ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY)، بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI) ئەمەریكی، پرۆژەی (چاودێری جێبەجێكردنی سیاسەت و ڕێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان)دا، لە (1/2/2022 تا 31/1/2023) جێبەجێ دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/2/2022 كاتژمێر (10) سەرلەبەیانی لە هۆڵی (هوتێل رامادا) لە شاری سلێمانی بە ئامادبوونی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، مامۆستایانی زانكۆ، نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی سلێمانی، ژووری بازرگانی سلێمانی، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدیاكارانی كوردستان ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI) پرۆژەی (چاودێری جێبەجێكردنی سیاسەت و ڕێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان)دا راگەیاند.
لە سەرەتادا د. سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان كورتەیەكی لەسەر كار و چالاكییەكانی رێكخراوەكە بۆ ئامادەبوان باسكرد، دواتریش باسی لە نوێترین پڕۆژەی چاودێری كرد كە پاڵپشتی رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI) ئەمەریكی لە ماوەی یەك ساڵدا ئەنجامدەدرێت.
لە مەراسیمەكەدا هەریەكە لە بەڕێزان (محەمەد كەریم و فەیسەڵ عەلی) وەك پسپۆر و شارەزایانی بواری ئایووری و ستافی پرۆژەكە، بە وردی بۆ مێوانان و رۆژنامەنووسان ناوەڕۆكی پڕۆژەكەیان روونكردەوە، كە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە بە چەندین قۆناغ تێدەپەڕێت و لەماوەی ئەم ساڵەدا چەندین وۆركشۆپ و دیدار لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و سوود لە توانا و شارەزایانی كەسانی پسۆر وەردەگیرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بەسەركەوتوویەیی جێبەجێبكرێت.
لەلایەن ئامادەبوان و رۆژنامەنووسان چەندین پرسیاری گرنگ لەسەر پڕۆژەكە و گرفتەكانی بەردەم باج وروژێنران، كە هەریەكێك لەو پرسیارانە ناوەڕۆكی ئەنجامدانی پڕۆژەكەیە و وەڵامی سەرجەم پرسیارەكان درایەوە.