هاوڵاتی
راپۆرتێکی چاودێریی ئینستتیوتی پەی ئاشکرای دەکات، ئەو پێنج پەرلەمانتارەی لە خولی پێنجەمدا دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار بوون، داوای خانەنشینکردنیان کردووە و کارکردن و خانەنشینکردنیانی بە نایاسایی لەقەڵەمدا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو پێنج پەرلەمانتارە لە ماوەی کارکردنیان کەمتر لە نۆ خولەک لە پەرلەمان قسەیان کردووە و 172 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی ژمارە 16ی خۆی بە ناونیشانی "خانەنشينى ناياسایی" لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، کە پەیوەستە بەو پەرلەمانتارانەی لە دوای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان لە 6-11-2022 دەستبەکار بوون، کە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە "نایاسایی" هەژمار دەکرێن.
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 7/10/2023 بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنی دواخست، لەبەرامبەردا لەئەنجامی سكالا لەلایەن دادگای فیدرالیەوە لە رۆژی 30/5/2023 ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری ناوزەد كرد و رایگەیاند كە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (6/11/2022)ەوە كۆتای هاتووە، وە رایگەیاند كە هەموو ئەو یاساو بڕیاریارانەی لە دوای (6/11/2022) لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوبێت بەهەڵوەشاوە و نادەستوری هەژمار دەكرێت و حكومەتی هەرێمی بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر ناوبرد.
بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالی هەموو ئەو كەسانەی لەدوای ئەم رێكەوتەوە لەشوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان كراون بە ئەندامی پەرلەمان، بە نایاسایی دادەنرێن و ناكرێت وەك ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەژمار بكرێن و هەر ئیمتیازاتێكیشیان وەرگرتبێت نایاساییەو لێیان دەسەنرێتەوە. كە ئەمانەن:
یهكهم: سۆز عبدالقادر عبدالرحمن: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (شایان كاكە ساڵح) لە رۆژی 30ی 11ی 2022 لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
دوهم: دلێر عبدالخالق حاجی: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمە سالح) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
سێیهم: بێریوان فەقێ ئیسماعیل: لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتو لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوە (هلز ئەحمەد محەمەد) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد، لەكاتێكدا یەكگرتوی ئیسلامی بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان دابو، بەڵام ناوبراو پەیوەست نەبو بە بڕیاری حزبەكەیەوەو سور بو لەسەر ئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەسەر ئەوە یەكگرتوی ئیسلامی بڕیاری دور خستنەوەی ناوبراویاندا لە حزبەكەیان.
چوارهم: عەبدوڵا حەسەن حەمەد: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوە یەكگرتو (ئیسماعیل عەلی تەها) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
پێنجهم: لەیلا عەلی عەبدولعەزیز: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتو (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
رێکخراوەکە دەڵێت، جگە لەوەی لەو ماوەیەدا ئەو کەسانە مووچەیان وەرگرتووە و نەیانگەڕاندووەتەوە، داوای خانەنشینیشیان کردووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "دەبووایە مووچەکانیان بۆ گەنجینەی گشتی بگێڕنەوە، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێك مووچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە ئێستا لیستیان دروستكردووە".
ئەو پێنج پەرلەمانتارە بەپێی راپۆرتەکە یەكێكیان تەنیا پێنج مانگ، چوارەكەی دیکەشیان تەنیا دوو مانگ و 15 رۆژ لە پەرلەمان دەوامیان كردووە.
یەكێكیان بەشداری پێنج كۆبوونەوە و ئەوانەی دیکە بەشداری تەنیا سێ كۆبوونەوەیان كردووە، هیچ كامیان هیچ پرۆژەیاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوون تەنیا 8 خولەک و 45 چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە، هەروەها لە بەرامبەردا پێکەوە 172 ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرتووە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە : "ئێمە وەك ئینستتوتی پەی، چەندین راپۆرتمان بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە، دەیان یادداشتمان پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، هەر لە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریەوە تا وەزارەتی دارایی، بەڵام سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەردەوام بوون لە پێدانی موچە نایاساییەكە، یادداشتمان پێشكەش بە دامەزراوەكانی (داواكاری گشتی، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) كرد، بەڵام ئەوانیش كە ئەركی خۆیان بوو بەدواداچوون بكەن و رێگر بن، كەچی هیچكامیان دەنگیان لێوە نەهات!"
لینكی هەواڵ: