chawder.jpg

هانا بردنە بەر چەک و توندوتیژی چارەسەر نین، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن!

Sep 7, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

شەوی 5/9/2024 هێزێكی ئەمنی لە شاری سلێمانی، دەستی بەسەر ئۆفیسی سەرەكی تۆڕی ناوەندی چاودێردا گرت، كە هەریەك لە دامەزراوەكانی ڕادیۆی مەدەنیەت، بنكەو ماڵپەڕی گەلاوێژ، ماڵپەڕی چاودێر، ماڵپەڕی روانگەو رەخنە، پلاتفۆرمی دابڕان، پڕۆژەی پەیكەرسازی چاودێر، گەلەری چاودێر، لە خۆ دەگرێت، كە لە بیست و شەش ساڵی رابردوودا خزمەتێكی زۆریان بە بزاوتی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی كوردی كردووە.

دامەزراوەی پەی لە دەرەوەی جیاوازیی هزری و حیزبی و سیاسییەكاندایە، بەڵام بە ئەركی خۆمانی دەزانین دژ بە هەموو هەوڵێكی دەمكوتكردن و داخستن و كۆتاییهێنان بە دەزگا مەدەنی و میدیایی و رۆشبیرییەكان بوەستینەوە، چونكە وەك پرەنسیپ بڕوامان بە مافی جیاوازبوون و سەروەری یاسا و دوورخستنەوەی هێزە لە ململانێ سیاسی و حیزبی.

لەم پێناوەدا وەك دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، بە توندی ئیدانەی ئەم كردەیە دەكەین و پێمان وایە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ناوبانگی پایتەختی رۆشنبیری دەبێت و بە هەنگاوێكی چەوتی یەكلاكردنەوەی جیاوازییەكانیشی دەزانین.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، كە رێكخراوێكی ناحكومی سەربەخۆی قازانج نەویستە، خۆمان بەداكۆكیكاری مافی ئازادی ڕادەربڕین و فرەیی دەزانین، ئەركی سەر شانمانەو داواكارین لە رێكخراوەكانی تری كۆمەڵی مەدەنی، بەرامبەر پێشێلكردنی مافی مرۆڤ ، ئازادی بیروڕا، یاساشكێنی و هەڵكوتانە سەر خەڵك لە سەر جیاوازی بیروڕا  بێدەنگ نەبین، جا لەهەر شار و شارۆچكەیەكی كوردستان بێت و لەلایەن هەر هێز و لایەن و گروپێكەوە بێت. مایەی سەرسوڕمان و كارەساتیشە ناوەندێكی رۆشنبیری و مەدەنی بێ چەك لە پایتەختی رۆشنبیریدا بە چەك دابخرێت، ئەگەر لەسەر رەخنەگرتنە دەكرا بە قەڵەم وەڵام بدرێتەوە، چونكە جیاوازی بیروڕا و جیاوازی لێكتێگەیشتن  بە نواندنی زەبروزەنگ چەك چارەسەر ناكرێت، هەروەك هەمیشە لە رابردوودا ئەم پرەنسیپە لەلایەن خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلالەوە جەختی لەسەر كراوەتەوە. هۆكارەكەی هەرچییەك بێت دەكرا بە گفتوگۆ و هانا بردنە بەر دادگاكان و لە رێگەی یاساوە چارەسەر بكرایە، نەك پەنا بۆ هێزی سەربازی ببرێت. داخستن و رێگریكردن لەم دامەزراوانە زیان بە پێشكەوتنی ڕەوتی ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی كوردستان دەگەیەنێت و نەنگییەكی گەورەتریشە كە ئەم كردەیە لەپایتەخی رۆشنبیریدا ئەنجام بدرێت.

ئەم رووداوە لە كاتێكدایە كە لەلایەك بارودۆخی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی جۆرەها هەڕەشە و مەترسی دەرەكی بۆتەوە، لەلایەكی تریشەوە لەناوخۆدا لەبەردەم خۆئامادەكاریی هەڵبژاردنی پەرلەمانداین، هەموو ئەمانە لێمان دەخوازن كە ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت و رووی گەش و مەدەنییانەی حوكمڕانیی پیشانی دەرەوە بدرێت، هەوڵ بدرێت هاوڵاتیان خۆش گوزەران بکرێن و لەو رەوشە ناهەموارەی تێی کەوتوون دەرباز بکرێن، نەك پێچەوانەكەی. هەر بۆیە داواكارین لە بەڕێز سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دوور لە توندوتیژی و لەڕێگەی یاساوە چارەسەری بۆ ئەم گرفتانە بدۆزێتەوە.

لەگەڵ رێزماندا

 

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

7/9/2024

بۆ بینینی یاداشتەکە کلیک لەم (pdf) بکە:


هانا بردنە بەر چەک و توندوتیژی چارەسەر نین، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن!