دوابەدوای ئەوەی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان هەوڵەكانی چڕكردبوویەوە لە فشار خستنە سەر سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و فراكسیۆنە جیاجیاكان بەمەبەستی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نایاساییبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. ئەوە بوو لە 2/6/2023 یادداشتێكی ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم فراكسیۆنەكان كرد و وێنەیەكیشی بۆ هەریەك لە سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و دەستەی دەسپاكی و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمدا كردبوو، كە ناوەرۆكی یادداشتەكە بریتی بوو لە چۆنیەتی پابەند بوون بە بڕیارەكەی دادگە و هەنگاوە پێویستەكان كە دەبوو بنرێن.
هەر لەم پێناوەدا لە رۆژی 20-6-2023 بۆ ئەوەی ناوەرۆكی یادداشتی یەكەممان بچێتە جێبەجێكردنەوە، لە (20/6/2023) وەك قۆناغی دووەم نوسراوێكی تایبەتمان بە ناوەرۆكی جیاواز، بەپێی ئەرك و دەسەلاتی هەریەكێكیان بۆ: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم فراكسیۆنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی، دەستەی دەسپاكی و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ناردووە، بۆئەوەی بە هەموو لایەك بگەینە ئەو ئەنجامەی كە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوریەی هەیە، پێویستە خالێك دابنرێت بۆ رێگریكردن لەگەندەلی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، كە رێگە دروستەكە ئەوەیە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 ی چاكسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بكرێت لەو رۆژەوەی كە بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنیەوە یاساییبوونی خۆی لەدەستداوە كە رۆژی (6/11/2022)ەو موچەكانیان بەپێی یاسای چاكسازی لەوساتەوە ئەژمار بكرێت. چونكە ئەگەر پەرلەمانێك خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریكردوون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بكات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەكات خەڵكی جێبەجێیان بكەن!
ئەوە بوو فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە 23-6-2023 بە نوسراوی تایبەت وەڵامی (ئینستتیوتی پەی)ان دایەوەو رایانگەیاند كە فراكسیۆنەكەیان لە 6-11-2022 ەوە بایكۆتی پەرلەمانیان كردووەو موچەو دەرماڵەو نەسریەی فراكسیۆنیان رەت كردۆتەوە. بڕیاریشیانداوە كە خۆیان خانەنشین نەكەن وشوقەوخانوەكانیشیان ڕادەستی سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان كردۆتەوە.
لەبەشێكی نامەكەشدا جارێكی تر جەخت دەكەنەوە كە پەرلەمان هیچ شەرعیەتێكی نەماوەو بەبڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە پێویستە بودجەی پەرلەمان ببڕدرێت وسەرۆكایەتی پێشوی پەرلەمان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەكە بەفەرمی ڕابگەینن وسەرجەم پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیش دەستبەرداری موچەودەرماڵەوئیمتیازەكانی تری پەرلەمان ببن.
ئەم هەنگاوەی نەوەی نوێ و بەدەمەوە هاتنیان بۆ ئەو نامەیەی وەك ئینستتیوتی پەی ئاراستەمان كردبوون جێگەی پێزانینە.