Bnymin.jpg

نامه‌یه‌ك بۆ مامۆستایانی خۆشەویست له‌زاری زۆربەی دایک و باوکانەوە...

Sep 16, 2021  |   پەروەردە 

* بنیامین موڕاد

مامۆستای ئازیز؛

ئه‌مرۆ ژیانی رۆڵه‌كەمان راده‌ستی تۆ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ بۆ ئێمە كارێكی وا ساده‌ و ئاسان نیه‌ چونكه‌ تازه‌ له‌ دایكبوو ئه‌ومان زۆر به‌ توندی به‌ ئامێزه‌وه‌ ده‌گرت، شتمان فێركردووه‌ و ئه‌ویش هه‌ستی به‌و خۆشه‌ویستیه‌ی خێزانه‌كه‌ی كردووه‌.

به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌شێكی نوێ له‌ ژیانی ده‌ست پێده‌كات. بۆ ئه‌و چه‌ند كاتژمێره‌ی قوتابخانه‌ ئێمە له‌وێ نین تاوه‌كو وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی بده‌ینە‌وه‌، هه‌ڵه‌كانی ماچ كه‌ین و له‌ وورده‌ ئازاره‌كانی ژیان رزگاری كه‌ین، به‌ڵام تۆ له‌وێی! له‌ شوێنی ئێمە.

به‌زه‌ییت هه‌بێ چونكه‌ ئه‌و بچووكه‌. توانای زۆری هه‌یه‌ بۆ فێربوون و بۆ وه‌رگرتن، بۆ ئه‌و چه‌ند كاتژمێره‌ی لای تۆیه‌ و رۆڵه‌ی تۆیه‌، با هه‌میشه‌ له‌ یادت بێ؛ ئێمە ئه‌ومان زۆر خۆشده‌وێ، ئێمە له‌ خه‌ون و ئاواته‌كانی به‌شدارین.

خۆشه‌ویستی پێ ببه‌خشه‌ و یارمه‌تی بده‌ فێر بێ.

هیوای ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ هەموو قوتابییان.

* مامۆستای زانکۆ