ئینستیتیوتى (PAY): سەرۆکایەتى پەرلەمان لەجیاتى لێپرسینەوە؛ پیرۆزبایی دەنێرن!
"ئەو یاسایانە دەرکراون لەرووى شێوەو بابەتییەوە گرفتیان هەیە!"
بوار، تایبەت
دەبوو لە خولى گرێدانى بەهارەدا، پەرلەمانى کوردستان 120 کاتژمێر کۆببێتەوە و 40 جار دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، بەڵام نەک ئەمە نەکراوە بەڵکو سەرۆکایەتى پەرلەمان لەجیاتى لێپرسنەوە، پەیامى پیرۆزبایی و هاوخەمیان دەکردووە و بەشێکى زۆرى پەرلەمانتارانیش لەپێناو قسە گفتوگۆ دەکەن؛ ئەمە بەشێکە لە راپۆرتێکى ئینستیتیوتى پەى بۆ پەروەردە و گەشەپێدان.
بەپێى راپۆرتی دەیەمى ئینستیتیوتى پەى بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY): (راپۆرتى چاودێریى و هەڵسەنگاندنى کارەکانى پـەرلەمانـى کــوردستان) کە تایبەت کراوە بە (خولی گرێدانی بەهارە 1ى ئازارى 2022 تاوەکو 31ى ئابى 2022) لە وەرزی بەهارەدا، کە ماوەکەی (6) مانگ بوو، (10) دانیشتنی پەرلەمان کراوەو کۆی کاتی کۆبوونەوەکان حەفتا و چوار کاتژمێر و 56 خولەک بووە، لە سەرجەم کۆبوونەوەکانى خولى بەهارەدا تەنها (6) وەزیر ئامادەى دانیشتنەکانى بوون، ئەو ئامادەبوونانەش بۆ گفتوگۆى پڕۆژەیاساکان بووە نەک بۆ "لێپرسینەوەو بەدواداچوون".
لە ماددەی (51)ى پەیڕەوی ناوخۆ، هاتووە کە رۆژانی (سێشەممەو چوارشەممە)ی هەموو هەفتەیەک بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەرخانکراوە، واتە دەبێ پەرلەمان هەموو خولێکی گرێدان نزیکەی (40) دانیشتن ئەنجام بدات، کەچى تەنها (10) دانیشتن ئەنجامدراوە.
پەى، ئاماژە بە پێوەرەکانى یەکێتی پەرلەمانەکانى جیهان (IPU) دەکات و دەڵێت: "بەپێى پێوەرەکە، ئاستى پەرلەمان لەدانیشتنەکاندا لاوازە و لەرووى چاڵاکییەوە مام ناوەندە، چونکە لەم خولەدا (9) پێنشنیاز و پڕۆژەیاسا لەلایەن ئەندامان و حکومەتەوە پێشکەش کراون، لەو (9) پێشنیاز و پڕۆژەیاسایەدا تەنها (4) دانەیان کراوە بە یاسا، بەڵام هەر لەم خولەدا (7) یاساى تر پەسەند کراوە کە لە خولەکانى پێشووتردا خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ کرابوو".
پەى، رونیکردۆتەوە کە تەنیا (2) پێشنیازە یاسا و بڕیار لەلایەن ئەندامانەوە پێشکەشکراون و هیچیان نەکراون بە یاسا، کەواتە "ئاستی دەستپێشخەری لەم خولەدا لاوازە، جگە لەوە بەشداری ئەندامان لەکاری چاودێریی لە ئاستێکی لاوازدایە".
"رێگریی لە هاوڵاتیان دەکرێت بەشدارى دانیشتنەکانى پەرلەمان بکەن"
پەى، دەڵێ: "هاوڵاتیان بەئاسانى ناتوانن بەشداریی دانیشتنەکان بن و رێگرییان لێ دەکرێت. گوایە رێککاریی پەیڕەوی هەیە بۆ ئامادەبوونی رێکخراوەکان و هاوڵاتیان، بەڵام دیار نییە بە چ میکانیزمێک رێگە بە رێکخراوەکان دەدرێت؟.
دەشڵێت: "پەرلەمانتاران نوسینگەی تایبەتیان نییە تاوەکو هاوڵاتى پەیوەندیان پێوە بکەن، تەنانەت پەرلەمانتاران پێگەى ئەلیکترۆنیان نییە، بەڵکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانیان".
(PAY): سەرۆکایەتى پەرلەمان لەجیاتى لێپرسنەوە؛ پیرۆزبایی دەنێرن!
بەپێى راپۆرتەکەى پەى، لە خولى بەهارەدا، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان (16) پەیامى هەبووە، کە (14) پەیامى پیرۆزبایی و پەیامێک پرسە نامە و یەکێکی دیکەش هاوخەمى بووە، لەبەرامبەردا جێگرى سەرۆکى پەرلەمان (10) پەیامى هەبووە، کە (9) پەیامى پیرۆزبایی و پەیامێکى هاوخەمى بووە، هەروەها سکرتێرى پەرلەمان (6) پەیامى هەبووە، کە (5) پەیامى پیرۆزبایی و پەیامێکیشى هاوخەمى بووە.
"ئەو یاسایانە دەرکراون لەرووى شێوە و بابەتییەوە گرفتیان هەیە!"
پەى، رونیدەکاتەوە کە بۆشاییەکى "زۆرى یاسایی" لەهەرێمدا هەیە و زۆرینەى یاساکانیش بەهۆى گۆڕانکاریی سەردەمەوە پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە، کەچى لەم خولى گرێدانەدا تەنها (11) یاسا پەسەند کراون، کە تاوەکو ئێستاش (5) لەو یاسایانە لە وەقائیعى کوردستان بڵاونەکراونەتەوە!.
پەى، پێیوایە ئەو یاسایانەى پەرلەمان دەریکردوون "هەم لە رووى شێوە (شکلى) و هەم لە رووى بابەت (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبووە و کوالیتیان وەک پێویست نییە، هەر بۆیە زۆرترینیان یا نەچوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە یا هەر دواى دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە!".
پەرلەمانتاران؛ گفتوگۆ لەپێناو قسە!
لە راپۆرتەکەیدا پەی ئاماژەى بە بەشدارى پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکانى خولى بەهارەى پەرلەمان کراوە و تێدا هاتووە "کاتێک سەرنجی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەدەیت، بەڕوونی دیارە بەشداری چەندین ئەندام لە گفتوگۆکان تەنها لە پێناو قسەکردنە، نەک ئیزافەیەک بۆ گفتوگۆکان، هەروەها قسەکردن لە ناو پەرلەمان بەبآ خاڵى پەیڕەوی لەلایەن بەشێکی بەرچاوی ئەندامەنامە پەیڕەو دەکرێت".
لینكى ههواڵهكه:
https://www.facebook.com/Bwar.Mediaa/posts/166079522750404