aryzabdulla.jpg

دەسەڵات و تەمەنی خانەنشينی!

Jan 21, 2025  |   بیروڕا 

ئارێز عەبدوڵا

 

لە کوردستان تەمەنی خانەنشينی ٦٣ ساڵە و لە عیراقيش (٦٠) ساڵ. ئێستا پەرلەمانی عیراق خەريکە دەيکاتەوە بە (٦٣) ساڵ، کەچی لەپڕ دەسەڵاتی کاربەرێکەری هەرێم بە بڕيار نەک بە ياسا، دەيکا بە ٦٠ ساڵ!

بابەتی خانەنشينی لە هەموو وڵاتانی جيهان گرنگ و جێی بايەخی حکومەت، کارمەند، پەرلەمان، راگەياندن و رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنيیە و هەر گۆڕانکاريەکی تيادا بکرێ مشتومڕێکی زۆری لەسەر دەکرێ و دواجاريش پەرلەمان بە ياسا يەکلايی دەکاتەوە، بەڵام لە کوردستان وەکو خووی هەميشە يەک لايەنە بۆ جێبەجێکردن بڕيارە و دەدرێ!
دەمەوێ بە کورتی ئەم چەند سەرنجە لەسەر ئەو بڕيارە بدەم:
يەکەم: گۆڕانکاری لە ياسای خانەنشينی پێويستی بە ياسايە.
دووەم: ئێمە پەرلەمانمان هەيە. راستە هێشتا دەستبەکارنەبووە، بەڵام هەر دەستبەکار دەبێ، بۆيە دەبوو چاوەڕوان بکرابووايە. ديارە دەرکردنی ئەو جۆرە بڕيارە مۆرک سەروەرييانە بە مەبەست بێ يان بێ مەبەست، بێبايەخ کردنی پەرلەمانن.
سێيەم: حکومەت کار بە رێکەرە و حکومەتی کاربەرێکەريش ناتوانێ وەکو ماوەی ئاسايی کار بکات و بڕيار دەر بکات. 
چوارەم: لەبەر ئەوەی عیراق خەريکە ياساکە هەموار دەکاتەوە، دەبوو چاوەڕێ بکرێ تا دەردەکەوێ لەوێ بڕيار لەسەر چی دەدرێ.
لێرەدا پرسيارێک دروست دەبێ، باشە ئەگەر  هاتوو ئەو بڕيارە جێبەجێکرا و دواتر لە دادگا سکاڵای لە دژ تۆمار کرا يان پەرلەمان بڕيارەکەی هەڵوەشاندەوە، لێکەوتەکانی چۆن چارەسەر دەکرێن؟
هێشتا نەچووە بچێ، ئەگەر دەسەڵات لەو بڕيارە پاشگەزبێتەوە يان هەڵيسپەێرێ زۆر گونجاوترە.