2.jpg

پێنج پەرلەمانتار کەمتر لە نۆ خولەک لە پەرلەمان قسەیان کردووە و داوای خانەنشینی دەکەن

Apr 5, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

رووداو دیجیتاڵ
 
راپۆرتێکی چاودێریی ئاشکرای دەکات، ئەو پێنج پەرلەمانتارەی لە خولی پێنجەمدا دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار بوون، داوای خانەنشینکردنیان کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو پێنج پەرلەمانتارە لە ماوەی کارکردنیان کەمتر لە نۆ خولەک لە پەرلەمان قسەیان کردووە و  172 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.
 
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی ژمارە 16ـی خۆی بە ناونیشانی "خانەنشينى ناياسایی" لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، کە پەیوەستە بەو پەرلەمانتارانەی لە دوای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان لە 6-11-2022 دەستبەکار بوون، کە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی بە "نایاسایی" هەژمار دەکرێن.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، جگە لەوەی لەو ماوەیەدا ئەو کەسانە مووچەیان وەرگرتووە و نەیانگەڕاندووەتەوە، داوای خانەنشینیشیان کردووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "دەبووایە مووچەکانیان بۆ ‏گەنجینەی گشتی بگێڕنەوە، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێك مووچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە ئێستا لیستیان ‏دروستكردووە".
 
هەروەها دەڵێت، "بەپێی ئەو بەڵگە و دۆكیۆمێنتانەی دەست ‏ئینستتیوتی پەی كەوتوون، پێنج لەو پەرلەمانتارانەی لە دوای  6-11-2022 بە نایاسایی سوێندیان خواردبوو، ‏داواكارییەكیان پێشكێش بە سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كردووە و داوای خانەنشینی دەكەن، ئەوانیش بریتین لە:
 
- سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان: بزووتنەوەی گۆڕان
- دلێر عەبدولخالق حاجی: بزووتنەوەی گۆڕان
- عەبدوڵڵا حەسەن ‏حەمەد: بزووتنەوەی ئیسلامی
- لەیلا عەلی عەبدولعەزیز: بزووتنەوەی ئیسلامی
- بێروان فەقێ‌ ئیسماعیل: یەكگرتووی ئیسلامی (دوای سوێندخواردنی، یەکگرتوو لە ریزەکانی دەریکرد).
 
ئینستتیوتی پەی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمان بێ ئەوەی پشتگیری لە داواکاریی ئەو پێنج پەرلەمانتارە بکات، یاداشتەکەی ئەوانی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەلایەن وەزیری داراییەوە براوەتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 27ـی ئاداری 2024، بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە ئەگەری هەیە سەرجەمیان خانەنشین بکرێن.
 
ئەو پێنج پەرلەمانتارە بەپێی راپۆرتەکە یەكێكیان تەنیا پێنج مانگ، چوارەكەی دیکەشیان تەنیا دوو مانگ و 15 رۆژ ‏لە پەرلەمان دەوامیان كردووە. 
 
یەكێكیان بەشداری پێنج كۆبوونەوە و ئەوانەی دیکە بەشداری تەنیا سێ كۆبوونەوەیان ‏كردووە، هیچ كامیان هیچ پرۆژەیاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان ‏نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوون تەنیا 8 خولەک و 45 چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە، هەروەها لە بەرامبەردا پێکەوە 172 ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرتووە. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە (12952) لە ‏‏(12-10/2023) دەركردووە، کە كار بەو یاسایانە دەكات پەرلەمان دوای درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی دەریکردوون. ئینستتیوتی پەی بڕیارەکە بە "پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگا" ناو دەبات و دەڵێت، "لە داهاتوودا ‏كێشە بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان دروستدەکات".
 
ئینستتیوتی پەی جگە لەوەی پێیوایە ئەو دۆسیەیە لە داهاتوودا کێشە دروست دەکات، دەشڵێت، "ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر بچێتە سەر، ‏وێڕای ئەوەی یاساشكێنییەكی روونە، دروستكردنی دۆخێكی ناعەدالەتییە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگە، سووكایەتیشە ‏بە دامەزراوەیەكی بەرز و پیرۆزی وەك پەرلەمان، چونكە پەرلەمانی پێ لاواز دەبێت".
 
پەی ئەو کاتەی ئەو پێنج پەرلەمانتارە لە پەرلەمان قسەیانکردووە و ئەو مووچەیەشی کە پەرلەمانتاران وەریانگرتووە خستووەتەڕوو کە بەمشێوەیەیە: 
 
1- سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان
- ماوەی دەوامکردن لە پەرلەمان: 6 مانگ
- بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان: 5 
- بەشداریکردن بە قسەکردن لە پەرلەمان: 2 جار 
- ماوەی قسەکردنی لە پەرلەمان: 1 خولەک و 27 چرکە 
- بڕی ئەو مووچەیەی وەریگرتووە: 57 ملیۆن و 400 هەزار دینار 
 
2- دلێر عەبدولخالق حاجی
- ماوەی دەوامکردن لە پەرلەمان: 2 مانگ و نیو  
- بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان: 3 
- بەشداریکردن بە قسەکردن لە پەرلەمان: 4 جار 
- ماوەی قسەکردنی لە پەرلەمان: 2 خولەک و 6 چرکە 
- بڕی ئەو مووچەیەی وەریگرتووە: 28 ملیۆن و 700 هەزار دینار 
 
3- عەبدوڵڵا حەسەن ‏حەمەد (عەبدوڵا وەرتی)
- ماوەی دەوامکردن لە پەرلەمان: 2 مانگ و نیو  
- بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان: 3 
- بەشداریکردن بە قسەکردن لە پەرلەمان: 4 جار 
- ماوەی قسەکردنی لە پەرلەمان: 3 خولەک و 6 چرکە 
- بڕی ئەو مووچەیەی وەریگرتووە: 28 ملیۆن و 700 هەزار دینار 
 
4- لەیلا عەلی عەبدولعەزیز
 - ماوەی دەوامکردن لە پەرلەمان: 2 مانگ و نیو  
- بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان: 3 
- بەشداریکردن بە قسەکردن لە پەرلەمان: 1 جار 
- ماوەی قسەکردنی لە پەرلەمان: 2 خولەک و 6 چرکە 
- بڕی ئەو مووچەیەی وەریگرتووە: 28 ملیۆن و 700 هەزار دینار 
 
5- بێروان فەقێ‌ ئیسماعیل
- ماوەی دەوامکردن لە پەرلەمان: 2 مانگ و نیو  
- بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان: 3 
- بەشداریکردن بە قسەکردن لە پەرلەمان: هیچ
- ماوەی قسەکردنی لە پەرلەمان: هیچ 
- بڕی ئەو مووچەیەی وەریگرتووە: 28 ملیۆن و 700 هەزار دینار 
 
سۆز عەبدولقادر، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەیە لە راپۆرتەکەی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ناوی هاتووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "من پێش ئەوەی ببمە پەرلەمانتار راوێژکار بووم لە وەزارەتی پلاندانان، 33 ساڵ خزمەتم هەیە، تەمەنیشم 63 ساڵە، بۆیە کە داوای خانەنشینیم کردووە مافی خۆمە".
 
مووچەی پەرلەمانتاران هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینار دەبێت، بەڵام لە یاسای چاکسازیدا باس لەوەکراوە نابێت مووچەی خانەنشینی %50ـی مووچەکان زیاتر بێت، بەو پێیە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران ئەوانەی لە 15 ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە، دەگاتە 4 ملیۆن و 100 هەزار دینار، ئەو پەرلەمانتارانەشی خزمەتیان نییە و بڕوانامەشیان نییە، مووچەکانیان 1 ملیۆن و 722 هەزار دینار دەبێت، بەڵام ئەگەر بڕوانامەیان هەبێت و خزمەتیان نەبێت خانەنشینییان 2 ملیۆن و 50 هەزار دینار دەبێت.
 
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەبارەی داواکارییەکەی ئەو پەرلەمانتارانەوە گوتی، "ئەگەر ناوەڕۆکەکەی دروست نییە، دەتوانن سکاڵا بکەن، جگە لەوەی ئێستا ئەو بابەتە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کاری لەسەر دەکرێت و وەزیری دارایی رەزامەندی حکومەتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئەو پێنج پەرلەمانتارە خانەنشین بکات".
 
لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان بە پاڵپشتی سندووقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی NED ئینستتیوتی پەی چاودێری خولی چوار و پێنجی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و هەڵسەنگاندنی ئەرک و کاری پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کردووە، 13 راپۆرتی لەسەر خولی چوارەم و 16راپۆرتیشی لەسەر خولی پێنجەم هەبووە.

لینكی هەواڵ:

https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0404202413?fbclid=IwAR01esEvgpQmnoqwu87qIcTq9qUMhRkim4Mu3SuTNGoDjz0Wrw6AlNvb7I8_aem_AfCWvW3VK0sV1Qb2s8auvxglz7zfd1rD7tLBAhjRue6T-z3R3PP4oxxY7bRD_7ZNJJ_5y0jbv9G1QiGpWGxKAuT4