erada.jpg

حکومەتى هەرێم بە مووچەیەکی 52 ملیۆن دیناری گیرفانى پەرلەمانتارانی بێکار گەرمدەکاتەوە

May 31, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

دوای ئێکس پایەر بوونی خولەکەیان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، سەرۆکایەتى و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم جگە لە وەرگرتنى مووچەکانیان هیچ ئەرکێکی پەرلەمانتارییان نەماوە، لەبەرامبەردا فەرمانبەرانی هەرێم ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن، ڕێک لەو کاتەدا حکومەتی هەرێم بە دووهەزار و هەشتا بیست و پێنجی سور واتە ٥٢ ملیۆن دینار گیرفانی پەرلەمانتاران گەرم دەکاتەوە . . 

خولی پێنجەمی پەرلەمان یەکێک بوو لە لاوازترین خولەکانی پەرلەمان، بەهۆی ئەوەى ئەم خولە نەیتوانی هەریەک لە پرسەکانی وەک (دەستور– چاودێری – گەندەڵی – داهاتەشاراوەکان – مەلەفی نەوت و گرێبەستەکان – بانگهێشت کردنی بەرپرسان – هێنانی پرۆژە یاسای بودجە بۆ ناو پەرلەمان و دەیان پرسی دیکە لانی کەم بخەنە بەرباس)، ئەوەی توانیان تەنیا گەرمکردنەوەى گیرفانی خۆیان بوو بە وەرگرتنی مووچەیەکی زۆر و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و گەرم کردنی ناو هۆڵی ناو پەرلەمان بوو بە هات و هاوار تا ببنە پاڵەوانى سۆشیال میدیا . 

ئینستیتیوتی پەی بۆ چاودێرى پەرلەمان لە ڕاپۆرتێکدا دەنوسێت ، لەماوەى ئەو چوار ساڵەدا بەراورد بە خولەکانى پێشوو، پەرلەمانتاران کەمترین قسە و پێشنیاز و بەدواداچوونیان هەبووە، پەرلەمان کەمترین دانیشتن و پرۆژە یاسا و یاسای هەبووە، نزیکەى 10 پەرلەمانتار لەو چوار ساڵەدا هیچ قسەیەکیان نەکردوە،  واتا ئەلفێک چیە نەیانووتووە بەڵام لە بەرامبەردا بڕی 52 ملیۆن دینار خرایە سەر حسابی بانکەکانیان کە مووچەی شەش مانگی کۆتایی پەرلەمان دەکات و سەرجەم خولەکانی پێشووش ئەو پاداشتەیان پێدراوە، کۆی گشتی ئەو پارەیەش پێنج ملیارو 770 ملیۆن دینار دەکات. 

ئێستا تۆ بیهینە پێش چاوت ؛ ئەو بڕە پارەیە چی پێدەکرا؟  لانی کەم بە سەدان وانەبێژ و یەکەمی زانکۆت پێ دادەمەزراند . 

بەو پارەیە زیاتر لە 10 خوێندنگە  یان نەخۆشانە و پارکت پێدرووست دەکرد و سەدان دۆنم زەویت پێسەوز و ئاوەدان دەکرد، هەر بەو پارەیە دەیان ڕێگا و شەقامی خراپى پێ چاک دەکرا کە ئێستا بوونەتە مۆتەکەى مەرگ بۆ هاوڵاتییان، یاخوود برینداران و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایت پێچارەسەر دەکرد !. 

خانەنشینکردنى پەرلەمانتار لەدەرەوەى تەمەنى خانەنشینى وبەیاسایەکى تایبەت، پارتی بە زۆرینەی دەنگ تێی پەڕاند لە سالی 2008 ئەگەر چی یاساکە لە 1999 دەرچووە و پاشان هەموار کراوەتەوە. 

لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵ جارێک 111 پەرلەمانتار خانەنشین دەکرێن، لەو چوار ساڵەدا هەر پەرلەمانتارێک جگە لە پاسەوان و ئیمتیازاکانی دیکەی زیاتر لە 350 ملیۆن دینار وەردەگرێت کە بەدەیان دەفتەر دۆلار دەکات ، ئەوە بێگومان لە سەر حسابی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی بی مووچە کرا. 
 
ئێستا هاوڵاتییان دەپرسن، پەرلەمانتاران ئەو 52 ملیۆن دینارە لە پای چی وەردەگرن و لە پای چی بە مووچەیەکی بەرز خانەنشین دەکرێن؟ 

 لەم خولەدا چیان کردوە و دەستکەوتیان بۆ خەڵکی هەرێم چبووە تا بەو شێوەیە پاداشت بکرێن ؟ ئایا کەسیان ڕووی ئەوەیان هەیە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە ؟

لینكی هەواڵ:

https://erada.media/news.aspx?id=1159&mapid=1