xendan.jpg

بۆ رێگریكردن له‌ چونی "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" بۆ په‌رله‌مان پڕۆژه‌یه‌ك ده‌خرێته‌ڕو

May 2, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

خه‌ندان-

ئینستتیوتی‌ په‌ی‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان ئاماری ساڵێكی كاركردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ی ساڵێكدا، چوار په‌رله‌مانتار یه‌كجار قسه‌یان كردوه‌ و ئەندامی پەرله‌مان ھەبوە له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا 20 چرکە قسەی کردوە، هاوكات پێشنیار ده‌كات بۆ رێگریكردن له‌ چونی "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" بۆ په‌رله‌مان لایه‌نه‌كان خول به‌ كاندیده‌كانیان ببینن و ئاماده‌ بكرێن.

ئینستتیوتی‌ په‌ی‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ئاماره‌كانی ماوه‌ی ساڵێكی كاركردنی په‌رله‌مانی کوردستانی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، "په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی یه‌كی ئازاری 2022 بۆ 28ی شوباتی 2023 25 دانیشتنی ئه‌نجامداوه‌، په‌رله‌مانتارێك له‌ كۆی 25 كۆبونه‌وه‌ 18 كۆبونه‌وه‌ ئاماده‌نه‌بوه‌ و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاریش سه‌ره‌ڕای ئاماده‌نه‌بویان به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ غیاب نه‌دراون".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، چوار په‌رله‌مانتار یه‌كجار قسه‌یان كردوه‌ و ئەندامی پەرله‌مان ھەبوە له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا 20 چرکە قسەی کردوە، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتاران له‌ كۆبونه‌وه‌كانی لیژنه‌كان ئاماده‌نه‌بون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، پێویسته‌ له‌ واده‌ی دیاریكراودا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و جارێكی دیكه‌ ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژنه‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خواست و گواڕانكاریه‌كانی سه‌رده‌مدا بگونجێنرێت.

ئینستتیوتی‌ په‌ی‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان بۆ رێگریكردن له‌ چونی "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" بۆ په‌رله‌مان پێشنیار ده‌كات به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌كان خول به‌ كاندیده‌كانیان ببینن و ئاماده‌ بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی "په‌رله‌مانتاری نه‌شاره‌زا" له‌ په‌رله‌ماندا جێگه‌ نه‌گرێت، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ رێژه‌ی دانیشتواندا بگونجێنرێت، به‌پێی مادده‌ی 45ی ده‌ستوری عێراق كه‌ بۆ هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێك له‌ دانیشتوان كه‌سێك ده‌بێته‌ نوێنه‌ر له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆیه‌ پێشنیار ده‌كرێت له‌ هه‌رێمیش به‌وجۆره‌ بێت. 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پێویسته‌ كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 111 كورسییه‌وه‌ بكرێته‌ 55 كورسی كه‌ 50 كورسی بۆ گشتی و 5 كورسیش بۆ پێكهاته‌كان ته‌رخانبكرێت، ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌ماندایه‌ به‌وه‌ی كه‌ هه‌م كاری یاسادانان و چاودێریكردن به‌ كه‌متر و پوختر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌م ئه‌و بارگرانیه‌ی زۆره‌ی بودجه‌ش له‌سه‌ر هه‌رێم نامێنێت. 

 لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=164208&babet=1&relat=1024&fbclid=IwAR0FrcfQxhuXwW6ph8KHjB4gc7NotLDCxxI7FsIT8bIrrFYKQyAATnQNdds