Xandan.jpg

ئینستتیوتی پەی: لەم خولەدا پەرلەمانی کوردستان هیچ رۆڵێكى چاودێریكردنی نه‌بوه‌

Nov 6, 2019  |   هەواڵەکانی پەی 

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كانى ئینستتیوتی پەی رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی کوردستاندا پێشێلكاری په‌یڕه‌وی ناوخۆ كراوه‌ و لیژنه‌كانی په‌رله‌مانیش "كه‌مته‌رخه‌م بون له‌ كۆبونه‌وه‌كانیان"، دەشڵێت، "په‌رله‌مانیش له‌ ئه‌ركی چاودێریکردنی حكومه‌ت هیچ رۆڵێكی نه‌بوه‌".

ئینستتیوتی په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان لەچوارچێوەى پڕۆژه‌ی چاودێریى و هه‌ڵسه‌نگاندنى كاره‌كانى په‌رله‌مانـى كــوردستان، راپۆرتى یه‌كه‌می له‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان له‌ساڵى یه‌كه‌م، خولی گرێدانی یه‌كه‌م، له‌ خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 6ى تشرینی دووه‌می 2018 بۆ 30ى ئابی 2019 بڵاوكرده‌وه‌.

بابان جه‌عفه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كانى ئینستتیوتی په‌ى له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان به‌پێى یاسا ده‌بوایه‌ له‌ مانگى ئه‌یلولى 2017 كرابایه‌، به‌ڵام به‌هۆی بونی كێشه‌كانی وه‌ك په‌كخستنی په‌رله‌مان له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و لێكه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ى خۆیدا ئه‌نجام نه‌درا".

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ رۆژى 24ی ئۆکتۆبەری ساڵێ 2017 دا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ (60 ده‌نگ له‌كۆی 71 په‌ڕله‌مانتار)، بڕیاردرا ماوه‌ی كاركردنی په‌رله‌مان بۆ دو خولی گرێدانی په‌ڕله‌مانی درێژبكرێته‌وه‌ و  له‌ ڕۆژى هەشتی مانگی ئایاری 2018 شدا سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌پێى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى بۆى دیاریكراوه‌ رۆژى رۆژی 30ی ئەیلولی 2018ی بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستنیشانكرد.

بابان جه‌عفه‌ر وتیشی، "به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان، لیژنه‌كان به‌لاى كه‌مه‌وه‌ ده‌بێت مانگى دوجار كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ى لیژنه‌كان كه‌مته‌رخه‌م بون و به‌ ئه‌ركى خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون، جگه‌ له‌ لیژنه‌ى یاسایى كه‌ 15 كۆبونه‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و هێزه‌كانى ناوخۆ 9 كۆبونه‌وه‌ و لیژنه‌كاكانى كاروبارى ته‌ندروستى و كاروبارى شه‌هیدان هه‌ریه‌كه‌ 8 كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌".
 له‌كۆى 19 كۆبونه‌وه‌ و دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان 33 بڕگه‌ى كار هه‌بوه‌ كه‌ ته‌نها 31 بڕگه‌ى جێبه‌جێ كراوه‌
 باسی لەوەشکرد، له‌كۆى 19 كۆبونه‌وه‌ و دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان 33 بڕگه‌ى كار هه‌بوه‌ كه‌ ته‌نها 31 بڕگه‌ى جێبه‌جێ كراوه‌، له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 6/11/2018 به‌مه‌به‌ستى سوێند خواردنى پاڵێوراوان به‌سترا، له‌ یه‌كه‌م دانیشتندا چه‌ند پێشێلكاریه‌ك له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كرا.

به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كانى ئینستتیوتی په‌ى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕو، له‌ كۆى چوار پێشنیازى یاسایى كه‌ لە په‌رله‌مانى كوردستان پێشكه‌ش كرابون دو پێشنیاز په‌سه‌ندكراوه‌، 9 بڕیاریشى ده‌ركردوه‌، 10 پێشنیازى یاسایى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ نه‌كراوه‌.
یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ بنچینه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان، چاودێرى كاره‌كانى حكومه‌ته‌ بەڵام لەم خولەدا پەرلەمان ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردوە
 به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كانى ئینستتیوتی په‌ى رونیشیکردەوە، "یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ بنچینه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان، چاودێرى كاره‌كانى حكومه‌ته‌، به‌هۆى ململانێى هێزه‌ سیاسیه‌كان و كێشه‌كانى نێوانیانه‌وه‌ پێكهێنانى حكومه‌ت دواكه‌وت و حكومه‌تى كار به‌ڕێكه‌ر هه‌بو و كابینه‌ى نوێ له‌ 10ی تەموزی ئەمساڵ پێکهات، هه‌ر بۆیه‌ په‌رله‌مان له‌ ئه‌ركى چاودێریكردندا هیچ ڕۆلێكى نه‌بوه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا".
لەبارەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كانى ئینستتیوتی په‌ى دەڵێت، "له‌خولی چوارەمی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ماوه‌كه‌ی پێنج ساڵ بو، هیچ بودجه‌یه‌ك نه‌چوه‌تە په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی چوار هیچ ژمێره‌یه‌كی كۆتایی ساڵه‌كانی 2013 تا 2017ی نه‌بینیوە".

لینكى هه‌واڵه‌كه‌