Zhn.jpg

ئینستتیوتی پەی: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەرکی یاسایی و چاودێری خۆی جێبەجێنەکردووە

Mar 5, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بڵاویكردەوە، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە وەرزی یاسادانانی بەهارەیدا نەیتوانیوە ئەركی خۆی وەك پێویست جێبەجێ بكات و تەنها ٦ یاسای دەركردووە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپیدان ئەمرۆ ٤ی ئادار، لە كۆنگەرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە كارەكانی ٦ مانگی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەو یاسایانەی پەرلەمان لە ٦ مانگی رابردوودا دەریكردوون هەم لە ڕووى (شکلى) و هەم لە ڕووى (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبووە و كوالێتیان وەك پێویست نییە، بۆیە زۆرترینیان نەچونەتە بواری جێبەجێكردنەوە یاخود هەر دوای دەرچوونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە، لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانیشەوە هیچ یادداشتێك بەمەبەستی داوای پرساندن پێشكەش نەكراوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان لەگەڵ خواستەكانی خەڵكی یەکناگرێت، بۆیە بەردەوام ناڕەزایی لەلایەن ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربڕدراوە و پەشێوی دروستبووە، لەم خولەی گرێدانەشدا ١٠ پەرلەمانتار لە ماوەی ٦ مانگدا لە دانیشتنەكاندا هیچ قسەیەكیان نەكردووە و هیچ بەشدارییەكیان نەبووە.

 ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە خولى پاییزەدا، لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان وەک پێویست کاریان نەکردووە، بەپێى پەیرەو پەیوەست نەبوون بە نوسینى ڕاپۆرت لەسەر پڕۆژەکان و وادەى کۆبوونەوەکانەوە، ئەرکێکی تری لیژنەکان، بەداوداچوونە بۆ ئاستی جێبەجێکردنی یاساکان، بەڵام ئەو ئەرکەشیان جێبەجێ نەکردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئینستتیوتی پەی داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەكات، جەخت بكەنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زوترین دەرفەتدا و نەریتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان كۆتایی پێبهێنرێت، هەروەها پەیمانێكی شەرەف لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان واژۆ بكرێت و پەرلەمان بەڕاستی باڵاترین مەرجەعی سیاسی و یاسایی هەرێم بێت و بۆ پرسە چارەنوسسازەكان بۆی بگەڕێنەوە.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://jinhaagency.com/so/zhan/gh-35590