ئەمڕۆ یەكشەممە 5/2/2023 كاتژمێر (11:00) ی سەرلەبەیانی لە هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بە ئامادەبوونی (ستیڤ دریهاوس) بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی (NDI)ى ئەمەریکی لە عێراق و هەریەكە لە (هەردی مەحمود و ژالیان ئەحمەد) نوێنەرانی هەمان رێكخراو و نوێنەرانی دامودەزگا فەرمییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیاكاران لەلایەن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY)، بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI)، راپۆرتی كۆتایی پرۆژەی (چاودێری جێبەجێكردنی سیاسەت و ڕێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان)دا بڵاوكرایەوە.
لەسەرەتای مەراسیمەكەدا وتاری ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەلایەن روانگە فایەق خوێندرایەوە و وتی: وەك ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، خۆشحاڵین بۆ جارێكی تر و لە چالاكییەكی تردا بە دیدارتان شاد دەبینەوە، لەپاڵ پڕۆژەکانی چاودێری پەرلەمان و پەروەردە و خوێندنی باڵا، پرۆژەی ئەمجارەمان سەبارەت بە باجی خانوبەرەیە لە هەرێمی كوردستاندا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەم پرۆژەیە كە بە هاوكاری پەیمانگەی دیموكراتی نیشتیمانی (NDI)ی ئەمەریكی، ماوەی ساڵێكی تەواو لەلایەن تیمێكی پسپۆر و شارەزاوە بەرێوە چووەو ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە ڕووماڵكردنی سیاسەتی باجی خانوبەرەی هەرێمی کوردستانە، لە ژێر رۆشنایی یاسای خانوبەرە ژمارە (162)ی ساڵی 1959 ی عێراقی نوسراوەتەوە،. جگە لەمە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی (وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پلاندانان، ژوورەكانی بازرگانی، بەرێوەبەرێتییەكانی باجی خانوبەرە، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەسپاكی، كەسانی ئەكادیمی و نۆ ڕێكخراوی ناحكومی) بەشدارییان تێدا کردووە.
دواتر لەلایەن (محەمەد كەریم) توێژەری پڕۆژەكە، ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی بۆ ئامادەبووان روونكردەوە، لەسەرەتادا وتی: ئەم پڕۆژەیە بە بەشداری هەریەكە لە لە لیژنەكانی سامانە سروشتیەكان و دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، وەزارەتی ئابوری و دارایی، وەزارەتی پلاندانان، ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی (سلێمانی، لوبنانی- فەرەنسی و سەڵاحەدین)، دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندكارانی كوردستان و عێراق و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە.
دواتر خشتەكانی ناو راپۆرتەكەی بە ودری بۆ ئامادەبووان خستە روو كە چەندین پرسیاری لەخۆ گرتبوو، لەوانە: ئایا بە ئامادەیی خۆت باج لەسەر موڵكەكەت دادەندرێت؟ ئایا چەند هۆشمەندیت هەیە لەسەر یاسا و ڕێنمایی باجی خانوبەرە؟ ئایا چۆن بڕی باجی سەر موڵكەكەت هەڵدەسەنگێنیت؟ هەست دەكەیت بڕی باجی سەر موڵكەكەت دادپەروەرانەیە؟ ئایا تا چ ئاستێك لە فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە ڕووبەڕووی ڕۆتین دەبیتەوە؟ لەگەڵ چەندین پرسیاری دیكە، كە پێشتر لە رێگەی فۆڕمێكەوە ئاراستەی فەرمانبەرانی باجی خانوبەر و باجدەرانی هەرێمی كوردستان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كرابویەوە.
لە كۆتایشدا گرنگترین ئەنجامەكانی ناو راپۆرتەكە و پێشنیاز و راسپاردەی خستەروو، كە بە بەشێكی زۆر لە باجدەران دەڵێن ئاستێكی كەم یان مامناوەند ئاگایان لە یاسای باجی خانوبەرە هەیە، ئەمە جگە لەوەی باجدەران دەڵێن بە ئامادەیی خۆمان باجی سەر موڵكەكانمان داناندرێت.
دواتر (ستیڤ دریهاوس) بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی (NDI) لە عێراق وتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: لەلایەن خۆمانەوە سوپاسی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەكەین، كە توانیان لە ماوە رابردوو ئەم پڕۆژە گەورەیە بەئەنجام بگەیەنن، هەروەها سوپاسی نوێنەری ئەم فەرمانگانە دەكەین كە هاوكار بوون بۆ سەرخستنی پرۆژەكە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، رێكخراوی (NDI) دەست لەناو دەست كاردەكات لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەرەو پێشبردنی ئەو رێكارە ئاساییانەی كە پێویستن، بەتایبەتی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە چۆن بتوانن لەگەڵ حكومەتدا هاوكاری یەكتری بكەن، وتیشی: ئەم جۆرە پڕۆژانە بەهیچ شێوەیەك بۆ ئەوە نییە كە دژایەتی حكومەت بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەست لەناو دەست بن بۆ ئەوەی كارەكانی حكومەت بەرەو پێشەوە ببەن.
وتیشی: حكومەت بۆ خەڵك درووستبووە، بۆیە زۆر گرنگە حكومەت سەیری سیاسەتی كارەكانی خۆی بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئاگاداربێت چەند كارەكانی لە خزمەتی هاووڵاتیان دایە و چەندە لێی رازین، هەروەها رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی رۆڵێكی زۆر گرنگیان هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەت كاربكەن ئەو لێپرسراویەتیە نیشانی حكومەت بدەنەوە، كەلەبەرامبەر هەر سیاسەتێكدا دەیگرێتەبەر.
لە كۆتایشدا وتی: ئێمە زۆر بەختەوەرین كە لە كوردستان رێكخراوێكی وەكو ئینستتیوتی پەی هەیە، كە دەتوانن كار لەسەر ئەم جۆرە پڕۆژانە بكەن.
دوابەدوای وتارەكان (فەیسەڵ عەلی) راوێژكاری پڕۆژەكە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە و بەم جۆرە كۆتایی بەكارەكانی راپۆرتی كۆتایی چاودێریی جێبەجێكردنی سیاسەت و رێوشوێنەكانی باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان هێنرا.
بۆ بینی مەراسیمی بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە كلیك لێرە بكە
بۆ بیبینی وێنەكان كلیك لێرە بكە