Roj.jpg

لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمدا ڕێژەی پیاوان سێ هێندەی ژنانە

May 23, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئامارەکان دەریدەخەن لە پێنج خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕێژەی پەرلەمانتاران لە ڕووی ڕەگەزەوە جیاوازییەکی زۆری هەیە، بەشێوەیەک لە کۆی ٥٤٩ ئەندام ٤٠٨ ئەندامیان پیاو بوون و  تەنها ١٤١ ئەندامیان ژن بوون.

لە یادی تێپەڕبوونی ٣١ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ئینستیوتی پەی ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەر پێنج خولەکەی پەرلەمان پێشکەشکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی خرانەڕوو لەماوەی تەمەنی پەرلەماندا جیاوازی ڕەگەزی زۆر لەنێوان ئەندامەکاندا هەیە، ئەگەر ڕێژەیەکی ناوەندی ژمارەکان وەربگیرێت دەردەکەوێت کە ئەندامە پیاوەکان سێ هێندەی ئەندامە ژنەکانن.

ڕاپۆرتی ژمارەی ١٣ی  ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، کە بە هاوكاریی سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی ئەمریكی ئامادەکراوە و تایبەتە بە چاودێری كاری پەرلەمان، لە لایەن سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆکی ئینستیوتەکە پێشکەشکرا و تێیدا بەراوردی كاری هەر پێنج خولی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكان کرا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕێژەی پەرلەمانتاران لە ڕووی ڕەگەزەوە بۆ خولەکان بەراورد کرابوو، کە لە خولی یەکەمدا ٩٩ پەرلەمانتاری پیاو و شەش پەرلەمانتاری ژن، خولی دووەم ٨٢ پیاو و ٢٩ ژن، خولی سێیەم ٧١ پیاو و ٤٠ ژن، خولی چوارەمیش ٧٨ پیاو و ٣٣ ژن، خولی پێنجەمیش ٧٧ پیاو و ٣٤ ژن بوون واتە بەکۆی گشتی لە ماوەی هەر پێنج خولەکەدا لە کۆی ٥٤٩ ئەندام ٤٠٨ ئەندامیان پیاو بوون و تەنها ١٤١ ئەندام ژن بوون.

ئەو ڕێژەیە دەریدەخات لە ٣١ ساڵی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمدا ڕێژەی پیاوان سێ هێندە بەرامبەر ڕێژەی ژنان بووە.

لە پاش ٣١ ساڵ، لە ٢ی ئەم مانگە، هاوپەیمانی ژنانی باشووری کوردستان هەنگاویان ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییە گەورەیە و پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بۆ لابردنی سیستمی کۆتا بۆ ژنان و پەیڕەوکردنی ڕێژەی ٥٠ بە ٥٠، بۆ ئەندامەکان.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://rojnews.news/?p=359285