grng.jpg

پەرلەمانی كوردستان بەبارمتە گیراوە

May 23, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لە دەرەوەی پەیرەو و یاساكاندا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرا. جێگەی داخە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەجۆرێك بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەكان و بەدامەزراوەییكردنی هەرێمدا.
دەشڵێت، “لە گوتاری سیاسی هیچ كام لە لایەنەكاندا ئەوە نابینرێت كە دژ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، بەڵام لە هەمان كاتدا لە كرداریاندا هیچ هەنگاوێك نەبینراوە كە جددی بن لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەكە”.
ئینستتیوتی پەی كە رێكخراوێكی تایبەت بە چاودێریی كارەكانی پەرلەمانە لە بارەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆوە ئەوەی خستەڕوو، بەشێوازێكی كۆمیدیانە مێژوویان دووبارە كردەوە. هەر لە دانانی بەرنامەی كار و زیادكردنی بڕگەیەك بەبێ رەزامەندی سەرۆك، تا دەگاتە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە كە ئاژاوە و پەشێوی باڵی بەسەردا كێشابوو، لەلایەكی تریشەوە لە كەشێكی گوماناویدا، دوای دواخستن و هەڵگرتنی دانیشتنەكە لەلایەن سەرۆكەوە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی بابەتەكە لەلایەن جێگری سەرۆكەوە لەبارێكی نائارامی دەرەوەی پەیڕەودا، درێژە بە دانیشتنەكە دەدرێت و رایدەگەیەنێت گوایە بە دەنگی (58) ئەندام كۆمسیۆنیان كاراكردۆتەوە، لەكاتێكدا ئەو ژمارەیەی رایگەیاند لەگەڵ راستیدا وێك نایەتەوە، چونكە ئەوەندە ئەندامە لەنێو هۆڵدا لەگەڵ بابەتەكە نەبوون!

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.facebook.com/100064251806749/posts/635378478613873/?mibextid=Nif5oz