ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئەدای کاری پەرلەمانی هرێمی کوردستان بڵاوكردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، لە خولی پایزەدا پەرلەمان تەنها ١٣ دانیشتنی ئەنجامداوە و ٣٨ کاتژمێر و ٢٩ خولەکی خایاندووە، لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناخۆ دەبێت ٤٠ جار کۆببێتەوە، هەروەک ڕایگەیاندووە،؛ سەرۆکایەتیى پەرلەمانى هەرێم لە ساڵێکدا ٢٧ پەیامى بڵاوکردووەتەوە، کە زۆرینەى پیرۆزبایی و پرسەنامەن.
ئەمڕۆ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە هۆڵی هۆتێل سپارتا لە شاری سلێمانی، هەشتەمین ڕاپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە، كە تایبەتە بە چاودێریی و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەماوەی شەش مانگی خولی گرێدانی پاییزەدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا کە لەلایەن میران حسێن، ئەندانمی ئینستتیوتی پەی خوێندرایەوە هاتووە، لە دانیشتنەکانى خولى پاییزە لە ١-٩-٢٠٢١ تا ٢٨ – ٢ – ٢٠٢٢ پەرلەمانى هەرێمى کوردستان تەنها ١٣ دانیشتنى ئەنجامداوە و بەکۆى گشتیش کاتى سەرجەم کۆبوونەوەکان ٣٨ کاتژمێر و ٢٩ خولەکى خایاندووە، هەروەها لەو ماوەدا دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانیش ٢٧ پەیامى بڵاوکردووەتەوە، بەجۆرێک ١١ لەوانە پرسەنامە، ١٢ پەیامیش پیرۆزبایی و ٢ پەیامیش هاوخەمیبووە و دووى دیکەش لەوانە پاڵپشتى بوون.
هەروەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لەم خولەى پەرلەماندا چوار پەرلەمانتار هیچ قسەسەکیان نەکردووە، یەکێکیان کازم فاروق، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بووە و بەهۆی ئەوەی ڕێگەى پێنەدراوە بەشدارىی دانیشتنەکان بکات، هەروەها سێ پەرلەمانتارەکەى دیکە بەشداربوون بەڵام قسەیان نەکردووە، هەشت پەرلەمانتاریش یەک جار و هەشت پەرلەمانتار دووجار، هەشت پەرلەمانتار سێ جار، ١٢ پەرلەمانتار چوار جار، حەوت پەرلەمانتار حەوت جار قسەیانکردووە.
لەبارەى ئەرکەکانى پەرلەمانى هەرێمەوە ئاماژەیان بەوەکردووە: لە خولى پاییزەدا پەرلەمانى کوردستان تەنها، ١٣ دانیشتنى ئەنجامداوە، کە پێویستبوو بەپێیى پەیڕەوەى ناوخۆ ٤٠ جار کۆببێتەوە، لە کۆبونەوەکانیشدا حەوت بڕیار و پێشنیازە یاسا خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ کراوە و ١٠ یاساش پەسەندکراوە .
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، بە گشتى لە تەمەنى ئەم خولەدا لە ٦-١١-٢٠١٨ تا ٢٨-٢ – ٢٠٢٢، پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ٨٩ دانیشتنى ئەنجامداوە و ٩ کۆبونەوەشى دواخستووە، تێیدا ٦٦ پڕۆژە یاسا و بڕیار خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ کراوە و ٣٠ یاساش پەسەندکراون و بەکۆى گشتیش ٢٧٠ کاتژمێر و ١٨ خولەک کۆبونەتەوە.
لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەی ئەنیستتیوی پەی-دا هاتووە: پەرلەمانى هەرێم وەک بەرزترین دامەزراوەى هەرێم و تاکە مەرجەعى سیاسىی و یاسایی، کە تاکە دامەزراوەى هەڵبژێردراوە نمایندەى سەرجەم هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان بکات، ئەم دامەزراوەیە گلێندراوەتە ناو ململانێ سیاسییەکان و نەیتوانیووە ئەرکەکانى خۆى جێبەجێ بکات و سەرکەوتوبێت.
دوێنێ ڕێواس فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: ئێمه موهفهق نهبووین له پهرلهمانی كوردستان، كه ڕهنگه بهشێكی پهیوهندی به سهرۆكایهتیی پهرلهمانهوه ههبێت، ئهوهی پهیوهندی به سهرۆكایهتییهوه ههیه بۆخۆم ئامادهم بهرپرسیارێتییهكهی ههڵبگرم.
لینكى ههواڵهكه: