.jpg

ئایا خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، پۆپۆلیست‌و تیکتۆکچى داگیرى دەکات؟

Jul 9, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

چاوەڕوان دەکرێت خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەهۆى لاوازى کاندیدەکانیەوە نەتوانێت ڕووبەڕوى قەیرانەکان بێتەوە، ڕاوێژکارێکى پەرلەمانیش دەڵێت "حاکمێک بەرامبەر کەسێک کە قسەى بازاڕى دەکات شکست دەهێنیت".

 

بەگوێرەى دواهەمین توێژینەوە کە پەیمانگاى پەى کردوویەتى لەسەر کاندیدەکان، یەکێتى بەپلەى یەکەم زۆرترین خەڵکى خوێندەوارى لەڕووى (پسپۆڕى‌و بڕوانامەوە) کاندید کردووە بەجۆرێک لەکۆى  ١٨١ خاوەن بڕوانامە ١١یان پلەى دکتۆرایان هەیەو ٢١یەکیان خاوەن بڕوانامەى ماستەرن، دواى ئەویش ڕەوتى هەڵوێستى نیشتمانى دێت کە سێ کاندیدیان خاوەنى بڕوانامەى دکتۆران‌و ١٢یان خاوەنى ماستەرن.

 

سەردار قادر، ووتەبێژى ڕەوتى هەڵوێستى نیشتمانى لەگفتوگۆیەکى پەیامنێرى ئاوێنەدا ئاماژەى بۆ دواهەمین ئامادەکارییەکانى لیستەکە کرد بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى ٢٠٢٤ى پەرلەمانى کوردستان، زانیارى ئەوەی دا لەئێستاوە کاندیدەکانیان لەچوارچێوەیەک کە یاساى بانگەشە نەشکێنێت دەستیان کردووە بەبانگەشە لەئاستى خۆیان، لەئاستى ڕەوتەکەش سەرقاڵى بنیاتنانى گوتارێکى گشتین تاوەکو بۆ کاندیدەکانى بگوازنەوە، ئەو وتى "کاندیدەکانمان دەستیان کردووە بەهەڵمەتى بانگەشەى بێدەنگ‌و ئێمەش پاڵپشتیان دەکەین".

وتەبێژى ڕەوتى هەڵوێستى نیشتمانى لەبارەى پێکهاتەى کاندیدەکانیان بڕواى وابوو ئەوان توانیویانە ٧٠%ى ئەوەى پەیمانگاى پەى بانگەوازى بۆ کردووە جێبەجێى بکەین، ئەو وتى "کاندیدى باش ئەوەیە لەناو پەرلەمان بتوانێت کارى باش بکات هاوکات بتوانێت دەنگى باش کۆبکاتەوە، ئێمە هەموو لایەنێکمان ڕەچاوکردووە".

 

ئاوێنە لەبارەى پێکهاتەى لیستى یەکێتى قسەى لەگەڵ لەتیف نێرەوەیى، بەرپرسى دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنى یەکێتى کرد، ئەو پابەندى خۆى بەدوا بڕیارى سەرۆکى یەکێتى، بافڵ تاڵەبانى پیشان داو وتى "پابەندین بەبڕیارى سەرۆک"ەوە.

 

بەبڕواى دامەزراوەى پەى کە یەکێکە لەدامەزراوە تایبەتەکان لەسەر کاروبارى پەرلەمان، گرنگە لایەنە سیاسیەکان کاندیدى (بڕیار بەدەست، لێهاتوو، بەئەزموون‌و خاوەن پسپۆریی جیاجیاو خاوەنی بڕوانامەی فیعلی) پێشکەش بکەن.

 

سەروەر عەبدولرەحمان، خۆى ئەزموونى چوار ساڵ کارى پەرلەمانتارىی هەیەو سەرۆکایەتى ئەو توێژینەوەیەى دامەزراوەى پەى کردووە کە خۆى سەرۆکایەتى دەکات، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کاتێک تەماشاى سیڤى کاندیدەکانیان کردووە بۆیان دەرکەوتووە کاندیدەکان لەئاستى پێویست نەبوون‌و خەڵکانى بێ بڕوانامە لەناو لیستەکاندان، ئەو بەئاوێنەى وت "پەرلەمان دامەزراوەى چاودێرى یاسادانانە پێویستى بەپسپۆڕى جیاواز هەیە، بەڵام تێبینى ئەوەمان کرد لیستەکان کەشێکى پۆپۆلیستى زاڵە بەسەریان چونکە لەناو کاندیدەکان تیکتۆکچى‌و بێژەرو گۆرانبێژ لەگەڵ رێزم بۆیان بوونى هەیە".

بەبڕواى سەرۆکى پەیمانگاى پەى، پەرلەمان خول لەدواى خول لاواز دەکرێت ئەم خولى پێنجەمە لاوازترین خول بوو لەمێژووى پەرلەمان، چونکە سەرۆکى پەرلەمان چونکە سەرۆک بوو بۆیە کرا بەمەکتەبى سیاسى یەکێتی نیشتیمانی ئەگەرنا پێشتر کادرێکى یەکێتى بوو، بەهەمان شێوە جێگرى سەرۆکى پەرلەمانیش سەرکردایەتى بوو، لەهەمانکاتیشدا پسپۆڕى گرنک لەپەرلەمان نەبوو هەر بۆ نمونە لیژنەکانى  (شارەوانى‌و ئاوەداکردنەوە) کە مەرجە سەرۆکەکانیان ئەندازیار بن، سەرۆکەکانیان دەرچووى یاسا بوون، پەرلەمان ئەندازیارى تێدا نەبوو، بەهەمان شێوە سەرۆکى لیژنەى دارایى میدیاکار بوو، لیژنەى یاسایى کە لیژنەیەکى گرنگ بوو بەهۆى کەم ئەزموونیەوە لیژنەکە لاواز بوو، سەروەر وتى "پاساوى حیزبەکان بۆ خۆ دەرباز کردن لەهەژاریی کاندیدەکانیان لاوازە، بۆیە دەرفەت ماوە بۆ گۆڕانکارى لەکاندیدەکان".

 

لەخولى پێنجەمى پەرلەمان لەهەولێر هونەرمەنددى میللى، جەلال پەرێشان لەسەنتەرى هەولێر زۆرترین دەنگى بۆ پارتى کۆکردەوە، لەسلێمانیش گۆران ئینزیبات، زۆرترین دەنگى بۆ گۆڕان بەدەستهێنا، خاڵى بەهێزى ئەم دوو کەسایەتیە ئەوە بوو هونەرمەند بوون، ئەوە بیرکردنەوەى لەنێو لایەنە سیاسیەکان بۆ دەنگدان گۆڕى.

 

هاوژین عومەر، لەماوەى ڕابردوو سەرپەرشتى داڕشتنى پلانى چەندین هەڵبژاردنى بۆ پارتى کۆمەڵى دادگەرى کردووەو شارەزایەکى تەواوى هەڵبژاردنە، بەبڕواى ئەو چەند هۆکارێک وا دەکات لایەنە سیاسیەکان پەنا بۆ کەسایەتى شەعبى بەرن، لەوانە کەسایەتى کاریگەرى پارتە سیاسیەکان بەهۆى شکانى هەژموونی دامەزراوەکانەوە ناچنە ناویان، هاوکات شێوەى لیستەکان کە نیمچە کراوەن وا دەکات کەسایەتى شەعبى زۆرتر چانسى دەرچونیان هەبێت نەک خاوەن بڕوانامە، هاوژین بەئاوێنەى وت "لیستمان هەبووە ٨ پرۆفیسۆرى تێدا بووە، بەڵام کەسێک دەرچووە کە تواناى کارى پەرلەمانتاریی نیە، بۆیە خەڵکیش بەرپرسیارە لەو دۆخەدا".

ئەو شارەزایەى هەڵبژاردن زیاتر پرۆسەکە ورد دەکاتەوە بڕواى وایە ئەگەر ئیسلامیەکان بەنمونە وەربگریت هێندە کەسایەتیەکى بانگخوازى ئیسلامى چانسى دەرچوونى هەیە لەبەرامبەردا کەسایەتیەکى سەنگینى ئیسلامى یان خاوەن بڕوانامە چانسى کەمترە، ئەو وتى "ئەگەر لیستى داخراو بێت لایەنە سیاسیەکان دەستیان کراوەیە بۆ ئەوەى کەسانى خاوەن بڕوانامەو پسپۆڕى جیاواز بخەنە ناو پەرلەمان".

 

به‌ڵام بۆچونێكى پێچەوانەوە هەیە بڕوای وایە، پەرلەمان تەنها بەكەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرزو جیاواز ناڕوات، بەڵكو كەسانی خاوەن پێگەی جەماوەریش گرنگن. مەرج نییە ئەوەی خاوەن بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا بێت، پەرلەمانتارو سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتوو بێت، بەدرێژایی خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستان‌و عێراق، چەندین پەرلەمانتارو سیاسەتمەداری دیار هەڵکەوتوون کە خاوەنی ئەو بڕوانامانە نەبوون‌و پێگەیەکی جەماوەری بەهێزیان هەبووەو رۆڵی کارایان لەدروستکردنی بڕیاردا بینیوە.

هەڵكەوت ئەنوەر خەلیفە، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەخولی پێنجەم‌هو کوڕی پیاوێكی دیاری ناوچەی شارەزوورو خاوەنی دیوەخان‌و پێگەی جەماوەرین، ئەو لەهەڵسانگاندنی خولی پێنجەم پێی وایە، زۆر كاری باشیان كردووەو وتی "خولێكی بەهێز بووە".

‎ئەو پەرلەمانتارە كاتێك پەیامنێری ئاوێنە پرسیاری ئەوەی لێكرد ئایا پەرلەمان تەنها پێویستی بەبڕوانامەدارە؟ وەڵامی دایەوەو وتی "نەخێر، پەرلەمان پێویستی بەخەڵكی جۆراوجۆر هەیە، رەنگە بۆ نمونە ئەوەی ئێمە وەكو عەشائیر دەیزانین بڕوانامەدارەكان نەیزانن، بەپێچەوانەشەوە ڕاستە".

‎لەوبارەیەوە نمونەی دانیشتنێكی پەرلەمانی هێنایەوە كاتێك ویستویانە دیوەخانی عەشائیری هەڵبگرن ئەگەر ئەو نەبا ئەو كارە دەكرا، ئەو وتی "لەكۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆ لەپەرلەمان زۆرینەی پەرلەمانتارەکان وتیان با دیوەخان هەڵگیریت، بەڵام بەنمونەیەك كە لەسۆران ڕوویدابوو وامكرد ئەو بیرۆكەیە سەركەوتوو نەبێت".

‎هەڵكەوت لالە ئەنوەر بڕوای وایە گرنگە لیستی حیزبەكان نیوەی خەڵكی جەماوەری‌و بەدەنگ بێت نیوەی دیكەشی بەدڵی حیزبەكان بێت بۆ ئەوەی بتوانن پسپۆڕی جیاوازی تێ بكەن.

 

بڕیارە ٢١ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٤ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، سەربارى هۆشدارییەکان، بەڵام لایەنە سیاسیەکان گۆڕانکارى ئەوتۆیان لەکاندیدى لیستەکانیان نەکرد، تەنها ئەوە نەبێت پارتى لیستى کاندیدەکانى ئاشکرا بکات".

 

ڕامان مەجید فەقێ، ڕاوێژکارێکى دیارو خاوەن ئەزموونە لەپەرلەمانى کوردستان دەربارەى چارەنووسى خولى شەشەمى پەرلەمان ڕاى خۆى بۆ پەیامنێرى ئاوێنە دەخاتە ڕوو، جەخت لەسەر ئەوە دەکات نەبوونى پەروەردەیەکى دروست لەکۆمەڵگاکەمان‌و لەگەڵ ڕەوتى پۆپۆلیزم‌و بێبەهاکردنى دامەزراوە گرنگەکان کاندیدەکانى لاواز کردووە، پەرلەمان لەبنەڕەتدا شوێنى دادەوەرو کەسایەتى‌و سیاسیە گەورەکان‌و پسپۆڕییە جیاوازەکانە، ئەو وتى "تەنها تیکۆکچى‌و مۆدیلەکان نین، بەڵکو هەندێک لەوانەى لەڕاگەیاندن‌و خاوەن بڕوانامەشن لەکاتێکدا لەناو لیژنەکان قسە ناکەن، بەڵام لەسەر تەلەفزیۆن قسە بۆ کۆمەڵگا دەکەن میزاجى کۆمەڵگا تێکدەدەن".

بەبڕواى ئەو ڕاوێژکارەى پەرلەمان، سیاسیەکان‌و چینى ڕۆشنبیرو باڵاى کۆمەڵگا تۆمەتبار دەکات بەوەى نەیانتوانى پەروەردەیەکى دروستى کۆمەڵگا بکەن بەجۆرێک ئیستا وایلێهاتووە دادوەرێک یان کەسایەتیەکى گرنگ لەبەرامبەر کەسایەتیەک کە قسەى بازاڕى دەکات سەرکەوتوو نەبێت، ئەو وتى "نەبوونى پسپۆڕى لەناو پەرلەمان هەم بۆ پارتە سیاسیەکان، هەمیش بۆ پەرلەمان کێشەیە".

لینكی هەواڵ:

https://www.awene.com/detail?article=108475&fbclid=IwZXh0bgNhZW0CMTEAAR19vymNdg5xE5KdKVQiuglhT3AlqcQt4qbL0Tq1fGEFQyyicjUQHFR_gu0_aem_oFpd6XcPGh-3m2J2GxeK9Q