خهندان-
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگهیاند، پەرلەمانی كوردستان لە بری ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی كاری نایاسایی بكات، كەچی خۆی "زۆرترین یاساشكێنی كردوە و لەسەریشی بەردەوامە"، پرسی له مهسرور بارزانی دهكرێت كه "ئەو هەمو گەندەڵی و لەیاسادەرچون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟"، دهشڵێت، "لەم هەفتەیەدا بڕی 52 ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە و تائێستاش دهستهی سهرۆكایهتی هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلهكانیان رادەست نەکردوهتەوە".
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان له راگهیهندراوێكدا كه وێنهیهكی بۆ خهندان نێردراوه، رایگهیاندوه، "ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادیدا تێدەپەڕێت كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستوری داناو لەئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزمونی لێوەربگرن".
خولی پێنجەمی پەرلەمان زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەوی كردوە
ئاماژهی بهوهشكردوه، یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان یاسادانانە، ئەو یاسایانەی دایدەنێت هاوڵاتیان و دامودەزگاكانی دیكهی وڵات پابهند دەكات جێبەجێی بكەن، لەهەمانكاتدا ئەركێكی دیكهی چاودێری كردنی دەسەلاتی جێبەجێكردنە لەوەی تا چەند پەیوەستبونە بەیاساوە یا پێشێلكاریان كردوە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكات، بەڵام خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوەو زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەویان كردوە، دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی دیكهشهوه پشتگیری كراون.
پهرلهمانتاران ماوهی هەشت مانگ موچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاریان به نایاسایی وەرگرتوە
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، "وەرگرتنی موچە بە شێوەی نایاسایی: دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگەی ئیتیحادی لە 6ی 11ی 2020وه وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتبو، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ موچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاریان وەرگرتوە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە 30 ملیۆن دیناریان بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتوە، كە كۆی گشتی دەكاتە چوار ملیار و 265 ملیۆن و 500 ههزار دینار".
ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردوهتەوە و بەڵینی ئاڵ و واڵا دەدەن
ئهوهشی خستوهتهڕو، "لەوكاتەدا چەندین یاداشتمان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەكانی دیكه نارد، بەڵام بێدەنگیان هەڵبژارد و بەردەوامبون لەسەر ئەم پێشێلكارییە و هیچ ئیجرائاتێكیان نەكرد، كەچی ئێستا ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردوهتەوە و بەڵینی ئاڵ و واڵا بە هاوڵاتیان دەدەن گوایە ئەو موچە خوراوانەیان بۆ دەگێڕنەوە كە بە نایاسایی لێیان بڕاوە، لەكاتێكدا خۆیان بەنایاسایی هەشت مانگ لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان موچەیەیان وەرگرت و بۆ خەزێنەی گشتیان نەگێڕایەوە".
لەم هەفتەیەدا بڕی 52 ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان دهڵێت، "یەكێك لە بیانوەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی گێڕانەوەی موچە نایاساییەكاندا كە بە پەرلەمانتاران درابو، پێیانوابو چونكە موچەكە دابەشكراوە وەرگرتنەوەی ئاسان نیە، ئێمە پێشنیاری ئەوەمان بۆ كردن كە لەساتی خانەنشینبونیاندا ئەو ئیكرامیەی بڕیارە پێیان بدرێت رابگیرێت و بڕی ئەوپارەیان لێ بگێڕنەوە، پێیان باش بو، بەڵام دیسانەوە پەیوەست نەبون و نەك نەیانگێرایەوە ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی 52 ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە".
زۆرینەیان شوققە و خانوەكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكردوە
رونیشیكراوهتهوه، لە دوای بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادییەوە هیچكام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسلەتی یاساییان نەماوەو هەر بۆیەش دەبوایە هەمو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان رابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شوققەو خانوەكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكردوە و بەكاری دەهێنن.
ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكردوه
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان دهڵێت، "ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دوای تەواوبونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆڵ نەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکار دەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی رادەست کردەوە، بەڵام هێشتا ڤێللاکانی رادەست نەکردوهتەوە)".
سەرۆكی پەرلەمان هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلهكانی رادەست نەکردوهتەوە
پهیوهست به سهرۆكی پهرلهمان، پەی باسی لهوهكردوه، "سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی رادەست نەکردوهتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام هەبوە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبوە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی رابردودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابوە، بەكاری هێناوەو لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە!".
پێنج كاندید دوای تەواوبونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبو، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا
ههروهها ئهوهش هاتوه، "پێنج كاندید كە دوای تەواوبونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێ و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوەو ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن!".
پەرلەمان زۆرترین یاساشكێنی كردوە و لەسەریشی بەردەوامە
له راگهیهندراوهكهی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێداندا هاتوه، "پەرلەمان لە بری ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی كاری نایاسایی بكات، كەچی خۆی زۆرترین یاساشكێنی كردوە و لەسەریشی بەردەوامە! حكومەت لەبری ئەوەی خاوەنی ئەو پەیامەبێت كە هەڵی گرتوەو باسی چاكسازی دەكات، كەچی رێخۆشكەر و هاوكار و جێبەجێكارە لەم دۆسیانەی بەشێوازی گەندەڵی بەڕێوەدەچن".
دەكرێت مهسرور بارزانی پێمان بڵێت ئەو هەمو گەندەڵی و لەیاسادەرچون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟
له پرسیارێكدا كه ئاڕاستهی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێم كراوه، پهی دهڵێت، "دەكرێت پێمان بڵێت ئەو هەمو گەندەڵی و لەیاسادەرچون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟ دەكرێت جێگری سەرۆكی حكومەت پێمان بڵێ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی كردیان و دەیكەن لەگەڵ كام بەڵێن و كام بڕگەی بانگەشەی ساتی هەڵبژاردنەكانیدا دێتەوە؟ دەكرێت وەزیری دارایی پێمان بڵێت ئەو كارەنایاسایی و رێخۆشكردنانەی بۆ گەندەڵی لەگەڵ كام لە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەكەی (بزوتنەوەی گۆڕان)دا وێك دێنەوە؟ هەمو ئەو كارانەی دەكرێن نایاسایین و هیچ كەس و دامەزراوەیەكیش نیە لێپێچینەوەو رێگرییان لێ بكات".
رەوشەكە مەترسیدارە، هەرێمێك لەبۆشایی یاساییدایە، قەیرانی دارایی و بێ موچەیی بەرۆكی گرتوە
دامهزراوهكه هۆشداری دهدات لهوهی "رەوشەكە مەترسیدارە، هەرێمێك لەبۆشایی یاساییدایە، قەیرانی دارایی و بێ موچەیی بەرۆكی گرتوە، پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەگەڵ دەوروبەر و بەغدا هەیە، موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیدا نادرێت و دەیان موچەیان پاشەكەوت كراوە، بونی ناعەدالەتی و یاساشكێنی و گەندەڵیش لەولاوە بوەستێ، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لەبەردەمدایە، ئەگەر هەڵبژاردن نەبوایە چی دەگوزەرا؟ هەرچەندە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێكیش دواخرا، بەڵام خۆ هەر دەبێت بكرێت، هەموو ئەمانە هاوڵاتیان توڕەتر دەكەن، لەبەر هەمو ئەم هۆكارانە لەسەر كۆی هێزە سیاسییەكان پێویستە هەڵوەستەیەك بكەن و بەخۆدابچنەوەو رێز لە یاسا بگرن، بەپێچەوانەوە داهاتوویەكی نادیاری مەترسیدار چاوەڕێی خۆیان و هەرێمەكەمان دەكات".
لینكی هەواڵ:
https://www.xendan.org/detailnews/180656