r12rwange.jpg

راپۆرتی ساڵێك تایبەت بە چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای كارەكانی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكرایەوە

Apr 30, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەهاوكاری سندوقی پاڵپشتی دیموكراس (NED)ی ئەمەریكی، پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانی لە راپۆرتێكدا بڵاوكردەوە.

رۆژی یەكشەممە 30/4/2023 كاتژمێر (11) لە هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەهاوكاری سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی (NEDی ئەمەریكی لە مەراسمێكدا راپۆرتی ژمارە (12) كە تایبەتە بە چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای كارەكانی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ساڵێكدابڵاوكردەوە، كە لە راپۆرتەكەدا سەرجەم كار و چالاكی و هەلوێست و ئامادەبوون و بەشداریی دەستەی سەرۆكایەتی و هەموو ئەندامان بە داتای ورد خرانەڕوو.

لەسەرەتادا (روانگە فایەق) لە ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان نلاوەرٍۆكی راپۆكە بۆ ئامادەبوان خستەڕوو وتی:

بەمەبەستی فراوانكردنی پانتایی دیموكراسی و برەودان بە كاری مەدەنی، ماوەی (10) ساڵە ئینستتیوتی پەی، بە پشتبەستن بە یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، وەك یەكێك لەبنەماكانی كاركردنی، چاودێریی پەرلەمانی كوردستانی كردووەو كارەكانی هەڵسەنگاندووە، لەو چوارچێوەیەشدا تا ئێستا بە هاوكاری سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمریكی (25) راپۆرتی لەم بوارەدا بڵاوكردۆتەوە.

ئەمەی ئێستا دەیخەینە روو، سێیەمین راپۆرتی رێكخراوەكەمانە تایبەتكراوە بە ئەدای كاری پەرلەمانتارانەوە، تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ ساڵێكی كاری یەكەیەكەیان كراوە لە هەردوو دوو خولی گرێدانی بەهارە و پایزە لەماوەی (1ی ئازاری 2022 تاكو 28ی شوباتی 2023)، كە لەلایەن تیمی رێكخراوەكەمانەوە لەماوەی ئەمساڵەدا سەرجەم پەرلەمانتاران خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، كار و چالاكییەكانیان تۆماركراون و ریزبەندكراون و لەخشتەكاندا جێگەیان كراوەتەوە، كە ئاخۆ لەم ساڵەدا تاچەند پەرلەمانتاران بەئەركی یاسایی خۆیان هەڵساون، كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی چەند جار ئامادەنەبوونە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكاندا، چەند جار بەشداری گفتوگۆكانیان كردووەو ماوەی چەند خولەك قسەیان كردووە، چەند پێشنیازە یاساو بڕیاریان ئامادە كردووەو لەسەر چەند پێشنیازەیاسا واژۆیان كردووە. لەهەمان كاتدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتیش كراوە. بۆ وەدەست خستنی زانیارییەكانیش پشت بەداتاو زانیارییەكانی خودی پەرلەمانی كوردستان بەستراوەو لە خودی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەرهێنراون، (تەنها مەگەر ئەو دانیشتنانەی تیادا نەبێت كە داخراوبوونە یاخود دەستەی سەرۆكایەتی بەمەبەست پەخشی راستەوخۆی راگرتبێت و بڵاوی نەكردبێتەوە). هەروەها لە ژمارەی بەشداری لەگفتوگۆكان و قسەكردنەكانیش هەموو ئەو وتانە دەستنیشانكراون كە ئەندامان لەساتی دانیشتنەكان پێشكەشیان كردووە (وەك سەرۆكی فراكسیۆن، وەك ئەندامی لیژنە، وەك خاڵی پەیرەو و لەكاتی گفتوگۆی پرۆژە یاساكاندا).

شایانی باسە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەندێك لە ئەندامان دوابەدوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكان، هەمیشە ناڕەزاییان دەربڕیوە، گوایە ناهەقییان دەرهەق كراوە، بەبێ ئەوەی دەستنیشانی هیچ هەڵەیەكی راپۆرتەكانمان بكەن، بێئاگا لەوەی كە داتاو زانیارییەكانی راپۆرتەكە لە خودی دانیشتنەكانی خۆیان و ماڵپەڕە فەرمییەكەیان وەرگیراوە، بەڵام ئێمە هەروەك پێشتر رامانگەیاندبوو و لە ئێستاشدا دووپاتی دەكەینەوە كە هیچ قسەیەكی خۆمان لە راپۆرتەكەدا نیە، جگە لە خستنەڕووی ئەو داتاو زانیارییە حەقیقیانە نەبێت كە لە سەرچاوەكانی خودی پەرلەمان وەرمان گرتوون. 

 جێگەی نیگەرانییە كە ئەم دامەزراوە گرنگە، خول لەدوای خول و سات لەدوای سات لاوازتر دەبێت، متمانەی لەق بووە، لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە بێبایەخ لێی دەڕوانرێت. زۆرینەی یاساكانی جێبەجێ ناكرێن، بڕیارەكانی بڕناكەن، دەسەڵاتی جێبەجێكردن گوێیان لێناگرێت و بەدەم بانگهێشت و داواكارییەكانیانەوە ناچێت و لەتەمەنی ئەم پەرلەمانەشدا پرۆژە یاسای بودجەی بۆ نەناردوون! نەك هەر ئەمانە بەڵكو پەرلەمان خۆیشی یاساكانی خۆی پێشێل كردووەو بەردەوامیشە لەسەر پێشێلكردنیان، نمونەش یاسای سەرجەم دەستە سەربەخۆكان، یاسای هەڵبژاردن و چەندانی تر.

بەپێی یاسا دەبوایە لە ئەیلولی ساڵی 2022 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام لە دانیشتنی رۆژی (9/10/2022) پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2022 "تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023" تەمەنی خۆی درێژكردەوە و بۆ ماوەی ساڵێك هەڵبژاردنی دواخست، هەرچەندە بەپێچەوانانەی خولەكانی پێشوو كە تەمەنی خۆیان درێژ دەكردەوە هیچ هۆكارێكی سیاسی و یاسایی نەبوو لەدەرەوەی ویست و دەسەلاتی پەرلەمانی كوردستان. بەلام پەرلەمان بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی لە هۆیەكانی دەرچواندنی یاساكەیدا چەند بیانوێكی هێناوەتەوە، كە هیچ كام لە بیانووەكان هۆكاری راستەقینەی درێژكردنەوەكە نەبوون، چونكە ئەو بیانوانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار، لە راستیدا هۆكارە هەقیقییەكان، لەپاڵ ململانێی ناتەندروستی لایەنە سیاسییە باڵادەستەكان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات. خراپی رەوشی جەماوەریی و ترسیان بوو لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم بێتەوە. هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەركەكانی هەڵنەستێت، نەك هەر ئەمە بەڵكو سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبیانوی جیاجیاوە پەكی دانیشتنەكانیشی خستوە.

ئەگەر وانیە بۆچی لەو ساوە تەنها (6) دانیشتنی ئەنجامداوە، كە هیچ كامیان پەیوەندیان بە بابەتی هەڵبژاردنەوە نەبووە، هیچكام لەو ئەركانە ئەنجامنەداوە كە پەیوەستن بوون بە هەڵبژاردنەوە، هیچ هەنگاوێكیشی نەناوە بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی هۆكاری دەرچواندنی ئەو یاسایەی تەمەنی خۆی پێ درێژكردەوە. 

ئەگەر پەرلەمان خوازیارە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، یەكەم كاری راستكردنەوەی ئەو پێشێلە یاساییە بوو كە لە چوار ساڵی تەمەنیدا كردویەتی ئەویش كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بوو، كە لە (20/12/2019)ەوە ماوەی چوار ساڵە بەنایاسایی گوزەر دەكات و تەنها پەرلەمانیش لێی بەرپرسیارە. چونكە ئەگەر كۆمسیۆن نەبێت كێ تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات؟ بەبێ كۆمسیۆن مەحاڵە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

هەرچەندە پەرلەمان لە دانیشتنی ژمارە دووی رۆژی 15/3/2023 لیژنەیەكی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن پێكهێنرا، دوای دوو هەفتە لە 29/3/2023 لیژنەكە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی كرد و بڕیاری دا دەرگای خۆپالاوتن بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە 5/4/2023 تا 13/4/2023 بكاتەوە. لەو ماوەیەدا دەیان كەس سیڤی و داخوازی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكرد، (بە تێبینیمان لەسەر پرۆسەكەش كە تەنها لە سیناریۆیەك دەچێت چونكە جگە لەو دوو كاندیدەی پارتی دەستنیشانی كردووە هیچ كام لەوانەی داخوازیان پێشكەشكردووە دانانرێن و سیڤیەكانیشیان ناچنە ناو پرۆسەكەوە). بەلام تا ئێستا حەڤدە رۆژ بەسەر وادەی یاسایی لیژنەكەدا تێپەڕیوە كەچی پەرلەمان هیچ دەنگی نیە بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن.

كەواتە بەپێی ئەو رەوشەی دەگوزەرێت، ئەگەر لە رۆژژمێری كارەكانی پەرلەمان ورد بینەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، خەمساردی پەرلەمان و نەبوونی هیچ ئامادەكاریی و رێكارێك، تا ئێستا شەش مانگ بەسەر درێژكردنەوەی تەمەنیدا تێپەڕیوەو هیچ كام لە كێشە دەستنیشانكراوەكانی چارەسەر نەكردبێت، نە بوونی هەڵوێستی جددی لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەنجامدامی هەڵبژاردنێكی یاسایی دروست لە وادەی دیاریكراودا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەم شێوازەی ئێستای پەرلەمان ناتوانێت ئامادەسازییەكان بكات، ئەگەر وا بڕوات دیسانەوە لەوادەی دەستنیشانكراوی دواخراودا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و وا چاوەڕوان دەكرێت جارێكی تریش تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، بەو درێژكردنەوەیەش هەم ژیان و گوزەرانی خەڵك خراپتر دەبێت و هەم ئەزموونی هەرێمیش دەكەوێتە بەر مەترسیی زیاترەوە.

بۆ ناسینی باشتری ئەم دامەزراوەیەو هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی كارەكانی، لەم راپۆرتەدا، بەباشمان زانی سەرەتا پێكهاتەكەی بخەینە بەر چاو، وەك: پێكهاتەی نەتەوەیی، ئایینی و رەگەزی ئەندامان، ئاستی تەمەن و بڕوانامەو پسپۆرییان.

دواتر وێڕای دەرخستنی لایەنی سیاسی و فراكسیۆنی هەر پەرلەمانتارێك و ئەندامێتیی لە لیژنە تایبەتمەندەكاندا، باس لە ژمارەی دەنگی بەدەستهاتووی هەر ئەندامێك و ئاستی چالاكیی ئەندامان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكاندا كە خۆی لە ئامادەبوون و بەشداری و گفتوگۆكان و رێژەی بەشداری هەریەكەیان كراوە.

جگە لەمانە لە راپۆرتەكەماندا لەچەند خشتەیەكی دیكەدا باس لە گرنگی پێدانی ئەندامان كراوە لە بواری پەیوەندیكردندا كە ئاخۆ تا چەند بۆ پەیوەندیكردنی هاووڵاتیان پێیانەوە ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەماندا داناوە.

بەگشتی لە راپۆرتەكەماندا داتاو زانیاری و وردەكاریی كارەكانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لە (265) خشتەدا خراونەتە روو. كە بە كورتی لێرەدا پێشكەشتانی دەكەین:

 یەكەم: پێكهاتەی ئەندامانی پەرلەمان

*-پەرلەمانی كوردستان لە (111) ئەندام پێكدێت، (3) ئەندام وەك دەستەی سەرۆكایەتی و (108)ی وەك پەرلەمانتار. رێژەی جێندەری تیایدا بریتییە لە (70%)ی پیاو و (30%) ژن. 

*-لە رووی پێكهاتەی نەتەوەییەوە دابەش بووە بەسەر (100) ئەندامی كورد، (5) توركمان، (5) كلدان سریان ئاشور و (1) ئەرمەن.

*-لە رووی پێكهاتەی ئایینییەوە پێكهاتووە لە (103) موسولمان، (6) كریستیان، (1) ئێزیدی و (1) ئەندامی كاكەیی.

*-لەرووی ئاستی خوێندەواری و بڕوانامەوە، پەرلەمان پێكهاتووە لە: (10) دكتۆرا، (19) ماستەر، (55) بەكالۆریۆس، (1) دبلۆمی باڵا، (8) دبلۆم، (8) ئامادەیی، (5) ناوەندی، (2) سەرەتایی، (3) ئەندامیش نەزانراوە بڕوانامەكانیان چیە، چونكە بڕوانامەكانیان لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان دەستنیشان نەكراوە.

*-پسپۆریی ئەندامان جیاجیایە، بەرزترین ڕێژەی پسپۆری ئەو ئەندامانەی پسپۆری خۆیان دیاریكردووە (یاسا)یە، كە ڕێژەكەی دەگاتە (%23.42)،  دواتر پسپۆری راگەیاندن دێت، ئینجا پسپۆریەكانی دیكە، سەرباری ئەمە زۆرترین راوێژكاری هەمیشەیی یاسایی لە پەرلەماندا هەیە، جیا لەوە بۆردێكی راوێژكاریش بەگرێبەست دامەزرێندراون، كەچی لەرووی داڕشتنی یاساوە پەرلەمان لاوازەو ئەو یاسایانەی دەریدەكات كرچ و كاڵن، هەر بۆیەش زۆرینەیان بە زووترین كات داوای هەمواركردنەوەیان دەكرێت.

سەبارەت بە پسپۆرییەكانیشیان ئەندامان دابەش دەبن بەسەر: (26) یاسا، (6) راگەیاندن، (6) بۆ هەریەك لە خوێندنی ئایینی و كارگێڕی، (5) بۆ هەریەك لە پسپۆرییەكانی (تەندروستی، مێژوو، زمان و ئەدەبی ئینگلیزی)، (4) پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، (3) لە هەریەك لە پسپۆرییەكانی (زمان و ئەدەبی كوردی، زمان و ئەدەبی عەرەبی)، (2) بۆ هەریەك لە  (سیاسەت، دەروونزانی و ژمێریاری)، (1) پسپۆری لە هەریەك لە پسپۆرییەكانی (ماتماتیك، وەرزش، بایۆلۆجی، شانۆ، شوێنەوار، كۆمەلایەتی، كۆمەڵناسی، كۆمپیوتەر، كیمیا، پەروەردە، فیزیا، كتێبخانە، بەرهەمهێنانی نەوت، زمانی عیبری، پلاندانان، سەربازی و ئامار). جگە لەمانە (18) ئەندامیش پسپۆریان دیارینەكردووەو نازانرێت لە چی بوارێكدا پسپۆرییان هەیە. شایانی باسە چەند پسپۆرییەكی گرنگی وەك (ئابوری و ئەندازیاری) لەنێو پەرلەماندا نین كە زۆر پێویستن.

*-تەمەنی ئەندامان لە(70) ساڵیەوە دەست پێدەكات كەبەتەمەنترینە تا (31) ساڵی كە بچوكترینە.  

دووەم: هۆكارەكانی پەیوەندی:

*-لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەماندا پێویستە پەرلەمانتاران ئیمەیلی خۆیان دابنێن تا هاوڵاتیان بتوانن پەیوەندیان پێوە بكەن، بەڵام تەنها (21) پەرلەمانتار بە رێژەی  (18.91%) ئیمەیلیان داناوەو (90) پەرلەمانتار ئیمەیلیان نیە لەسەر ماڵپەڕەكە كە ڕێژەكەی دەگاتە (81.08%).

ئەم زانیاریانە لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان وەرگیراون، بۆیە ئێمە وەكو ئینستتیوتی پەی ئیمەیلی زۆربەی ئەندامانمان دەستكەوتووە و لە ماڵپەڕی روانگەی پەی دامانناوە، نەك بەتەنها ئەمە بەڵكو زۆربەی زۆری زانیارییەكانی دیكەمان بۆ هەریەكێك لە ئەندامانی پەرلەمان داناوە. نەبوونی ئیمەیلی ئەندامان لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان خەمساردی و ئیهمالی پەرلەمانتاران دەگەیەنێت كەوا گرنگی بەوە نادەن رێگەی پەیوەندییان لەگەڵ هاوڵاتیان و دەنگدەرانیاندا هەبێت. 

*- سەبارەت بە تۆڕی كۆمەڵایەتی، (74) ئەندام پەرلەمان تۆڕی كۆمەڵایەتیان لەسەر ماڵپەری پەرلەمان تۆمارنەكراوە، كە ڕێژەكەی دەگاتە (66.66%)، لە بەرامبەردا (37) ئەندام تۆڕی كۆمەڵایەتی تۆماركراوە و ڕێژكەی گەیشتۆتە (33.33%).

سێیەم: دەنگی بەدەستهاتوو:

*- سەبارەت بە رێژەی دەنگی بەدەستهاتووی ئەندامان كە لە ئێستادا پەرلەمانتارن، بەرزترین دەنگی بەدەستهاتوو گەیشتۆتە (91.934)، نزمترین دەنگی بەدەستهاتوو دابەزیوە بۆ(138) دەنگ. 

یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم رێژەی دەنگەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حزبە سیاسیەكان كەسانێك كاندید دەكەن بۆ هەڵبژاردنەكان تەنها بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و دوای هەڵبژاردنەكانیش ناچنە پەرلەمان. هەر بۆیە ئەگەر سەیرێكی ژمارەی دەنگی بەدەستهاتووی سەرجەم قەوارە سەركەوتووەكان بكەین كە (1557453) دەنگە، كەچی ژمارەی دەنگی ئەوانەی لە پەرلەمانن (789389) دەنگە، كە جیاوازییەكەی خۆی لە (768064) دەنگدا دەبینێتەوە.

چوارەم: ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكاندا:

سەبارەت بە ئامادەنەبوونی ئەندامان لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا دەردەكەوێت، كە:

1-كازم فاروق وەك ئەندامێك بەهۆی رێگری لێكردنیەوە كە لەدەرەوەی دەسەلاتی خۆیدا بووە بەشداری هیچ دانیشتنێكی نەكردووە.

2-دوای ئەو ئەندامێكی تر لە كۆی (25) كۆبوونەوە (18) جار غیاب بووە.

3-چەند ئەندامێك زۆرترین دانیشتن ئامادە نەبوونە بەلام لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە بە غیاب تۆمار نەكراون.

بەمەش دەردەكەوێت جگە لە (كازم فاروق) ، (1) ئەندامی پەرلەمان زۆرترین جار ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەبووە، كە (18) جار بووە، لە كۆی (25) دانیشتن لە ساڵێكدا، تەنها لە (18) كۆبوونەوەدا ئامادەنەبوون تۆمار كراوە، بەپێی ئەمەش كە لە (7) كۆبوونەوەدا رێژەی ئامادەنەبوون نەخوێنراوەتەوە، كەواتە لەراستیدا رێژەكە زۆر لەوە زیاترە.

بە شێوەیەكی گشتی لەو دانیشتنانەی ئامادە نەبوون تۆمار كراوە (377) جار ئەندامان لە كۆی دانیشتنەكاندا ئامادەنەبوونیان تۆمار كراوە. ئەم ڕێژانەش ئەوە دەردەخەن، كە رێژەی ئامادەنەبوون بەرز و بەرچاوە، ڕەنگە ژمارەكان لەوە زیاتر بن، بەڵام وەكو تاكە سەرچاوەی زانیاریەكانمان كە ماڵپەڕی پەرلەمان و دانیشتنەكانی پەرلەمانە زانیاریمان دەستكەوتووە.

*- سەبارەت بە ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران لە كۆبوونەوەی لیژنەكاندا، لەماوەی دوو خولی گرێداندا (111) جار ئەندامانی پەرلەمان لە كۆبونەوەكانی لیژنەكاندا ئامادنەبوونە، لەم ژمارەیشدا (2) پەرلەمانتار زۆرترین جار ئامادەنەبوونە كە (6) جار بووە، دوای ئەویش ژمارەكانی دیكە دێن بە ڕێژەی كەمتر، تا دەگاتە ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامان لەسەرجەم كۆبونەوەكانی لیژنەكان بەشداربوونە، كە ژمارەیان (53) پەرلەمانتارە، ئەم زانیاریانەش سەرجەمیان لە كۆبونەوەی پەرلەمان دەستمان كەوتووە، دەشێت ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت، چونكە تۆماری ئامادەنەبووانی زۆربەی كۆبوونەوەكانی لیژنەكان نەخوێنراونەتەوە.

 

پێنجەم: بەشداریی ئەندامان لە گفتوگۆكاندا:

*-سەبارەت بە بەشداریی ئەندامان لە گفتوگۆی دانیشتنەكاندا، بەتێكڕایی (3480) جار قسەیان كردووە، لەم ژمارەیەدا (3) ئەندام زۆرترین جار بە وتە بەشدار بوونە كە هەریەكەیان زیاتر لە سەد جار بووە بە ژمارەكانی (133)، (129) و (109) جار بۆ هەر یەكێكیان قسەیان كردووە، دوای ئەوانە ژمارەكان كەم دەبنەوە، تا دەگاتە ئەوەی (2) ئەندام تەنها (2) جار و (4) ئەندامیش (1) جار قسەیان كردووە. جگە لە (كازم فاروق) كە رێگریی لێكرابوو، ئەندامێكی تریش لەو ساڵەدا هیچ بەشدارییەكی نەبووە لە گفتوگۆكاندا و هیچ قسەیەكی نەكردووە لە دانیشتنەكاندا.

  سەرجەم وتەی ئەندامان لەدانیشتنەكاندا كە تۆماركراوە ئەژمار كراون،  هەرچەندە زۆریی بەشداریی قسەكردن لە كۆبوونەوەكان هەموو كاتێك نیشانەی كارایی ئەندامەكان ناگەیەنێت، چونكە ئەوە هەڵوێست و كارایی ئەندامەكان دیاریدەكات كە ئاخۆ لەسەر چی بابەتێك و كەی قسە دەكەن و چیش دەلێن. 

*-سەبارەت بە ماوەی قسەكردنی ئەندامان لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا، تەنها (2) ئەندام زیاد لە دوو كاتژمێر زۆرترین جار قسەیان كردووە، دوابەدوای ئەوە (13) ئەندام زیاد لە یەك كاتژمێر قسەیان كردووە، دوای ئەوانە بەڕێژەی جیا جیا ماوەی قسەكردنەكە كەم دەبێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی لەماوەی ساڵێكدا ئەندامێك (20) چركە و ئەندامێكی تر (8) چركە قسەیان كردووە. جگە لەو ئەندامەی هیچ قسەیەكی نەكردووە.

 شەشەم: بەشداریی ئەندامان لە واژۆكردنی پێشنیازە یاساو یادداشتەكاندا

*-سەبارەت بە بەشداریی ئەندامان لە واژۆكردنی پێشنیازە یاسا كە پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە، (10) پەرلەمانتار زۆرترین جار واژۆیان لەسەر پێشنیازە یاساكان كردووە، كە (4) پێشنیازە یاسا بووە، دوای ئەویش ژمارەكانی دیكە دێن بە ڕێژەی كەمتر، تا دەگاتە ئەوەی (11) ئەندام واژۆیان لەسەر هیچ پێشنیازە یاسایەك نەكردووە.

*-سەبارەت بە واژۆی ئەندامان لەسەر یادداشتی پرساندنی ئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، دەردەكەوێت كە لە ماوەی ساڵێكدا تەنها یەك یادداشت بەمەبەستی پرساندنی وەزیی دارایی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە واژۆ كراوە و بۆ سەرۆكایەتی بەرز كراوەتەوە بەمەبەستی لێپرسینەوەی. كە (19) ئەندام واژۆیان كردووە، لەكاتێكدا سەرۆكایەتی داوای پرساندنەكەشی نەخستە بەرنامەی كارەوە، جگە لەمە هیچ یادداشتێكی تر پێشكەش نەكراوە.

*- سەبارەت بە واژۆی ئەندامان لەسەر ئەو یادداشتانەی بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆكردن لە دانیشتنەكانی پەرلەمان پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی كراون، (4) ئەندام زۆرترین جار واژۆیان كردووە كە لە كۆی (25) یادداشتدا واژۆیان بەسەر (11) یاداشتەوە هەیە، دوای ئەویش ژمارەكانی واژۆكردن كەم دەبنەوە تا دەگاتە ئەوەی (56)  ئەندام واژۆیان لەسەر هیچ یادداشتێك نەكرووە.

*-سەبارەت بە بیرۆكە، لەماوەی ساڵێكدا لەلایەن ئەندامانەوە هیچ بیرۆكەیەك پێشكەش بە پەرلەمان نەكراوە.

حەوتەم: كارو چالاكییەكانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی:

*-پەرلەمان لەماوەی ساڵێكدا (25) دانیشتنی ئەنجامداوە، (17) یاسای پەسەند كردووە، هیچ پرۆژە یاسایەكی بودجەی نەبینیوەو پەسەندی نەكردووە، هیچ راگەیەنراوێكی دەرنەكردووە، (11) پەیامی پیرۆزبایی و (6) پەیامی ئیدانەو (5) پرسەنامەی ناردووە، (1) پەیامی هاوخەمی و (1) نیگەرانی و (1) سوپاسنامەشی دەركردووە. 

*-سەرۆكی پەرلەمان لەماوەی ساڵێكدا، لە (25) كۆبوونەوە (3) جار ئامادە نەبووە، پێشوازی لە (67) كەسایەتی كردووە، (3) سەردانی كردووە، (39) پەیامی بڵاوكردۆتەوە، لەوانە (26) پیرۆزبایی، (6) پرسەنامە، (6) هاوخەمی و (1) دانەشیان سوپاسنامە بوو!

*-جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەماوەی ساڵێكدا، پێشوازی لە (72) كەسایەتی كردووە، (18) سەردانی كردووە، (20) پەیامی بڵاوكردۆتەوە، لەوانە (14) پیرۆزبایی و (5) هاوخەمی و (1) دانەشیان پرسەنامە بوو!

*-سكرتێری پەرلەمان لەماوەی ساڵێكدا، پێشوازی لە (8) كەسایەتی كردووە، (1) سەردانی كردووە، (10) پەیامی بڵاوكردۆتەوە، لەوانە (7) پیرۆزبایی و (3) هاوخەمی بوو!

ئەنجام

لە ئەنجامی ئەم راپۆرتەدا گەیشتینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە:

یەكەم: لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنها (25) دانیشتنی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو جگە لە كۆبوونەوە نائاساییەكان پێویست بوو زیاد لە (100) كۆبوونەوەی ئەنجامبدابووایە.

  دووەم: لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیەبەهەموویان تەنها (201) كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، ئەمەش بەبەراورد پێداویستی و گرفتەكانی هاوڵاتیان رێژەیەكی كەمە. چونكە بەپێی پەیرەو بەهەموو لیژنەكانەوە لەو ساڵەدا پێویست بوو نزیكەی (900) كۆبوونەوە ئەنجامبدرابوایە.

سێیەم: لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە (7) پرۆژە یاسا نێردراون بۆ پەرلەمان، كە هەر حەوتیان پەسەند كراون.

 چوارەم: سەبارەت بە واژۆی ئەندامان لەسەر پێشنیازە یاساكان، ئەندامان سستن تەنها (6) پێشنیازە یاسای واژۆكراویان پێشكەشكردووە. كە تەنها (2) دانەیان كراون بە یاسا و (4) پێشنیازەكەی تر كاریان لەسەر نەكراوە.

پێنجەم: پەرلەمان لەماوەی ساڵێكدا تەنها (17) یاسای پەسەند كردووە، زۆرینەی ئەو یاسایانەش كە پەسەندكراون رێنماییان بۆ دەرنەچووەو نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

شەشەم: دەستەی سەرۆكایەتی لەماوەی ساڵێكدا (69) پەیامیان بڵاوكردۆتەوە: كە بریتین لە (47) پەیامی پیرۆزبایی و (7) پرسەنامەو (14) پەیامی هاوخەمی و یەك سوپاسنامە.

حەوتەم: نازانرێت ئەندامان چەند پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردووە، چونكە دەستەی سەرۆكایەتی زانیاری ناخاتە بەردەست ، بەڵام بەپێی ئامارێك كە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە كۆتایی خولی پاییزەی ساڵی رابردوو بڵاوی كردۆتەوە تیادا هاتووە، (499) پرسیاری ئەندامان لەلایەن حكومەتەوە وەڵام نەدراونەتەوە.

هەشتەم: سەبارەت بە پرساندنی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، تەنها (1) جار یادداشتی لێپرسینەوەیان واژۆ كردووە، كە ئەویش پشتگوێخراوە. واتە لەماوەی ئەو ساڵەدا پەرلەمان لێپێچینەوەی لە هیچ بەرپرسێك نەكردووە.

نۆیەم: سەبارەت بە خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆكردن لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، (11) یاداشت بە واژۆی ژمارەی یاسایی ئەندامان پێشكەش كراون كە زۆرینەیان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە پشتگوێ خراون.

دەیەم: لەماوەی (1) ساڵدا هیچ بیرۆكەیەك لەلایەن ئەندامانەوە پێشكەش نەكراوە.

یانزەهەم: سەبارەت بە هۆكارەكانی پەیوەندیكردنی هاوڵاتیان بە ئەندامانەوە، بەشی زۆری ئەندامان ئیمەیل و تۆری كۆمەلایەتیان لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمان دانەناوە.

دووانزەهەم: رێژەی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكانی پەرلەمان و لیژنەكاندا بەرزە، ئەمەش یەكێك لە هۆكارەكانە كە زۆر جار دەستەی سەرۆكایەتی ئاماری دانیشتنەكان ئاشكرا ناكات. بۆ نمونە لەم خولەدا لە كۆی (25) دانیشتن، ئاماری ئامادەنەبوونی (7) كۆبوونەوە ئاشكرا نەكراوە و ئەو رێژەیەی لە راپۆرتەكەدا خستومانەتە روو تەنها ئامادە نەبوونی (18) دانیشتنە.

سیانزەهەم: هەندێك لە ئەندامان كەمترین بەشداریان هەبووە لە گفتوگۆی پرۆژە یاساكاندا، هەیانە هیچ بەشدارییەكی نەبووە.

چواردەهەم: لە ماوەی (1) ساڵدا هیچ پەیامێك لەلایەن هیچ وڵات و كەسایەتیەكی جیهانی و ناوخۆیی ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە.

 

راسپاردەكان

1-پێویستە لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و جارێكی تر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەكرێتەوە.

2-یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوەو لەگەڵ خواست و گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بگونجێنرێت.

3- پێویستە بەر لە هەڵبژاردنەكان لایەنە سیاسیەكان خول بە كاندیدەكانیان ببینن و رابهێنرێن و ئامادە بكرێن، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاری نەشارەزا لە پەرلەماندا جێگە نەگرێت. 

4- ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لەگەل رێژەی دانیشتوان و دەنگدەرانی هەرێمدا بگونجێنرێت، بەپێی ماددەی (49) ی دەستوری عیراق كە بۆ هەر (100000) كەس لە دانیشتوانی عیراق كەسێك دەستنیشان دەكرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. بۆیە پێشنیار دەكەین لە هەرێمی كوردستانیش بۆ هەر (100000) كەس لە دانیشتوان ئەندامێكی پەرلەمان دەستنیشان بكرێت، ئەمە بۆ پێكهاتەو كۆتاكانیش هەمان شێوەیە. یان ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە (111) ئەندامەوە كەمبكرێتەوە بۆ (55) ئەندام كە خۆی لە (50) كورسی گشتی و (5)ی كۆتاكاندا دەبینێتەوە. ئەم كەمكردنەوەیە لەخزمەتی خودی پەرلەمان و هەرێمی كوردستاندایە، بەوەی كە هەم كاری یاسادانان و چاودێریكردن بە كەمتر و پوخت تر بەڕێوەدەچێت و هەم ئەو بارگرانیە زۆرەی بودجەش لەسەر هەرێم نامێنێت.

5- پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بكرێتەوە، بەجۆرێك ئەگەر كاتێك دەستەی سەرۆكایەتی بەپێی پەیڕەو نەجولایەوە، پەرلەمانتاران بتوانن لەدانیشتنی پەرلەماندا لێپرسینەوە لە دەستەی سەرۆكایەتی بكەن، تا رێگری بكرێت لە هەڵس و كەوتە شەخسی و حزبیەكانی دەستەی سەرۆكایەتی. 

6-لە پەرلەمانی كوردستاندا ماف و ئەركەكانی ئۆپۆزسیۆن دیاری بكرێت، نەك وەك ئەو رەوشەی لە ئێستادا بەڕێوە دەچێت كە هەموو داواو پێشنیارێكی ئۆپۆزسیۆن یاسایی بێت یا نایاسایی دەدرێتە دواوە.

7- پەرلەمان وەك ناوەندێكی باڵای سیاسی و یاسایی، لەناوەندێكی پاشكۆی حزبەوە بگۆڕدرێت بۆ ناوەندێكی یاسایی و سیاسیی بڕیاردەر. ئەمەش بەوە دەبێت كە لایەنە سیاسیەكان لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا كەسانی بەهێز و بڕیاربەدەست كاندید بكەن و بیان نێرنە پەرلەمان.

8- ئەندامان لە لیژنەكاندا بەئەركی پەیرەویی خۆیان هەڵسن لە نوسینەوەی راپۆرت لەسەر پرۆژە یاساكان و ئەركی چاودێریی وەزارەت و دامەزراوە تایبەتمەندەكانی سنوری پسپۆریی لیژنەكانیان. بۆ ئەمەش پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سەرەتای دانیشتنەكاندا رونكردنەوە بدەن لەسەر ئەوەی كامە لیژنە بەئەركی خۆی هەڵنەستاوەو كەموكوڕییەكان لە كوێیەو كێ بەرپرسیارە، دەبێت لێپرسینەوەو پاداشت و سزا هەبێت.

9- لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان، هەریەكەو لەچوارچێوەی پسپۆریی دیاریكراوی خۆیاندا بەدواداچوون بكەن بۆ یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان كە ئاخۆ تا چەند جێبەجێ دەكرێن یان نا؟ وە هۆكارەكانی جێبەجێنەكرن و پێشێلكردنیان چین؟ ئەگەر پێویستیان بە هەموارە پرۆژە یاسا پێشكەش بكەن و هەمواریان بكەنەوە، ئەگەر هۆكاری تریشە پێویستە لێپێچینەوە لە دەسەلاتی جێبەجێكردن و پێشێلكارانی بكرێت.

10- سەرۆكایەتی پەرلەمان هەفتانە و لەكاتی خۆیدا بەپێی پەیڕەو دانیشتنەكانی ئەنجامبدات، لەهەمان كاتدا ئیجرائات لەگەل ئەو ئەندامانەدا بكات كە رێژەی ئامادەنەبوونیان زۆرە لە دانیشتنەكان و كۆبوونەوەی لیژنەكاندا.

11- پێویستە پەرلەمان لە ناوەندێكی ئیغراكردن و ئیمتیازاتەوە بگۆڕدرێت بۆ ناوەندێك بۆ بەجێگەیاندنی ئەرك و خزمەتی گشتی. 

12- لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا، لەژێر هەر بیانویەكدا بێت، پەرلەمان جارێكی تر هەوڵی درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی نەدات. بەڵكو خۆی هەڵبوەشێنێتەوە تا بەناچاری لەماوەی دوو مانگدا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبژاردن بكرێت.

دوابەدوای پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە (سیروان بابان) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و دەستخۆشی لە ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان كرد، كە دواهەمین راپۆرتی خۆی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، من لەگەڵ تەواوی داتاو انیارییەكانی ناو راپۆرتەكەم، كە بەداخەوە بێهیوایەكی زۆر لە ناوەرٍۆكی راپۆرتەكە بەدیدەدەین، هەروەكچۆن نا ئائومێدی زۆر هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵی كوردی گرتۆتەوە و كار گەیشتۆتە ئەوەی رۆژنامەنووس پەیوەندی پێوە كردوم كە بڕیاری داوە خۆی بكوژێت.

لە كۆتایشدا (د. سەروەر عەبدولڕەحمان) سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان وەڵامی پرسیاری سەرجەم ئامادەبوانی دایەوە و رایگەیاند، كە ئەم راپۆرتە كۆتا راپۆرتمان نابێت و بەردەوام دەبین لەسەر كار و چالاكییەكانمان و لە ناوەرٍاستی مانگی پێندی ئەمساڵ و مانگی شەش راپۆرتی ترمان دەبێت لەسەر بەراوردكردنی خولەكانی پەرلەمانی كوردستان و یاساكانی پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی پێنج خولی پەرلەماندا.

بۆ بیبینی وێنەكان كلیك لێرە بكە:

بۆ خوێندنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ كلیك له‌م (pdf)ه‌، یاخود كلیك لێرە‌ بكه‌...


راپۆرتی چاودێریی پەرلەمانی كوردستان/ ژمارە (١٢)ی خولی پێنجەم