Draw-Plus.jpg

لەم خولی گرێدانەدا (10) پەرلەمانتار (هیچ) قسەیەكیان نەكردووە

Mar 6, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

پەرلەمانتار هەیە لەتەواوی خولەكەدا دەوامی نەكردووە
درەو:
بەپێی راپۆرتێكی ئینستیتیوتی پەی لە خولی گرێدانی پایزەی پەرلەمانی كوردستان:
لەم خولەدا (10) پەرلەمانتار ماوەی شەش مانگ لە دانیشتنەكاندا (هیچ) قسەیەكیان نەكردووەو و هیچ بەشدارییەكیان نەبووە.
بەشداری چەندین ئەندام لە گفتوگۆكان تەنها لە پێناو قسەكردنە، نەك ئیزافەیەك بۆ گفتوگۆكان..
لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان تەنها (15) دانیشتنی ئەنجامداوە و بەپێی پەیرەو دەبوو (51) دانیشتن بكات .
سەرجەم دانیشتنەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا دەستیان پێنەكردووەو دواكەوتوون
ئەندام هەیە لەتەواوی خولەكەدا دەوامی نەكردووە كەچی لەلایەن سەرۆكایەتیەوە بە (غیاب) ئەژمار نەكراوە!
پوختەیەك لە راپۆرتی یانزەهەمی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پـەرلەمانـی كــوردستان
خولی گرێدانی پاییزە لە (1ی ئەیلولی 2022 بۆ 28 ی شوباتی 2023)
میوانانی ئازیز بەخێر بێن...
پەرلەمان! بەرزترین دەسەڵاتی یاسایی و سیاسی و شەرعی، كە دەبێت بۆ هەموو پرسە چارەنوسسازەكان بۆی بگەڕێینەوە، سەكۆی یاسادانان و باش بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە، ئامرازی چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و پەیرەوكردنی یاسا. لەكاتێكدا پێویست بوو زیاتریش بێت بۆ گەلێكی پەژموردەو بەشمەینەتی وەك كورد، بەڵام بەداخەوە، داتاكانی بەرنامەی كار و بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمان و هەڵوێستەكانی پێمان دەڵێن نەیتوانیوە لەئاست ئەو ئەركە یاساییەی دامەزراوەكەو ئەركە مۆڕاڵییەكانی ئەندامە هەڵبژێردراوەكانیدا بێت.
پەرلەمانی كوردستان (31) ساڵ تەمەنیەتی و (5) خولی تێپەڕاندووە، ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، خول لەدوای خول رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە دابەزیندایە، هیچ كام لە خولەكانی بەپێی یاسا بەڕێوە نەچوونەو لەكاتی خۆیاندا هەڵبژاردنیان ئەنجام نەداوە، لە بواری یاساداناندا لە پاشەكشەدایەو چاودێری لاوازە، ساڵانێكە یاسای بودجە نییەو هیچ لێپێچینەوەیەكی لە دەسەلاتی جێبەجێكردن نەكردووە، بۆ هیچ پرسێكی چارەنوسساز بۆی ناگەڕێنەوەو رۆژ لەدوای رۆژ رۆڵی ئەم دامەزراوە گرنگە بێبایەخ تر دەكرێت.
لە پێناو بەرز راگرتنی ئەم دامەزراوە گرنگە، ئێمە لە ئینستتیوتی پەی، وەك رێكخراوێكی كۆمەلی مەدەنی، بە ئەركی خۆمان زانیوە كە لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان و بە شێوازێكی مەدەنی، لەماوەی نۆ ساڵی رابردوو و لە دوو خولی جیاوازدا چاودێریی كار و هەڵوێستەكانی بكەین، بۆ ئەوەی لەلایەك فشار بخەینە سەر ئەندامان و سەرۆكایەتیەكەی تا بە ئەركەكانی خۆیان هەڵسن و لەلایەكی تریشەوە دەنگدەران و رای گشتیان لێ ئاگادار بكەینەوە. هەر لەم پێناوەدا تاكو ئێستا لەپرۆژەیەكدا كە بە هاوكاری رێكخراوی (NED)ی ئەمریكی بەڕێوە دەچێت، (24) راپۆرتمان بڵاوكردۆتەوە.
لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان كەمترین دانیشتنی كردووە، داتاكان لەم راپۆرتەدا بەردەستن كە بە مانگ كۆنەبۆتەوە، سەرباری ئەمە تەمەنی خۆیشی درێژكردەوەو نەیتوانی ئامادەكاری بكات لەو ئەركانەی دەكەوتنە سەر شانی تا هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، جگە لەوەی تەمەنی خۆی درێژكردەوە، كەچی زیاد لە چوار مانگ بەسەر درێژكردنەوەكەشیدا تێپەڕیوە تا ئێستاش هیچكام لەو ئەركانەی بەجێنەگەیاندووە كە تەمەنی خۆی بۆ درێژكردەوە! نە یاسای هەڵبژاردن هەمواركراوە، نە كۆمسیۆن كارا كراوەتەوە، نە تۆمار پاك كراوەتەوە، نە هیچ كام لە رێكارەكانی هەڵبژاردن گیراوەنەتە بەر.
پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگی وەرزی پاییزەدا كە لە(1ی ئەیلولی 2022)ەوە دەست پێدەكات تا (28ی شوباتی 2023)، لەهەڵسەنگاندنی راپۆرتی چاودێریماندا بەم شێوەیە خراوەتە روو:
یەكەم: دانیشتنەكانی پەرلەمان:
سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی كردنەوەی خولی بەهارەدا لە (1/3/2022) وتەیەكی پێشكەش كرد سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و ڕایگەیاند: "سەرجەم هێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت ".
بەلام بەڕێزیان نەك هەر ئەو ئەركەی بەجێنەگەیاند و كاری بۆ نەكرد، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوتی كرد و بەشێك بوو لەو سیناریۆیەی هەوڵی بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا، ئەوەتا لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پاییزەدا لە (1/9/2022) راشكاوانە وتی: " لە 6/11/2022 خولی شەشەم دەسبەكار نابێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هێزە سیاسییەكان ئەركی هاوبەشمان دەكەوێتە ئەستۆ"، مەبەست لەمەش رێگە خۆشكردن و داننان بوو بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. هەر بۆیەش دەبینین لە (5/10/2022) دا پێشنیازە یاسایەك لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت بەمەبەستی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كە (85) ئەندام واژۆیان كردبوو و لەسەرووی هەمووشیانەوە سەرۆك و جێگرەكەی بوون. كە لە (9/10/2022) یاساكەشیان پەسەند كرد و ساڵێك تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە.
هەر لە دانیشتنی 1/9/2022 دا سەرۆكی پەرلەمان گووتی: "ئەركی پەرلەمانتاران و لیژنەكانە كاری چاودێریی جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكان چڕ بكەنەوە و چاوپۆشی لە كەموكوڕییەكان نەكەن". ئەوەی جێگەی سەرنجە لەسەرجەم دانیشتنەكانی كردنەوەی خولەكانی چوار ساڵی رابردوودا سەرۆكی پەرلەمان لە وتەكانیدا ئەم وتانەی دووپات كردۆتەوە، بەبێ ئەوەی لەمەیدانی پراكتیكدا نە خۆی زەمینەی بۆ رەخساندبێ نە لیژنەكان و ئەندامانیش وەك پێویست كاریان پێ كردبێ و جێبەجێی بكەن.
هەروەك لەكۆبوونەوەی دەستپێكی خولی گرێدانی پێشوودا سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاندبوو و بەلێنی دابوو لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر پرۆژەیان لەسەر كەڵەكە بووە و پێویستی یاساییش هەیەو دەبێت دەربچوێنرێن، هەر بۆیە بەڵێنی دا لەمەودوا بەپێی پەیڕەو هەموو رۆژانی (سێشەممە و چوار شەممە) پەرلەمان بۆ دەركردنی یاسا كۆدەبێتەوە و رۆژانی (پێنج شەممە)ش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەت، بەپێی وتەكانی بەڕێزیان دەبوایە لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان (51) دانیشتنی بكردایە، بەڵام ئەو بەلێنەیان بەجێ نەهێنا، تەنها (15) جار كۆبوونەوە.
كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 28/2/2023) واتە بە (چوار ساڵا و سێ‌ مانگ و بیست و چوار رۆژ)، تەنها (114) دانیشتن كراوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو دەبوایە بەلای كەمەوە (331) كۆبوونەوەی ئەنجامبدایە.
دووەم: دۆخی یاسادانان:
لەم خولی گرێدانەدا، خوێندنەوەی یەكەم تەنها بۆ (4) پێشنیاز و پرۆژە یاسا كراوە، (6) یاسا پەسەندكراون، بەگشتی لە خولی پێنجدا (ماوەی چوار ساڵ) خوێندنەوە بۆ (79) پێشنیاز و پرۆژە یاسا كراوەو (47) یاساش پەسەندكراون.
هەرچەندە سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی كردنەوەی خولی گرێدانەكانی پێشووتردا كۆمەلێك بەلێنی دابوو كە كاریان لەسەر بكات، وەك:
- هەمواری یاسای وەبەرهێنان.
- بەدواداچوون بۆ گرفتی دەروازە سنورییەكان.
- پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
- ئەنجومەنی دەرمان و خۆراك.
- رێكخستن و فرۆشتنی لێدەرهێندراوەكانی نەوت.
- كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور.
- هێنانی بودجە بۆ پەرلەمان.
- گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە بە یاسا.
- فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات.
- چارەنوسی فەرمانبەرانی گرێبەست.
- چەندان یاسا و بڕیار و بابەتی تر. بەڵام نە لە خولی گرێدانەكانی پێشوو و نە لەم خولەشدا هیچكام لەو بەلێنانە جێبەجێ نەكران و كاریان لەسەر نەكرا.
سێیەم: دۆخی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان:
لە خولی پاییزەدا، لیژنەكان وەك پێویست كاریان نەكردووە بەپێی پەیرەو پەیوەست نەبوونە بە نوسینی راپۆرت لەسەر پرۆژەكان و وادەی كۆبوونەوەكانەوە.
ئەركێكی تری لیژنەكان، بەداوداچوونە بۆ ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام ئەو ئەركەشیان جێ‌ بەجێ‌ نەكردووە.
چوارەم: دۆخی چاودێریی دامەزراوەكان:
بەردەست نیە كە ئەندامان چەند پرسیاریان ئاڕاستەی حكومەت كردووە، وەڵام نەدانەوەی پرسیار بۆتە نەریت و ئەندامان بەردەوام ناڕەزایی دەردەبڕن. لە (15) دانیشتنی پەرلەمانیشدا تەنها (4) ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بوونە، ئەوانیش لەكاتی پەسەند كردنی یاساكاندا، نەك بەمەبەستی بەدواداچوون و لێپێچینەوە.
پێنجەم: پرسی بودجە و ژمێرەی كۆتایی:
(10) ساڵە حكومەت، بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان، (12) ساڵیشە ژمێرەی كۆتایی و بەیانی دارایی نەخستۆتە بەردەم پەرلەمان.
شەشەم: بودجەی پەرلەمان:
بەپێی پەیرەو ئەركی دەستەی سەرۆكایەتییە بودجەی ساڵانە و ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان، بخاتە بەردەم ئەندامان بۆ پەسەندكردن، بەلام تا ئێستا ئەم ئەركەی بەجێ نەگەیاندووە.
حەوتەم: بیرۆكەی ئەندامان
ئەندامان لەم شەش مانگەدا هیچ بیرۆكەیان پێشكەش نەكردووە.
هەشتەم: هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان بە پێوەرە نێودەوڵەتیەكان
بەپێی پێوەری یەكێتی پەرلەمانەكانی جیهان (IPU)، پەرلەمانی كوردستان لە ئاستێكی لاوازدایە، ئاستی لە دانیشتنەكاندا نزمە، رێژەی ئامادەبوون و نەبوونی ئەندامان لە دانیشتنەكاندا شەفاف نیە، ئاستی رەزامەندی لەسەر بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان و دانیشتنەكان كۆنترۆلنەكراوە، ئاستی بالانس لە بەشداری ئەندامان و چالاكی یاسادانان سنوردارە. ئاستی دەستپێشخەری و بەشداری ئەندامان لەكاری چاودێری لاوازە. لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیەوە گومان لەسەر ئەندامان هەیە، زۆرترین پرسیاری نوسراوی ئەندامان وەڵام نەدراوەتەوە، هیچ لێپرسینەوەو پرساندنێك نەكراوە، ئەمانەو چەندین خاڵی لاوازی تری پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكەی بەپێی پێوەرە جیهانییەكە لەم راپۆرتەدا خراونەتە روو.
نۆیەم: ئەنجام
پەرلەمانی كوردستان وەك بەرزترین دامەزراوەی هەرێم و تاكە مەرجەعی سیاسی و یاسایی، دامەزراوەی هەڵبژێردراو كە تەعبیر لە نوێنەرایەتی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات و بە یاسا و پەیرەو كارەكانی رێكخراوەو ئەرك و دەسەلاتەكانی دەستنیشانكراون. بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەم دامەزراوە بالایە گلێندراوەتە ململانێ سیاسیەكان و نەیتوانیوە ئەركەكانی جێبەجێ بكات. لەم راپۆرتەدا ئەم راستیانە خراونەتە روو كە بە كورتی گەیشتینە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە:
1-نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركی یاسادانان هەڵسێت. لەم خولی گرێدانەدا تەنها (6) یاسای پەسەند كردووە، كە تا ئێستاش (5) لەو یاسایانە لە وەقائیعی كوردستان بڵاو نەكراونەتەوە.
2- ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریكردوون هەم لە رووی (شكلی) و هەم لە رووی (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبووەو كوالیتیان وەك پێویست نییە، بۆیە زۆرترینیان یا نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە یا هەر دوای دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە.
3-وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە.
4- لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێك بەمەبەستی داوای پرساندن پێشكەش نەكراوە.
5- لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن كردووە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نییەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست، بەڵام بەپێی زانیارییەكان بەشێكی زۆر لە پرسیارە نوسراوە فەرمییەكان وەڵامنەدراونەتەوە.
6-حكومەت (10) ساڵە پرۆژەی بودجەو (12)ساڵە ژمێرەی كۆتایی بۆ پەرلەمان نەناردووە.
7-چوار ساڵە پەرلەمان ژمێرەی كۆتایی بودجەی خۆی نەخستۆتە بەردەم ئەندامەكانی.
8-دانیشتنەكان لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵكیدا نییەو نەیتوانیوە ڕۆڵی مەرجەعی باڵای سیاسی و یاسایی هەرێم بگێرێت.
9-دەستوری هەرێم پێویستییەكی گرنگ بوو دەبووایە كاری لەسەر بكرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ نەنراوە.
10-لە دانوستانی هەولێر و بەغدا دەبوایە پەرلەمان مەرجەع و كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و بۆچوونەكان بێت بەڵام وا نەكەوتەوە.
11-لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان تەنها (15) دانیشتنی ئەنجامداوە و (60:11) شەشت كاتژمێر و یانزە خولەك كۆبۆتەوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو دەبوو بەلای كەمەوە (51) دانیشتن بكات و (153) كاتژمێر كۆ ببێتەوە.
12-بەهۆی گوێنەگرتن لە ئەندامان، زۆری دانیشتنەكان گرژی تێدەكەوێت، سەرۆكایەتیش بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە پەخش رادەگرێت.
13-بەپێی پەیڕەو، (7) یاداشت هەیە كە ژمارەی یاسایی ئەندامان واژۆیان كردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ، بەڵام هیچ كامیان نەخراونەتە بەرنامەی كارەوەو پشتگوێخراون.
14- بەرنامەی كاری دانیشتنەكان لەگەڵ خواستە هەنوكەییەكانی خەڵكی كوردستاندا وێك نایەتەوە، بۆیە بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربڕدراوەو پەشێوی دروستبووە.
14- سەرجەم دانیشتنەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا وەك لەبەرنامەی كاردا هاتووە دەستیان پێنەكردووەو دواكەوتوون.
15-هاوشێوەی سەرۆكایەتی، ئەندامی پەرلەمانیش چەندین جار پەیڕەویان پێشێل كردووە.
16-لیژنە هەمیشەییەكان ئەركی پەیڕەوییان ئەنجام نەداوە، سست بوون لەسەر نوسینی راپۆرت لەسەر پرۆژەو پێشنیازە یاساكان تا بخرێنە بەرنامەی كارەوە بەمەبەستی پەسەندكردن.
17-لەم خولەی گرێدانەدا (10) پەرلەمانتار ماوەی شەش مانگ لە دانیشتنەكاندا (هیچ) قسەیەكیان نەكردووەو و هیچ بەشدارییەكیان نەبووە.
18-كاتێك سەرنجی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەدەین، بەڕوونی دیارە بەشداری چەندین ئەندام لە گفتوگۆكان تەنها لە پێناو قسەكردنە، نەك ئیزافەیەك بۆ گفتوگۆكان.
19-بەپێی بڕیاری ژمارە (2) لە(31/3/2021) رێگریی لە پەرلەمانتار (كازم فاروق) كرا بەشداری دانیشتنەكان بكات، سەرباری ئەوەی پێچەوانەی پەیرەوی ناوخۆ بوو، دوابەدوای بڕیارەكە (كازم فاروق) یانزە جار سەردانی پەرلەمانی كردووە بەڵام پاسەوانەكان لە دەروازەی دەرەوە رێگریان لێكرد و ئەمەش پێشێلی پەیرەو بوو، دواتر لە (27/2/2022) كازم فاروق نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە پەرلەمان كردوو، بەلام تا ئێستاش كە ساڵێك تێپەڕی كردووە نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە، ئەمەش پێچەوانەی پەیرەوە.
20-لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی (شێركۆ جودت مستەفا، ابوبكر عبدالله سعید، اسماعیل علی تەها، سەرچنار احمد محمود، هەلز احمد محمد) لە (1/11/2022) و (عەلی حەمەسالح) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە دووای 6/11/2022 نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش بە پەرلەمان كرد، بەلام تا تەواو بوونی خولی گرێدانەكەش سەرۆكایەتی نەیخستە بەرنامەی كارەوەو ئەمەش پێچەوانەی پەیرەوی پەرلەمانە.
21-ژمارەیەك ئەندام زۆرترین ئامادەنەبوونیان هەیە لەدانیشتنەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكاندا، تەنانەت ئەندام هەیە لەتەواوی خولەكەدا دەوامی نەكردووە كەچی لەلایەن سەرۆكایەتیەوە بە (غیاب) ئەژمار نەكراوە!
22- لەماوەی ئەم خولەدا لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیە تەنها (80) كۆبوونەوەیان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو بە هەر نۆزدە لیژنەكە لەماوەی ئەم خولەدا بەلای كەمەوە (230) جار كۆبونەوە بكەن.
23- سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (11) پەیامی راگەیاندووە، كە پێكهاتووە لە: ( پەیامی پیرۆزبایی، (2) پەیامی ئیدانە، (1) پەیامی نیگەرانی، ئەمە لەكاتێكدا زۆر پرسی گرنگ هەبوون و پێویست بوو پەرلەمان هەڵوێستی لەبەرامبەریاندا هەبێت.
24- ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی لەماوەی (6) مانگدا (37) پەیامیان راگەیاندووە، كە تێكڕایان بریتین لە: (19) پەیامی پیرۆزبایی، (11) پەیامی هاوخەمی، (6) پەیامی هاوخەمی بەبۆنەی پرسەوە و (1) پەیامی سوپاس و پێزانین.
دەیەم: راسپاردەكان
1-پەرلەمان سەربەخۆیی خۆی هەبێت و سەرۆكایەتی و ئەندامان بەپێی پەیرەو ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن. ئەو پێشێلكاریانەی پەیرەو كە كراون و دەكرێن رایان بگرن.
2-سەرۆكایەتی پەرلەمان بەپشتیوانی سەرجەم فراكسیۆنە جیاجیاكان جەخت بكاتەوە هەڵبژاردن لە زووترین دەرفەتدا بكرێت و نەریتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان كۆتایی پێ بهێنرێت.
3-پەیمانێكی شەرەف لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان واژۆ بكرێت و پەرلەمان بەراستی بالاترین مەرجەعی سیاسی و یاسایی هەرێم بێت و بۆ پرسە چارەنوسسازەكان بۆی بگەڕێنەوە.
4-كار لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكرێت، كە ناكۆكیی لەنێوان هێزە سیاسییەكان دروستكردووە.
5-كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارا بكرێتەوەو كار بۆ پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكرێت.
6-پەرلەمان سەرۆكایەتی دەستەی (دەستپاكی) و (دیوانی چاودێریی دارایی) و كۆمسیارانی (كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان) بگۆڕێت یا نوێیان بكاتەوە، كە ماوەی یاساییان بەسەر چووە.
7- پەرلەمان چاودێریی دەسەلاتی جێبەجێكردن بكات لەو پێشێلكارییە یاساییانەی دەیكەن رایان بگرێت.
8- هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارەی سەرۆكی پەرلەمان كە رێگری لە ئەندامان دەكات لە چاودێریكردنی پرۆژەكاندا.
9- دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وردتربێت و ئەو پێشێلكاریانەی پەیرەو كە كراون و دەكرێن رایان بگرێت.
10- پەرلەمان چاودێریی دەسەلاتی جێبەجێكردن بكات لەو پێشێلكارییە یاساییانەی دەیكەن رایان بگرێت.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.facebook.com/106976778974435/posts/128751970130249/?mibextid=Nif5oz