فاتیح سەنگاوی
نەوەی نوێ لەسەرەتاوە ئەوەی ڕەتنەکردووەتەوە کە دەیەوێ بەشداریی پێکهێنانی حکوومەت بکات بەهەندێ مەرجەوە، ئێستەش وەک ئەگەرێک بوواری ئەوبەشدارییەی ماوە ئەگەر پشکی خواستراوی خۆی پێ بدرێت.
یەکگرتووش لەسەرەتاوە و بێ دوودڵی بڕیاریدا بەشێک نابێت لەدەسەڵات و لەبەرەی بەرگریکردن لەخەڵکدا دەمێنێتەوە وەکو ئۆپۆزسیۆن، دەنگیش بەسەرۆکایەتی پەڕلەمان نادات؛ چوونکە بووەتە بەشێک لە پاکێجی دەسەڵات و پشک پشکێنەی ئەو هێزانه، چوونکە بڕوای وەهایە هیچ گۆڕانکارییەکی نەوعی لەبیرکردنەوەی حیزبەکانی حوکمڕاندا ڕووی نەداوە تا ئەو هەنگاوە بنێت؛ گەرنا یەکگرتوو ئەو حیزبەیە لە توانایدایە لەنێو دەسەڵاتێکی تەندرووستدا زۆرترین خزمەت بکات و جوانترین ڕۆڵ بگێڕێت لەبەر زۆر هۆکار.
یەکێتی خۆی دەزانێت بەو جۆرە ناتوانێت حوکمڕانیی بکات کە نەوەی نوێ بۆی پێشنیار کردووە و بەو پێشنیارەش ڕازیی نییە! ئێمە کە نەبینە دەسەڵات یەکێتی و پارتیی بۆ ئێمە لەدەنگپێداندا وەکو یەکن، (هەڵوێست)یش دەنگ بەپێشنیارێک نادات کە کاک شاسوار کردبێتی، (کۆمەڵی دادگەری)یش بایکۆتی کردووە و پەڕلەمانتارەکانی لەپەڕلەمان نین و بەپێی پەیڕەویش دەبێ ٤٨سەعات پێش ئەوە ئاگادار بکرێن؛ گریمان ئەگەر بڕیار بێت بێن و سوێندی یاسایی بخۆن و لە بەرنامەی کاریشدا جێگیر بکرێت ، کە نییە، (بەرەی گەل)یش هەڵوێستی ڕوونە بەرامبەر بە یەکێتی، ئەمە جگە لەوەی دەنگدان نهێنییە و مەرج نییە هەندێ پەڕلەمانی تەنانەت نەوەی نوێش بەو جۆرە دەنگ بدەن کە دەیانەوێت؛ کەواتە لە هەموو بارێکدا لەسەدا پەنجا و زائیدەن یەک بەدی نایەت.
کەواتە ئەو داوایە هەر لەسەرەتاوە ڕوونە کەسەر ناگرێت و پێشنیارێکی بێ ئەنجامە لەڕووی واقیعییەوە، ئێمە وەک خۆمان لەبوونی هەر داوایەکی فەرمی بۆ کۆبوونەوە ئامادە دەبین، بەو شێوەیەش دەبین کە خۆمان باوەڕمان پێیەتی، نەوەی نوێ و هەر هێزێکی تر گەر ئۆپۆزسیۆن بوو ئێمە خوازیاریی هەماهەنگین، لەدەسەڵاتیش بوو وەک بەشێک لەدەسەڵات چاودێر دەبین، ئەو داوایەش تەنها لەڕاگەیاندنەوە وتراوە و هیچ پەیوەندییەک بەئێمەوە نەکراوە و هیچ داوایەکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، دیدگامان ڕوونە و خزمەتی خەڵک و بەدەمەوەبوونی خواستەکانیان ئەوەندەی لەتوانای ئێمەدا بێت درێغیی ناکەین و ئەوپەڕی توانای خۆمان دەخەینەکار.