عوسمان ساوجی
پەرلەمان شوێنی بەیەکگەیشتن و کۆبوونەوەی ئەو ئەندامانەیە کە لەلایەن گەلەوە لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا توانیویانە متمانەی دەنگدەران بەدەست بهێنن، هەرلەوێشەوە پیادەی ئەو دەسەڵاتانە دەکەن کە بەگوێرەی دەستووری وڵاتەکە بۆیان دیاری کراوە. پەرلەمان ناوە زۆر باوەکەی ئەو شوێنەیە کە کاری سەرەکیان چاودێریکردنی دەسەڵاتەکانی تر و دەرکردنی یاسای نوێیە بەگوێرەی هەلومەرج و پێشهاتە نوێکان بۆ پڕکردنەوەی بواری یاسایی لە کۆمەڵگەدا. لەهەمانکاتدا چەند ناوێکی تریشی هەیە لەوانە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی گەل، ئەنجوومەنی ڕاوێژ (شورا)، هتد.
لەو بارەوە زۆر گرنگە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بەگوێرەی هەر سیستەمێکی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا دەسەڵاتەکانی گەورە و فراوانترن بەبەراورد بەسیستەمە سەرۆکایەتییەکان و لە سیستەمی دیکتاتۆرییەکانیشدا دەکرێت بگوترێت دامەزراوەکە تەنها کارتۆنییە و کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر دۆخی سیاسی وڵاتەکە و دروستکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکان نییە.
گرنگی پەرلەمان لە کۆمەڵگەیەک بۆ ئەویتر و لە سیستەمێک بۆ یەکێکی تر جیاوازە وەک ئاماژەی بۆ کرا، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەو دامەزراوە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەیە لە نوێنەرایەتی گەل و بڕیاردان لە جۆری ئەو دەوڵەتەی بۆ ئەو گەلە شیاوە. هەروەها توانای چارەسەری یاسایی و سیاسیی ئەو کێشانەی هەیە کە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگەیە هەن یان سەرهەڵدەدەن.
پارتە سیاسییەکانی سەر شانۆی سیاسی هەر کۆمەڵگەیەک بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتەکەیاندا پێشبڕکێی توند لەگەڵ یەکدیدا دەکەن، هەریەکەیان هەوڵدەدات بە بەرنامەیەکی کاری گونجاو بۆ ئەو قۆناغە زۆرترین کاندیدی خۆی بۆ ئەندامێتی لە پەرلەمان سەربخات، چونکە ژمارەی زیاتری ئەندام لەو دامەزراوەدا بەواتای بوونی ڕۆڵی زیاتر و کاریگەری زیاتری ئەو لایەنە سیاسییە و ڕەنگدانەوەی زیاتری ئەو پڕۆژەی ئامادەی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەو ماوەیەی بەگوێرەی دەستوور بۆ هەر خولێکی پەرلەمان دیاریکراوە. لێرەوە دەکرێت ئاماژەکردن بۆ کەسایەتی کاندیدەکان بۆ هەر خولێکی پەرلەمان ببێتە کڕۆکی بابەتەکە، چونکە پەرلەمانی هەر وڵاتێک و لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا سەرئەنجام ئەندامە سەرکەوتووەکان ڕۆڵی تیادا دەگێڕن و ئاراستەی دەکەن و بەرنامەی ڕۆژ و وەرزەکانی کارکردنی بۆ دادەنێن.
شێوازی باوی دەستنیشان کردنی کاندیدەکان بریتییە لەوەی کە لایەنە سیاسییەکان هەوڵدەدەن باشترین ئەندامەکانی خۆیان لە چین و توێژە جیاوازەکان هەڵبژێرن یان لە ئەگەری ئەوەی کاندیدی پێویستیان نەبوو کەسانی سەربەخۆ کە خاوەنی پسپۆڕین و ناسراون لەناو خەڵکدا کاندید بکەن و لیستەکەیانی پێ دەوڵەمەند و بەهێز بکەن.
کەواتە لێرەدا پێویستمان بەوەیە ئاماژە بۆ مەرجەکانی کاندید بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بۆ ئەندامێتی پەرلەمان بپاڵێوێت، کە ئەوەش لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی خۆی لەو خاڵانەدا دەبینێتەوە:
1. هاوڵاتی وڵاتەکە بێت.
2. بە هەندێک مادەی یاسایی تایبەت سزا نەدرابێت.
3. تەمەنی بەپێی مەرجەکان بێت.
4. ئاستی خوێندەواریی بەرز بێت.
5. خزمەتی سەربازی کردبێت، ئەگەر بەزۆرەملێ بێت.
سەباری ئەو مەرجە گشتییانە پێویستە پرسیاری ئەوە بکرێت ئایا لایەنە سیاسییەکان بە چ پێوەرێک کاندیدەکانیان دەپاڵێون؟ ئایا دەکرێت هەرئەندامێکیان خواستی چوونە پەرلەمانی هەبوو دەرفەتی پێبدرێت؟ ئایا دەکرێت دامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەرلەمان ببێتە پەراوێزێک بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئەندامانی حیزب یان بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەو ئەندامانەیان کە نەتوانراوە لە ئۆرگانەکانی حیزبدا پلەی باش وەربگرن؟
دیسان پێویستە بگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کەوا گوتمان کاری پەرلەمان و دەسەڵاتەکەی بەگوێرەی سیستەمی سیاسی وڵاتەکە دەگۆڕێت. هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دانپیانراوی دەستووری بەداهێنەری سیستەمی پەرلەمانی دادەنرێت لە عێراق دا کە ئەندامەکانی بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراون. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە پارێزگاری کردنی لە قەوارەی هەرێم و گرەنتی کردنی ئاسایشی سیاسی پێویستی بەوە هەیە لایەنە سیاسییەکان زیاتر لە هەر بوارێکی تر مشووری ئەوە بخۆن لەڕێگەی کاندیدی شیاوەوە پارێزگاری لە شکۆی ئەو دامەزراوە نیشتیمانییە بکەن، بەتایبەت کە تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان دەستوورێکی نووسراوی نییە و بەردەوام سەروەرییەکەی پێشێل دەکرێت و چوارچێوەیەکی دیاریکراوی نییە بۆ سنووربەندکردنی ئاسایشی نیشتیمانیی.
ئەندامانی پەرلەمان کە بریتین لە گرووپی سەرکەوتووی پڕۆسەی دەنگدان چەندین ئەرک و بەرپرسیارەتی گەورەیان لەئەستۆدایە، لە گرنگترینیان نوێنەرایەتیکردنی هاووڵاتییان بەگشتی و دەنگدەرانە بەتایبەتی، هەروەها زۆرجار پۆستە حکومییەکانیش هەر لەڕێگەی کاندیدە سەرکەوتووەکانەوە پڕدەکرێنەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە بەشداری دەکەن لە دانانی یاساکان وەک پێشتر باسکرا.
لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە سەر مەرجەکانی دەستنیشان کردنی کاندید و دەپرسین ئایا دەکرێت کەسێک بخرێتە بەردەم ئەو هەموو بەرپرسیارەتییەوە بەرامبەر بەو مەرجە سادانە؟
هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەگەرچی لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستان-ـەوە ململانێی توندیان کردووە لە پێناوی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی، بەڵام ئەم ململانێیە بەهۆی ئەوەوە نەبووە بایەخی زۆریان بەو دامەزراوە دابێت، بەڵکو لەپێناوی بەدەستهێنانی پشکی زیاتر بووە لە حکومەت هەر ئەوەش وایکردووە کە زۆر بەکەمی گوێ بەلایەنی کوالێتی کاندیدەکانیان بدەن، ئەوەش سەریکێشاوە بۆ ئەوەی چەندین بەندبێژ و پەیامنێر و پاڵەوانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و خەڵکانی بێکار و هیچ-لەبار خۆیان بۆ ئەندامێتی خولی شەشەم کاندید بکەن تەنانەت بەبێ ئەوەی هێزێکی سیاسیش پشتگیریان بکات. هاوکات، لە ١٩٩٢وە چەندین جار دەرگای پەرلەمان یان داخراوە یان ماوەی کارایی پەرلەمان درێژکراوەتە. واتە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا نەبووەتە پرسێکی گرنگ، لەکاتێکدا وڵاتانی دیموکراسی ئەوە بە مەترسییەکی گەورە دەزانن کە وڵات بکەوێتە بۆشایی یاسایەوە.
لەکۆتاییدا جێی خۆیەتی بڵێین بەراورد بە وڵاتانی تر لە هەرێمی کوردستان کەسانی پلەیەکی حیزبە سیاسییەکان خۆیان لەو ئاستەدا نابینن بچنە پەرلەمان و لەوێ شەڕی سیاسی خۆیان بکەن، ڕەنگە ئەوە بۆ سەرکردە پلە-دووەکانیش ڕاست بێت. لەکاتێکدا دەبینین لە وڵاتانی دیموکراسیدا زۆرێک لە سەرکردەی حیزبە گەورەکان ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکانیان و بەوەش جگە لە بەرز ڕاگرتنی شکۆی پەرلەمان گرەنتی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسیش کراوە.