ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی خۆی لەسەر کارەکانی شەش مانگی رابردوی پەرلەمان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت پەرلەمانی کوردستان لە وەرزی یاسادانانی بەهارەیدا نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکى یاسادانان و چاودێریکردن هەڵسێت و لەم خولى گرێدانەدا تەنها (6) یاساى پەسەند کردوە، کە تا ئێستاش (5) لەو یاسایانە لە وەقائیعى کوردستان بڵاو نەکراونەتەوە.
ئەمڕۆ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: ئەو یاسایانەى پەرلەمان لە شەش مانگی رابردو دەریکردون هەم لە روى (شکلى) و هەم لە روى (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبوەو کوالیتیان وەک پێویست نییە، بۆیە زۆرترینیان یا نەچونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە یا هەر دواى دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبوە.
ئەوەش خرایەڕوو: وێراى ئەو هەمو ناڕەزایی و کەموکوڕى و داوایەى هەبو، متمانە لە هیچ وەزیرێک نەسەنراوەتەوە، لەلایەن ژمارەى یاسایی ئەندامانیشەوە هیچ یادداشتێک بەمەبەستى داواى پرساندن پێشکەش نەکراوە.
ڕوونیش كرایەوە: بەرنامەى کارى دانیشتنەکانی پەرلەمان لەگەڵ خواستە هەنوکەییەکانى خەڵکى کوردستاندا یەك ناگرێتەوە، بۆیە بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانى ئۆپۆزیسیۆنەوە دەربڕدراوەو پەشێوى دروستبوە، لەم خولەى گرێدانەشدا (10) پەرلەمانتار ماوەى شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا (هیچ) قسەیەکیان نەکردوە و هیچ بەشدارییەکیان نەبوە.
باس لەوەش كرا: پێویستە پەیمانێکى شەرەف لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان واژۆ بکرێت و پەرلەمان بەڕاستى باڵاترین مەرجەعى سیاسی و یاسایی هەرێم بێت و بۆ پرسە چارەنوسسازەکان بۆى بگەڕێنەوە و داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش كرا جەخت بکەنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە زوترین دەرفەتدا و نەریتى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان کۆتایی پێ بهێنرێت..
جەخت لەوەشكرایەوە: پێویستە پەرلەمان سەرۆکایەتی دەستەی (دەستپاکى) و (دیوانى چاودێریی دارایی) و کۆمسیارانى (کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان) بگۆڕێت یا نوێیان بکاتەوە، کە ماوەی یاساییان بەسەر چووە. هەروەها پەرلەمان چاودێریی دەسەڵاتى جێبەجێکردن بکات لەو پێشێلکارییە یاساییانەى دەیکەن رایان بگرێت.
لینكى ههواڵهكه:
https://www.kurdiu.org/ku/b/530140