بوار نیوز، تایبەت
لەگەڵ ئەوەى پەرلەمانى کوردستان "باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنە"، بەڵام راپۆرتێکى ئینستیتیوتى پەى بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY)، کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستان بەپێى خواستى "ئەنجومەنى وەزیران بەڕێوە دەچێت".
ئەمڕۆ، ئێنجشەممە 30ى ئەیلولى 2021، ئینستیتیوتى پەى بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) بە هاوکارى سندوقى نیشتمانى بۆ پاڵپشتى دیموکراسى (NED)ی ئەمریکی، راپۆرتێکى لەبارەى (چاودێریى و هەڵسەنگاندنى کارەکانى پـەرلەمانـى کــوردستان، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ساڵى سێیەم خولی گرێدانی بەهارە (1ى ئازارى 2021 بۆ 31 ى ئابی 2021)) بڵاوکردەوە.
بەپێی یاسای ژمارە (1)ى ساڵی (1992) هەڵبژاردنی پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان لەهەرێمى کوردستان "باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنە، مەرجەعی سیاسی و یاساییە"، بەڵام بەپێى راپۆرتەکەى پەى: "رۆژ لەدواى رۆژ پەرلەمان وەک دامەزراوەیەک رۆڵى پشتگوێ دەخرێت، لەلایەن دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوەو گوێ لە بڕیارەکانى ناگیرێت، کۆبوونەوەکانى بەپێى خواستى حکومەت بەڕێوە دەچێت، لەهەمبەر ئەو هەموو پێشێلکارییە یاساییەى لەلایەن دەسەلاتى جێبەجێکردنەوە دەکرێت دەنگ و رەنگى نیەو بەدواداچوون ناکات".
نەک هەر ئەمە، بەڵکو پەرلەمان بۆ خۆیشى "بەشێکە لە پێشێلکارى یاسا"،جگە لەمانە ئەو یاسایانەى دەریان دەکات "یان کرچوکاڵن، یان ناچنە بوارى جێبەجێکردنەوە"، هەروەها زۆرترین "پێشێلکارى پەیرەویى لەساتى دانیشتنەکاندا روودەدات".
لەکۆى 40 کۆبوونەوە، پەرلەمان تەنیا 18 جار کۆبۆتەوە
لە وەرزی بەهارەى پەرلەمان کە ماوەکەی (5) مانگ بوو، (18) دانیشتنی پەرلەمان کراوە، بڕگەکانی بەرنامەی کار (53) بڕگە بووە، (46) بڕگەی جێبەجآ کراوە، کۆی کاتی کۆبوونەوەکان نزیکەی (81) کاتژمێرو (52) خولەک بووە، (18) جار وەزیرانی حکومەت ئامادەی دانیشتنەکان بوون، جگە لە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران.
لە ماددەی (51) لە پەیڕەوی ناوخۆ، ئاماژە بەوە کراوە کە رۆژانی (سآ شەممە، چوار شەممە)ی هەموو هەفتەیەک بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەرخانکراوە، واتە دەبێت پەرلەمان هەموو خولێکی گرێدان نزیکەی (40) دانیشتن ئەنجام بدات، بەڵام نە لە خولی بەهارەو نە لە هیچ خولێکی تردا دانیشتنەکان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە.
-لەکۆى 49 راپۆرت، تەنیا 20 راپۆرت نووسراوە!
لەخولی بەهارەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ (24) پێشنیازو پڕۆژەیاسا کران، خوێندنەوەی دووەمی بۆ (10) پێشنیازو پڕۆژەیاسا کراون، (10) یاساو (1) بڕیار پەسەندکراون، لە کاتێکدا لەم خولی پێنجدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ (59) پێشنیازەو پڕۆژەیاساو بڕیار کراون، (20) یاساو ( بڕیار) پەسەندکراون.
بەپێى پەیڕەى ناوخۆى پەرلەمان، دەبوو لێژنەکان دواى خوێندنەوەى هەر پڕۆژەیاسایەک لە ماوەی (21) رۆژدا راپۆرتیان لەسەر پڕۆژەیاساکە بنووسیبایە، کە کۆى راپۆرتى لێژنەکان لەم خولەدا دەکاتە (49) راپۆرت، بەڵام تەنها (20) راپۆرت نووسراوە.
پەى ئاماژە بەوەدەکات "دۆخی لێژنە هەمیشەییەکان لەسەرەتای خولی پێنجەوە خراپە، لە (6/11/2018 تا 31/8/2021) واتە بە دوو ساڵ و (10) مانگ و (6) رۆژ، خوێندنەوەی یەکەم بۆ (59) پێشنیازو پڕۆژەیاساو بڕیار کراوەو ئاراستەی لیژنە هەمیشەییەکان کراوە، دەبوو لەو ماوەیەدا لەلایەن لیژنە هەمیشەییەکانەوە (124) راپۆرت بنووسرابایە، بەڵام تەنها (53) راپۆرت نووسراوە، واتە (71) راپۆرت کە پێویست بوو بنوسرێت نەنوسراوە".
بەپێى پێوەرەکانى (یەکێتی پەرلەمانەکانى جیهان (IPU) کە بۆ پێوانەکردنی ئاستی چالاکی پەرلەمانەکان و هەڵسەنگاندنی خودی ئەندام پەرلەمانەکان دانراوە، دەردەکەوێت "ئاستى پەرلەمانى کوردستان لەخولی پاییزەداو لەدانیشتنەکاندا لاوازە، هەروەها زۆربەی جار پەرلەمان ئامادەنەبوونى پەرلەمانتارانى ئاشکرا نەکردووە، کەواتە دۆخی ئامادەنەبوون لەم خولەدا کۆنتڕۆڵنەکراوە".
بەپێى پێوەرەکانى یەکێتى پەرلەمانەکانى جیهان، ئاستی چالاکی پەرلەمانى کوردستان "مامناوەندو ئاستی چالاکی یاسادانانى سنوردارە، هەروەها بەشداری ئەندامان لەکاری چاودێری لە ئاستێکی لاوازدایە".
چاودێری پەرلەمان لەسەر دەسەڵاتی جێبەجی کردن
بەپێى راپۆرتەکەى پەى، لەخولى پاییزەدا، هیچ "پرساندنێک نەکراوەو هیچ لێپرسینەوەیەک تایبەت بە بودجەى گشتى نەکراوە، هیچ لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە پێک نەهێنراوەو هیچ داواکاریەکیش بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیرەکان و حکومەت نەبووە".
ئەنجامەکانى راپۆرتى ئینستیتیوتى پەى بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) لەبارەى خولى پاییزەى پەرلەمان؛
-پەرلەمان نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکى یاسادانان هەڵبستێت، لەکاتێکدا بۆشاییەکى زۆرى یاسایی لەهەرێمدا هەیە.
-ئەو یاسایانەى پەرلەمان دەریکردوون هەم لە رووى (شکلى) و هەم لە رووى (مەوزوعی)یەوە گرفتیان هەبووەو کوالیتیان وەک پێویست نییە.
-لەماوەى ئەم خولەدا وێراى ئەو هەموو ناڕەزایی و کەموکوڕى و داوایەى هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێک نەسەنراوەتەوە.
-لەماوەى ئەم خولەدا لەلایەن ژمارەى یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێک بەمەبەستى داواى پرساندنى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران پێشکەش نەکراوە.
-لەماوەى ئەم خولى گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانى پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران کردووە، چونکە سەرۆکایەتى پەرلەمان شەفاف نییەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست.
-سەرۆکى پەرلەمان بە پێچەوانەى پەیرەوى ناوخۆى پەرلەمان و یاساکان رێگری لە پەرلەمانتاران دەکات کە پڕۆژەکان بەسەربکەنەوە بەمەبەستى چاودێرى، بەم نوسراوەى گومانى خستەسەر کۆى پەرلەمانتاران و کارى پەرلەمانى.
-دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نییە.
-دەستورى هەرێمى کوردستان کە پێویستییەکى گرنگ بوو دەبووایە کارى لەسەر بکرێت، سەربارى ئەو بەڵێنانەى درابوون، بەڵام هیچ هەنگاوێکى کردارى بۆ نەنراوە.
-لە دانوستاندنى نێوان هەولێرو بەغدادا دەبوایە پەرلەمانى کوردستان مەرجەع و کۆکەرەوەى هەموو دەنگ و بۆچوونەکان بێت و لەهۆڵى پەرلەماندا بڕیارەکان یەکلا بکرێنەوەو حکومەت لەژێر چاودێرى پەرلەماندا هەنگاوەکانى بنابووایە، بەڵام وا نەکەوتەوە.
-وێرای چەندین جار داوای ئەندامان بۆ گفتوگۆ لەسەر قەرزەکانی سەر حکومەت لەم خولەدا هیچ کارێکی لەسەر نەکرا.
-سەرۆکایەتى پەرلەمان لەماوەى (6) مانگدا (24) بەیانى راگەیاندووە، کە پێکهاتووە لە: (10) پەیامى هاوخەمى بەبۆنەى پرسەوە، (6) پەیامى پیرۆزبایی، (5) پەیامى یادکردنەوە، (1) پەیامى سەرکۆنە، (1) پەیامى نیگەرانى، (1) پەیامى ئیدانە. ئەمە لەکاتێکدا زۆر پرسی گرنگ هەبوون و پێویست بوو پەرلەمان هەڵوێستى لەبەرامبەریاندا هەبێت.
-لەخولى پاییزەدا، تەنها (18) دانیشتنى ئەنجامداوە، بەڵام دەبوو (40) کۆبوونەوەى ئاسایی ئەنجام بدات.
-پەرلەمان بەبڕیارێک مانگێک تەمەنى خولى گرێدانى درێژکردەوە، کەچى لەم مانگەدا تەنها دوو کۆبوونەوەى ئەنجامدا کە (6) کاتژمێر بوو.
-بەهۆی گوێنەگرتن لە داوای ئەندامان، بەشی زۆری دانیشتنەکان گرژی تێدەکەوێت، سەرۆکایەتیش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە پەخش رادەگرێت.
-لەدۆخی چاودێری دامەزراوەکاندا، (126) پرسیارى فەرمیی ئەندامان لەلایەن حکومەتەوە وەڵام نەدراوەتەوە.
-(5) یاداشتى ژمارەى یاسایی ئەندامان هەبووە بۆ زیادکردنى بڕگەیەک بۆ بەرنامەى کار، بەڵام سەرۆکایەتى نەیخستۆتە بەرنامەوە.
-بەرنامەى کارى دانیشتنەکان لەگەڵ خواستە هەنوکەییەکانى خەڵکى کوردستاندا وێک نایەتەوە.
-لەماوەى ئەم خولی گرێدانەداو تەنها لە (2) کۆبوونەوەدا تۆمارى ئامادەنەبوونى ئەندامى پەرلەمان خوێندراوەتەوە.
-هاوشێوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەندامی پەرلەمانیش چەندینجار پەیڕەو پێشل دەکەن.
-لێژنە هەمیشەییەکان ئەرکی پەیڕەوییان ئەنجام نەداوە، لەم خولەشدا لە کۆی (24) پێشنیازو پڕٍۆژەیاسا کە خوێندنەوەیان بۆ کراوەو دەبوو لەلایەن لێژنەکانەوە (49) راپۆرتی لەسەر بنووسن، تەنها (31) راپۆرت نووسراوە.
-لەم خولەدا لێژنەکانى پەرلەمان تەنها (116) کۆبوونەوەیان کردووە، لەکاتێکدا بەپێى پەیڕەو بەلاى کەمەوە (152) جار کۆبونەوە بکەن.
لینكى ههواڵهكه: