییان بكردایە، ئەوكاتە موچەی یاسایی ئۆتۆماتیكی شوێنی خۆی دەكردەوە. لەكاتێكدا دەبوایە پابەند بن بە گێڕانەوەو لێسەندنەوەی موچە نایاساییەكان، نەك هەر نەیانگێڕایەوە بەڵكو دوو مانگی تریشیان دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی ئیتحادی بە نایاسایی بەسەر پەرلەمانتاراندا دابەشكرد.
ئێمە وەك ئینستتوتی پەی، چەندین راپۆرتمان بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە، دەیان یادداشتمان پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، هەر لە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریەوە تا وەزارەتی دارایی، بەڵام سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەردەوام بوون لە پێدانی موچە نایاساییەكە، یادداشتمان پێشكەش بە دامەزراوەكانی (داواكاری گشتی، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) كرد، بەڵام ئەوانیش كە ئەركی خۆیان بوو بەدواداچوون بكەن و رێگر بن، كەچی هیچكامیان دەنگیان لێوە نەهات!
سەرباری هەموو ئەوانە، لە ئێستادا فەزاحەتێكی گەورەتر بەڕێوەیە، بەپێی ئەو بەڵگەو دۆكیۆمێنتانەی دەست ئینستتیوتی پەی كەوتووە، پێنج لەو پەرلەمانتارانەی لە دوای (6/11/2022) بەنایاسایی سوێندیان خواردبوو، داواكارییەكیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كردووە و داوای خانەنشینی دەكەن، كە داواكاران بریتین لە (سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان) و (دلێر عەبدولخالق حاجی) لە بزوتنەوەی گۆڕان، (عەبدوڵلا حەسەن حەمەد) و (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) لە بزوتنەوەی ئیسلامی، (بێروان فەقێ ئیسماعیل) لە یەكگرتووی ئیسلامی (هەر بۆ زانیاری دوای سوێندخواردنی بێروان فەقێ لە پەرلەمان، یەكگرتووی ئیسلامی ناوبراوی لە ریزەكانی خۆی دەركرد)، بەپێَی زانیارییەكانی ئینستتیوتی پەی سەرۆكایەتی دیوان بەبی ئەوەی پشتگیرییان لێ بكات تەنها یادداشتەكەیانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، دواتر داواكارییەكە لەلایەن وەزیری داراییەوە براوەتە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە رۆژی (27/3/2024) یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بووە، هەروەك بەڵێنیان پێدراوە، ئەگەری ئەوە هەیە هەر پێنجیان خانەنشین بكرێن. ئەمە لە كاتێكدایە كە موچەخۆران موچەی چوار مانگیان وەرنەگرتووە، رۆژی بەر لە كۆبوونەوەكەش سەرۆكی حكومەت لە میدیاكانەوە موژدەی ئەوەی دابوو گوایە لە كۆبوونەوەكەدا هەواڵی دڵخۆشكەری بۆ موچەخۆران و هاوڵاتیان پێیە! كەچی یەك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خانەنشینكردنی ئەو پەرلەمانتارانە بە شێوەیەكی نایاسایی.
شایانی باسە ئەو بەرێزانە یەكێكیان تەنها (5) مانگ، چوارەكەی تریشیان تەنها دوو مانگ و پانزە رۆژ لەپەرلەمان دەوامیان كردووە. یەكێكیان بەشداری (5) كۆبوونەوەو ئەوانەی تر بەشداری تەنها (3) كۆبوونەوەیان كردووە، هیچ كامیان هیچ پرۆژە یاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوونە تەنها (8:45) هەشت خولەك و چل و پێنج چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە كەچی لەبەرامبەردا بە هەر پێنجیان بڕی (172.200.000) سەد و حەفتاو دوو ملیۆن دیناریان وەك موچە وەرگرتووە. ئێستاش بە نایاسایی داوای خانەنشینی دەكەن وەك ئەوەی بیریان چووبێت ئەو ماوە كورتەی لە پەرلەمان بوون بە یاساداڕێژەر (مشرع) و پارێزەری یاسا ناوبراون! سەرجەم وردەكارییەكانیان لە خشتەكاندا خراونەتە روو.
جگە لەمانە لەو ماوەیەدا (واتە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی) پەرلەمانی كوردستان (7) یاسای پەسەند كردووە، كە بە نەبوو دادەنرێن، كەچی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك بە ژمارە (12952) كە لە (12/10/2023) دەریكردووە كار بەو یاسایانە دەكات، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگایە، لەداهاتوودا كێشە بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان دەنێتەوە.
ئەگەر سەبارەت بەم دۆسیانە، هەر كەسێك لە دادگەی ئیتیحادی سكاڵا تۆمار بكات، دادگا لەبەرژەوەندی سكاڵاكار و لە دژی حكومەتی هەرێم بڕیار دەدات، هەموو ئەو یاساو بڕیارانە و خانەنشین بوونە نایاساییەكان هەڵدەوەشێنێتەوە، داوای گێڕانەوەی ئەو موچە نایاساییانە دەكات كە وەرگیراون، ئەو كاتە حكومەتی هەرێم دیسانەوە رایدەگەیەنێ كە دادگەی ئیتیحادی دژ بە حكومەتی هەرێمە، لەكاتێكدا حكومەت خۆی كارتی نایاسایی دەدات بە دادگا تا دژی بجولێتەوە!
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر بچێتە سەر و ئەنجامبدرێت، وێڕای ئەوەی یاساشكێنیەكی روونە، دروستكردنی دۆخێكی ناعەدالەتییە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگە، سوكایەتیشە بە دامەزراوەیەكی بەرز و پیرۆزی وەك پەرلەمان، چونكە پەرلەمانی پێ لاواز دەبێت، باشتر وابوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حزبە سیاسییەكان بەدواداچوونیان بكردایە بۆ ئەو بڕیارە نابەجێیەی دادگەی ئیتیحادی دەریكردووە كە هیچیتر نابێت “پەرلەمان مەرجەعی باڵای یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسسازەكانی خەڵكی كوردستان”بێت. لەبەر هیچنا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان، چونكە تا دامەزراوەی پەرلەمان تۆكمەو بەهێز بێت، حكومەت بەهێزتر دەبێت و حیزبە سیاسییەكانیش ئاسودەتر لە هاتنەدی خواست و داواكارییەكانیان، بەڵام بەداخەوە شەڕیان لەسەر ئەوەیە كامیان پێشێلی زیاتری یاسا بكەن لەپێناو دەسكەوت و بەرژەوەندیی بچوك!
لینكی هەواڵ: