خەندان-
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی خۆی لەسەر کارەکانی شەش مانگی رابردوی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان لە وەرزی یاسادانانی بەهارەیدا نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکى یاسادانان و چاودێریکردن هەڵسێت و لەم خولى گرێدانەدا تەنها (6) یاساى پەسەند کردوە، کە تا ئێستاش (5) لەو یاسایانە لە وەقائیعى کوردستان بڵاو نەکراونەتەوە.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو یاسایانەى پەرلەمان لە شەش مانگی رابردو دەریکردون هەم لە روى (شکلى) و هەم لە روى (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبوەو کوالیتیان وەک پێویست نییە، بۆیە زۆرترینیان یا نەچونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە یا هەر دواى دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبوە، هەروەها وێراى ئەو هەمو ناڕەزایی و کەموکوڕى و داوایەى هەبو، متمانە لە هیچ وەزیرێک نەسەنراوەتەوە.لەلایەن ژمارەى یاسایی ئەندامانیشەوە هیچ یادداشتێک بەمەبەستى داواى پرساندن پێشکەش نەکراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، بەرنامەى کارى دانیشتنەکانی پەرلەمان لەگەڵ خواستە هەنوکەییەکانى خەڵکى کوردستاندا وێک نایەتەوە، بۆیە بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانى ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربڕدراوەو پەشێوى دروستبوە، لەم خولەى گرێدانەشدا (10) پەرلەمانتار ماوەى شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا (هیچ) قسەیەکیان نەکردوە و هیچ بەشدارییەکیان نەبوە.
جەخت بکەنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زوترین دەرفەتدا
ئینستتیوتی پەی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش دەکات جەخت بکەنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زوترین دەرفەتدا و نەریتى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان کۆتایی پێ بهێنرێت. هەروەها پەیمانێکى شەرەف لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان واژۆ بکرێت و پەرلەمان بەڕاستى باڵاترین مەرجەعى سیاسی و یاسایی هەرێم بێت و بۆ پرسە چارەنوسسازەکان بۆى بگەڕێنەوە.
باسی لەوەشکردوە، پێویستە پەرلەمان سەرۆکایەتی دەستەی (دەستپاکى) و (دیوانى چاودێریی دارایی) و کۆمسیارانى (کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان) بگۆڕێت یا نوێیان بکاتەوە، کە ماوەی یاساییان بەسەر چووە. هەروەها پەرلەمان چاودێریی دەسەڵاتى جێبەجێکردن بکات لەو پێشێلکارییە یاساییانەى دەیکەن رایان بگرێت.
دەقی راپۆرتەکەی ئینستتیوتی پەی:
پوختەیەک لە راپۆرتى یانزەهەمى چاودێریى و هەڵسەنگاندنى کارەکانى پـەرلەمانـى کــوردستان
خولی گرێدانی پاییزە لە (1ى ئەیلولى 2022 بۆ 28 ى شوباتى 2023)
پەرلەمان! بەرزترین دەسەڵاتى یاسایی و سیاسی و شەرعى، کە دەبێت بۆ هەموو پرسە چارەنوسسازەکان بۆى بگەڕێینەوە، سەکۆى یاسادانان و باش بەڕێوەبردنى کۆمەڵگە، ئامرازى چاودێریکردنى دەسەڵاتى جێبەجێکردن و پەیرەوکردنى یاسا. لەکاتێکدا پێویست بوو زیاتریش بێت بۆ گەلێکى پەژموردەو بەشمەینەتى وەک کورد، بەڵام بەداخەوە، داتاکانى بەرنامەى کار و بەڕێوەچوونى دانیشتنەکانى پەرلەمان و هەڵوێستەکانى پێمان دەڵێن نەیتوانیوە لەئاست ئەو ئەرکە یاساییەى دامەزراوەکەو ئەرکە مۆڕاڵییەکانى ئەندامە هەڵبژێردراوەکانیدا بێت.
پەرلەمانى کوردستان (31) ساڵ تەمەنیەتى و (5) خولى تێپەڕاندووە، ئەوەى جێگەى سەرنج و تێڕامانە، خول لەدواى خول رێژەى بەشداریی دەنگدەران لە دابەزیندایە، هیچ کام لە خولەکانى بەپێى یاسا بەڕێوە نەچوونەو لەکاتى خۆیاندا هەڵبژاردنیان ئەنجام نەداوە، لە بوارى یاساداناندا لە پاشەکشەدایەو چاودێری لاوازە، ساڵانێکە یاساى بودجە نییەو هیچ لێپێچینەوەیەکى لە دەسەلاتى جێبەجێکردن نەکردووە، بۆ هیچ پرسێکى چارەنوسساز بۆى ناگەڕێنەوەو رۆژ لەدواى رۆژ رۆڵى ئەم دامەزراوە گرنگە بێبایەخ تر دەکرێت.
لە پێناو بەرز راگرتنى ئەم دامەزراوە گرنگە، ئێمە لە ئینستتیوتى پەى، وەک رێکخراوێکى کۆمەلى مەدەنى، بە ئەرکى خۆمان زانیوە کە لەچوارچێوەى یاسا بەرکارەکان و بە شێوازێکى مەدەنى، لەماوەى نۆ ساڵى رابردوو و لە دوو خولى جیاوازدا چاودێریی کار و هەڵوێستەکانى بکەین، بۆ ئەوەى لەلایەک فشار بخەینە سەر ئەندامان و سەرۆکایەتیەکەى تا بە ئەرکەکانى خۆیان هەڵسن و لەلایەکى تریشەوە دەنگدەران و راى گشتیان لێ ئاگادار بکەینەوە. هەر لەم پێناوەدا تاکو ئێستا لەپرۆژەیەکدا کە بە هاوکاری رێکخراوى (NED)ى ئەمریکی بەڕێوە دەچێت، (24) راپۆرتمان بڵاوکردۆتەوە.
لە خولى گرێدانى پاییزەدا پەرلەمان کەمترین دانیشتنى کردووە، داتاکان لەم راپۆرتەدا بەردەستن کە بە مانگ کۆنەبۆتەوە، سەربارى ئەمە تەمەنى خۆیشى درێژکردەوەو نەیتوانى ئامادەکارى بکات لەو ئەرکانەى دەکەوتنە سەر شانى تا هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا ئەنجامبدرێت، جگە لەوەى تەمەنى خۆى درێژکردەوە، کەچى زیاد لە چوار مانگ بەسەر درێژکردنەوەکەشیدا تێپەڕیوە تا ئێستاش هیچکام لەو ئەرکانەى بەجێنەگەیاندووە کە تەمەنى خۆى بۆ درێژکردەوە! نە یاساى هەڵبژاردن هەموارکراوە، نە کۆمسیۆن کارا کراوەتەوە، نە تۆمار پاک کراوەتەوە، نە هیچ کام لە رێکارەکانى هەڵبژاردن گیراوەنەتە بەر.
پەرلەمانى کوردستان لە شەش مانگى وەرزی پاییزەدا کە لە(1ى ئەیلولى 2022)ەوە دەست پێدەکات تا (28ى شوباتى 2023)، لەهەڵسەنگاندنى راپۆرتى چاودێریماندا بەم شێوەیە خراوەتە روو:
یەکەم: دانیشتنەکانی پەرلەمان:
سەرۆکى پەرلەمان لە دانیشتنى کردنەوەى خولى بەهارەدا لە (1/3/2022) وتەیەکی پێشکەش کرد سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و ڕایگەیاند: "سەرجەم هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت ".
بەلام بەڕێزیان نەک هەر ئەو ئەرکەى بەجێنەگەیاند و کارى بۆ نەکرد، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوتى کرد و بەشێک بوو لەو سیناریۆیەى هەوڵى بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەماندا، ئەوەتا لە دانیشتنى کردنەوەى خولى پاییزەدا لە (1/9/2022) راشکاوانە وتى: " لە 6/11/2022 خولى شەشەم دەسبەکار نابێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هێزە سیاسییەکان ئەرکى هاوبەشمان دەکەوێتە ئەستۆ"، مەبەست لەمەش رێگە خۆشکردن و داننان بوو بە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن و درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان. هەر بۆیەش دەبینین لە (5/10/2022) دا پێشنیازە یاسایەک لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت بەمەبەستى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان و ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا کە (85) ئەندام واژۆیان کردبوو و لەسەرووى هەمووشیانەوە سەرۆک و جێگرەکەى بوون. کە لە (9/10/2022) یاساکەشیان پەسەند کرد و ساڵێک تەمەنى پەرلەمانیان درێژکردەوە.
هەر لە دانیشتنى 1/9/2022 دا سەرۆکى پەرلەمان گووتی: "ئەرکی پەرلەمانتاران و لیژنەکانە کاری چاودێریی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکان چڕ بکەنەوە و چاوپۆشی لە کەموکوڕییەکان نەکەن". ئەوەى جێگەى سەرنجە لەسەرجەم دانیشتنەکانى کردنەوەى خولەکانى چوار ساڵى رابردوودا سەرۆکى پەرلەمان لە وتەکانیدا ئەم وتانەى دووپات کردۆتەوە، بەبێ ئەوەى لەمەیدانى پراکتیکدا نە خۆى زەمینەى بۆ رەخساندبێ نە لیژنەکان و ئەندامانیش وەک پێویست کاریان پێ کردبێ و جێبەجێى بکەن.
هەروەک لەکۆبوونەوەى دەستپێکى خولى گرێدانى پێشوودا سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاندبوو و بەلێنى دابوو لەبەر ئەوەى ژمارەیەکى زۆر پرۆژەیان لەسەر کەڵەکە بووە و پێویستى یاساییش هەیەو دەبێت دەربچوێنرێن، هەر بۆیە بەڵێنى دا لەمەودوا بەپێى پەیڕەو هەموو رۆژانى (سێشەممە و چوار شەممە) پەرلەمان بۆ دەرکردنى یاسا کۆدەبێتەوە و رۆژانى (پێنج شەممە)ش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت، بەپێى وتەکانى بەڕێزیان دەبوایە لە خولى گرێدانى پاییزەدا پەرلەمان (51) دانیشتنى بکردایە، بەڵام ئەو بەلێنەیان بەجێ نەهێنا، تەنها (15) جار کۆبوونەوە.
کۆی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 28/2/2023) واتە بە (چوار سالڕ و سێ مانگ و بیست و چوار رۆژ)، تەنها (114) دانیشتن کراوە، ئەمە لەکاتێکدا بەپێى پەیڕەو دەبوایە بەلای کەمەوە (331) کۆبوونەوەى ئەنجامبدایە.
دووەم: دۆخی یاسادانان:
لەم خولى گرێدانەدا، خوێندنەوەی یەکەم تەنها بۆ (4) پێشنیاز و پرۆژە یاسا کراوە، (6) یاسا پەسەندکراون، بەگشتى لە خولی پێنجدا (ماوەى چوار ساڵ) خوێندنەوە بۆ (79) پێشنیاز و پرۆژە یاسا کراوەو (47) یاساش پەسەندکراون.
هەرچەندە سەرۆکى پەرلەمان لە دانیشتنى کردنەوەى خولی گرێدانەکانى پێشووتردا کۆمەلێک بەلێنى دابوو کە کاریان لەسەر بکات، وەک:
- هەموارى یاساى وەبەرهێنان.
- بەدواداچوون بۆ گرفتى دەروازە سنورییەکان.
- پاراستنی بەرهەمی خۆماڵى.
- ئەنجومەنی دەرمان و خۆراک.
- رێکخستن و فرۆشتنی لێدەرهێندراوەکانی نەوت.
- کاراکردنەوەی لیژنەی دەستوور.
- هێنانی بودجە بۆ پەرلەمان.
- گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بە یاسا.
- فرەکردنی سەرچاوەکانی داهات.
- چارەنوسی فەرمانبەرانی گرێبەست.
- چەندان یاسا و بڕیار و بابەتى تر. بەڵام نە لە خولى گرێدانەکانى پێشوو و نە لەم خولەشدا هیچکام لەو بەلێنانە جێبەجێ نەکران و کاریان لەسەر نەکرا.
سێیەم: دۆخی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان:
لە خولى پاییزەدا، لیژنەکان وەک پێویست کاریان نەکردووە بەپێى پەیرەو پەیوەست نەبوونە بە نوسینى راپۆرت لەسەر پرۆژەکان و وادەى کۆبوونەوەکانەوە.
ئەرکێکی تری لیژنەکان، بەداوداچوونە بۆ ئاستی جێبەجێکردنی یاساکان، بەڵام ئەو ئەرکەشیان جآ بەجآ نەکردووە.
چوارەم: دۆخی چاودێریی دامەزراوەکان:
بەردەست نیە کە ئەندامان چەند پرسیاریان ئاڕاستەى حکومەت کردووە، وەڵام نەدانەوەی پرسیار بۆتە نەریت و ئەندامان بەردەوام ناڕەزایی دەردەبڕن. لە (15) دانیشتنی پەرلەمانیشدا تەنها (4) ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە بوونە، ئەوانیش لەکاتى پەسەند کردنى یاساکاندا، نەک بەمەبەستى بەدواداچوون و لێپێچینەوە.
پێنجەم: پرسی بودجە و ژمێرەی کۆتایی:
(10) ساڵە حکومەت، بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان، (12) ساڵیشە ژمێرەی کۆتایی و بەیانى دارایی نەخستۆتە بەردەم پەرلەمان.
شەشەم: بودجەی پەرلەمان:
بەپێى پەیرەو ئەرکی دەستەی سەرۆکایەتییە بودجەی ساڵانە و ژمێرەی کۆتایی پەرلەمان، بخاتە بەردەم ئەندامان بۆ پەسەندکردن، بەلام تا ئێستا ئەم ئەرکەى بەجێ نەگەیاندووە.
حەوتەم: بیرۆکەى ئەندامان
ئەندامان لەم شەش مانگەدا هیچ بیرۆکەیان پێشکەش نەکردووە.
هەشتەم: هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی کوردستان بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکان
بەپێى پێوەرى یەکێتی پەرلەمانەکانى جیهان (IPU)، پەرلەمانى کوردستان لە ئاستێکى لاوازدایە، ئاستی لە دانیشتنەکاندا نزمە، رێژەى ئامادەبوون و نەبوونى ئەندامان لە دانیشتنەکاندا شەفاف نیە، ئاستى رەزامەندى لەسەر بڕیارى سەرۆکى پەرلەمان و دانیشتنەکان کۆنترۆلنەکراوە، ئاستى بالانس لە بەشدارى ئەندامان و چالاکی یاسادانان سنوردارە. ئاستی دەستپێشخەری و بەشداری ئەندامان لەکاری چاودێری لاوازە. لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتیەوە گومان لەسەر ئەندامان هەیە، زۆرترین پرسیارى نوسراوى ئەندامان وەڵام نەدراوەتەوە، هیچ لێپرسینەوەو پرساندنێک نەکراوە، ئەمانەو چەندین خاڵى لاوازى ترى پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکەى بەپێى پێوەرە جیهانییەکە لەم راپۆرتەدا خراونەتە روو.
نۆیەم: ئەنجام
پەرلەمانى کوردستان وەک بەرزترین دامەزراوەى هەرێم و تاکە مەرجەعی سیاسی و یاسایی، دامەزراوەى هەڵبژێردراو کە تەعبیر لە نوێنەرایەتى سەرجەم هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان دەکات و بە یاسا و پەیرەو کارەکانى رێکخراوەو ئەرک و دەسەلاتەکانى دەستنیشانکراون. بەڵام ئەوەى جێگەى تێڕامانە ئەم دامەزراوە بالایە گلێندراوەتە ململانێ سیاسیەکان و نەیتوانیوە ئەرکەکانى جێبەجێ بکات. لەم راپۆرتەدا ئەم راستیانە خراونەتە روو کە بە کورتى گەیشتینە ئەم ئەنجامانەى خوارەوە:
1-نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکى یاسادانان هەڵسێت. لەم خولى گرێدانەدا تەنها (6) یاساى پەسەند کردووە، کە تا ئێستاش (5) لەو یاسایانە لە وەقائیعى کوردستان بڵاو نەکراونەتەوە.
2- ئەو یاسایانەى پەرلەمان دەریکردوون هەم لە رووى (شکلى) و هەم لە رووى (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبووەو کوالیتیان وەک پێویست نییە، بۆیە زۆرترینیان یا نەچوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە یا هەر دواى دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە.
3-وێراى ئەو هەموو ناڕەزایی و کەموکوڕى و داوایەى هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێک نەسەنراوەتەوە.
4- لەلایەن ژمارەى یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێک بەمەبەستى داواى پرساندن پێشکەش نەکراوە.
5- لەماوەى ئەم خولى گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانى پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەى دەسەڵاتى جێبەجێکردن کردووە، چونکە سەرۆکایەتى پەرلەمان شەفاف نییەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست، بەڵام بەپێى زانیارییەکان بەشێکى زۆر لە پرسیارە نوسراوە فەرمییەکان وەڵامنەدراونەتەوە.
6-حکومەت (10) ساڵە پرۆژەى بودجەو (12)ساڵە ژمێرەى کۆتایی بۆ پەرلەمان نەناردووە.
7-چوار ساڵە پەرلەمان ژمێرەى کۆتایی بودجەى خۆى نەخستۆتە بەردەم ئەندامەکانى.
8-دانیشتنەکان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکیدا نییەو نەیتوانیوە ڕۆڵى مەرجەعی باڵای سیاسی و یاسایی هەرێم بگێرێت.
9-دەستورى هەرێم پێویستییەکى گرنگ بوو دەبووایە کارى لەسەر بکرێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکى کردارى بۆ نەنراوە.
10-لە دانوستانى هەولێر و بەغدا دەبوایە پەرلەمان مەرجەع و کۆکەرەوەى هەموو دەنگ و بۆچوونەکان بێت بەڵام وا نەکەوتەوە.
11-لە خولى گرێدانى پاییزەدا پەرلەمان تەنها (15) دانیشتنى ئەنجامداوە و (60:11) شەشت کاتژمێر و یانزە خولەک کۆبۆتەوە، لەکاتێکدا بەپێى پەیرەو دەبوو بەلاى کەمەوە (51) دانیشتن بکات و (153) کاتژمێر کۆ ببێتەوە.
12-بەهۆی گوێنەگرتن لە ئەندامان، زۆری دانیشتنەکان گرژی تێدەکەوێت، سەرۆکایەتیش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە پەخش رادەگرێت.
13-بەپێى پەیڕەو، (7) یاداشت هەیە کە ژمارەى یاسایی ئەندامان واژۆیان کردووە بەمەبەستى خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆ، بەڵام هیچ کامیان نەخراونەتە بەرنامەى کارەوەو پشتگوێخراون.
14- بەرنامەى کارى دانیشتنەکان لەگەڵ خواستە هەنوکەییەکانى خەڵکى کوردستاندا وێک نایەتەوە، بۆیە بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانى ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربڕدراوەو پەشێوى دروستبووە.
14- سەرجەم دانیشتنەکان لەکاتى دیاریکراوى خۆیاندا وەک لەبەرنامەى کاردا هاتووە دەستیان پێنەکردووەو دواکەوتوون.
15-هاوشێوەی سەرۆکایەتی، ئەندامی پەرلەمانیش چەندین جار پەیڕەویان پێشێل کردووە.
16-لیژنە هەمیشەییەکان ئەرکی پەیڕەوییان ئەنجام نەداوە، سست بوون لەسەر نوسینى راپۆرت لەسەر پرۆژەو پێشنیازە یاساکان تا بخرێنە بەرنامەى کارەوە بەمەبەستى پەسەندکردن.
17-لەم خولەى گرێدانەدا (10) پەرلەمانتار ماوەى شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا (هیچ) قسەیەکیان نەکردووەو و هیچ بەشدارییەکیان نەبووە.
18-کاتێک سەرنجی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەدەین، بەڕوونی دیارە بەشداری چەندین ئەندام لە گفتوگۆکان تەنها لە پێناو قسەکردنە، نەک ئیزافەیەک بۆ گفتوگۆکان.
19-بەپێى بڕیارى ژمارە (2) لە(31/3/2021) رێگریی لە پەرلەمانتار (کازم فاروق) کرا بەشداری دانیشتنەکان بکات، سەربارى ئەوەى پێچەوانەى پەیرەوى ناوخۆ بوو، دوابەدواى بڕیارەکە (کازم فاروق) یانزە جار سەردانى پەرلەمانى کردووە بەڵام پاسەوانەکان لە دەروازەى دەرەوە رێگریان لێکرد و ئەمەش پێشێلى پەیرەو بوو، دواتر لە (27/2/2022) کازم فاروق نامەى دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەش بە پەرلەمان کردوو، بەلام تا ئێستاش کە ساڵێک تێپەڕى کردووە نەخراوەتە بەرنامەى کارەوە، ئەمەش پێچەوانەى پەیرەوە.
20-لەدواى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان، ئەندامانى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى (شێرکۆ جودت مستەفا، ابوبکر عبدالله سعید، اسماعیل علی تەها، سەرچنار احمد محمود، هەلز احمد محمد) لە (1/11/2022) و (عەلى حەمەسالح) ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە دوواى 6/11/2022 نامەى دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە پەرلەمان کرد، بەلام تا تەواو بوونى خولى گرێدانەکەش سەرۆکایەتى نەیخستە بەرنامەى کارەوەو ئەمەش پێچەوانەى پەیرەوى پەرلەمانە.
21-ژمارەیەک ئەندام زۆرترین ئامادەنەبوونیان هەیە لەدانیشتنەکانى پەرلەمان و کۆبوونەوەى لیژنەکاندا، تەنانەت ئەندام هەیە لەتەواوى خولەکەدا دەوامى نەکردووە کەچى لەلایەن سەرۆکایەتیەوە بە (غیاب) ئەژمار نەکراوە!
22- لەماوەى ئەم خولەدا لیژنەکانى پەرلەمان کە ژمارەیان (19) لیژنەیە تەنها (80) کۆبوونەوەیان کردووە، لەکاتێکدا بەپێى پەیرەو پێویست بوو بە هەر نۆزدە لیژنەکە لەماوەى ئەم خولەدا بەلاى کەمەوە (230) جار کۆبونەوە بکەن.
23- سەرۆکایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (11) پەیامى راگەیاندووە، کە پێکهاتووە لە: (8) پەیامی پیرۆزبایى، (2) پەیامی ئیدانە، (1) پەیامى نیگەرانى، ئەمە لەکاتێکدا زۆر پرسی گرنگ هەبوون و پێویست بوو پەرلەمان هەڵوێستی لەبەرامبەریاندا هەبێت.
24- ئەندامانى دەستەى سەرۆکایەتى لەماوەى (6) مانگدا (37) پەیامیان راگەیاندووە، کە تێکڕایان بریتین لە: (19) پەیامى پیرۆزبایی، (11) پەیامى هاوخەمى، (6) پەیامى هاوخەمى بەبۆنەى پرسەوە و (1) پەیامى سوپاس و پێزانین.
دەیەم: راسپاردەکان
1-پەرلەمان سەربەخۆیی خۆى هەبێت و سەرۆکایەتى و ئەندامان بەپێى پەیرەو ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەو پێشێلکاریانەى پەیرەو کە کراون و دەکرێن رایان بگرن.
2-سەرۆکایەتى پەرلەمان بەپشتیوانى سەرجەم فراکسیۆنە جیاجیاکان جەخت بکاتەوە هەڵبژاردن لە زووترین دەرفەتدا بکرێت و نەریتى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان کۆتایی پێ بهێنرێت.
3-پەیمانێکى شەرەف لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان واژۆ بکرێت و پەرلەمان بەراستى بالاترین مەرجەعى سیاسی و یاسایی هەرێم بێت و بۆ پرسە چارەنوسسازەکان بۆى بگەڕێنەوە.
4-کار لەسەر هەموارى یاساى هەڵبژاردن بکرێت، کە ناکۆکیی لەنێوان هێزە سیاسییەکان دروستکردووە.
5-کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوەو کار بۆ پاک کردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بکرێت.
6-پەرلەمان سەرۆکایەتی دەستەی (دەستپاکى) و (دیوانى چاودێریی دارایی) و کۆمسیارانى (کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان) بگۆڕێت یا نوێیان بکاتەوە، کە ماوەی یاساییان بەسەر چووە.
7- پەرلەمان چاودێریی دەسەلاتى جێبەجێکردن بکات لەو پێشێلکارییە یاساییانەى دەیکەن رایان بگرێت.
8- هەڵوەشانەوەى ئەو بڕیارەى سەرۆکى پەرلەمان کە رێگرى لە ئەندامان دەکات لە چاودێریکردنى پرۆژەکاندا.
9- دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان وردتربێت و ئەو پێشێلکاریانەى پەیرەو کە کراون و دەکرێن رایان بگرێت.
10- پەرلەمان چاودێریی دەسەلاتى جێبەجێکردن بکات لەو پێشێلکارییە یاساییانەى دەیکەن رایان بگرێت.
لینكى ههواڵهكه:
https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=162144&babet=1&relat=1024