چاودێر – تایبەت:
رێكخراوی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، كە چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، شەشەم راپۆرتی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بڵاوكردەوە و سەرۆكی رێكخراوەكە، نیگەرانە لەناوەڕۆكی راپۆرتەكە و دەڵێت " پێمان خۆش نییە ئەدای پەرلەمان بەم شێوەیە رەشبینیە وەك خۆی بڵاوبكەینەوە ".
رەخنە لەئەدای پەرلەمان دەگیرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئەیلولی 2021، لەشاری سلێمانی، رێكخراوی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، شەشەم راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانی، لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی سێیەم – خولی گرێدانی بەهارە، لەرێكەوتی (1ی ئازار تاوەكو 31ی ئابی 2021) بڵاوكردەوە.
راپۆرتەكە، هەڵسەنگاندنی بۆ شەش مانگی پەرلەمان كردووە، سەرباری ئەوەی پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە، بەڵام وەك پێویست نەیتوانیوە لەو ماوەیەدا، چاودێریی كارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكات.
تەنیا 18 دانیشتن، ئەنجام دراون
لەراپۆرتەكەدا، ئاماژە بەوەشكراوە: دەسەڵاتی جێبەجێكردن سەرپێچی دەكات و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بوونەتە هۆكاری لاوازكردنی خودی پەرلەمانی كوردستان، بەجۆرێك لەخولی بەهارەدا دەبوو، بەپێی پەیڕەویی ناوخۆی پەرلەمان، نزیكەی 40 دانیشتن بكرایە، بەڵام تەنیا 18 دانیشتن، ئەنجام دراون.
جگە لەوەش، لەماوەی دوو ساڵ و 10 مانگ زیاتری تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان، لەكۆی 200 كۆبوونەوە تەنیا 73 كراوە و تەنیا دوو یاساش پەسەند كراون.
بۆ پرسەكانی لێبڕینی مووچە و چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و بەرزبوونەوە نرخی بەنزین و مانگرتن و بەندكردنی گیراوانی بادینان و دابەشكردنی زەوی بەشێوەی نایاسایی و كۆچ كردنی گەنجان و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و زۆر پرسی دیكە، لەماوەی رابردوودا، پەرلەمانی كوردستان، نەیتوانیوە بەرۆڵی راستەقینەی خۆی هەستێت.
"لێدوانەكانی سەرۆك و جێگری پەرلەمان، جێی تێڕامانە "
د.سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی رێكخراوی ئینستیتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لێدوانەكانی ئەمدواییەی سەرۆك و جێگری پەرلەمان، بەراست دەزانێت و رایگەیاند: قسەی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی پەرلەمانی كوردستان، جێی تێڕامانە، هەرچەندە قسەی هەردووكیان راستە، ئەم زۆرینەی ئێستای پەرلەمان كە دەسەڵاتن و لەژێر پەردەی ترەوە پەرلەمان بەڕێوە دەبەن.
وتیشی، "بەڵام بۆچی سەرۆكی پەرلەمان لەئێستادا باسیان لێوەدەكات، قسەكە جێی دەستخۆشیە، بەڵام بۆ ئێمە جێی پرسیارە پێشتر سەرۆكی پەرلەمان ئەندامی پەرلەمان بووە و بەو زۆرینە ساختەیە دواتر بۆتە سەرۆك، بۆچی لەو كاتەدا باسی لەوانە نەكرد".
900 هەزار دەنگدەری ساختە لەناو تۆماری دەنگدەراندا هەیە
روونیشیكردەوە، " سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، چۆن رازی بوو بەو زۆرینە ساختەیە، ببێتە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵكو پێویست بوو هەنگاوی كرداری بنێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی زۆرینەی ساختەی ناو پەرلەمان، هەروەها لەرووی یاساییەوە ئەوەی بەرپرسە لەو زۆرینە ساختەیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێمە، بەڵام خودی ئەو كۆمیسیۆنە لەئێستادا ماوەی دوو ساڵەماوەكەی بەسەرچووە و بۆچی لەناو پەرلەمان كاری لەسەر نەكراوە ".
د.سەروەر، ئاماژەی بەوەشكرد: پێویستە یاسای كۆمیسیۆنی هەرێم هەمواربكرێـتەوە و خودی سەرۆكی پەرلەمانیش هەنگاوی بۆ نەناوە و قسەكانیان تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و پێشتر چەندین راپۆرتمان داوەتە سەرۆكی پەرلەمان و گوێمان لێ نەگیراوە.
دەشڵێت " كاتی خۆی باسمان لەوە كردبوو كە 900 هەزار دەنگدەری ساختە لەناو تۆماری دەنگدەراندا هەیە، بەڵام كاری جدی بۆ نەكرا ".
جەختیشیكردەوە: بەداخەوە پەرلەمانی كوردستان، بەئەنقەست رۆڵی بێ بایەخ و لاواز كراوە، خودی سەرۆكی پەرلەمان كاتێك بڕیارەكان دەباتە لای سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت، بۆتە هۆكاری ئەو لاوازكردنە و بێدەنگ بووە و هۆكاری بچووك كردنەوەی پەرلەمانە، رۆڵی خراپی گێڕاوە، لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی كە جێگر و سكرتێری پەرلەمانن.
ئینستتویتی پەی، یەكێكە لەرێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان و چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدا و كارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
لینكى ههواڵهكه:
https://chawder.org/detailnews.aspx?jimare=35276&cor=2&related=2