دوای (١١) ساڵ كاركردنی بێوچان لەبواری كاری رێكخراوەیی مەدەنیدا، ئینستتیوتی پەی بەمەبەستی فراوانكردنی بواری چالاكییەكانی، ناوەكەی خۆی گۆڕی لە (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان) بۆ (دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان)، هەر بۆیە لەمەودوا بە (دامەزراوەی پەی) دەناسرێت.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، رێكخراوێكی زانستیی كوردستانی، ناحكومی سەربەخۆی قازانج نەویستە، كەسایەتییەكی یاسایی سەربەخۆی هەیە، لەڕووی كارگێڕی و داراییەوە بەپێی یاسا سەربەخۆیە، بەنیگایەكی گەش بینانە كاردەكات بۆ سودی گشتی لەپێناو فەرمانڕەواییەكی پێگەیشتوو لە هەموو بوار و ئاستەكاندا.
دامەزراوەی پەی لە (26/11/2013) لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەناوی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان) بە كۆدی (1406) تۆماركراوە، دواتریش لە (20/2/2022) بە فەرمی لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی عیراقی فیدراڵ لە بەغدا بە ژمارە (1ES2202020) بەناوی (رێكخراوی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) تۆماركراوە.
دواتر لە ئەنجامی بەرفراوانتر بوونی بوارەكانی چالاكییەكانی پەی و یەكخستنی ناوەكان لەڕوی كارگێڕییەوە لە (5/3/2024) لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی عیراقی فیدراڵ و لە (12/5/2024) لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستانەوە ناوەكەی گۆڕاوە بۆ (دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان).
دامەزراوەی پەی، مەبەستیەتی لەرێگای توێژینەوەی زانستی و ستراتیژی، بەشدارییەكی دروست بكات بۆ باشتركردنی باری پەروەردەیی، یاسایی، تەندروستی، ئابووری، و سەرجەم بوارە جیاجیاكانی سیستەمی فەرمانڕەوایی لەهەرێمی كوردستان، تا هاوكارێكی راستەقینە و پردێك بێت بۆ بەستنەوەی كۆمەڵە مەدەنیەكان بەیەكتری بۆ هێنانە كایەی كۆمەڵێكی مەدەنی، ئاسودەی، بەختەوەر لە هەرێمی كوردستان. تا ئێستا ئەم پرۆژانەی جێبەجێكردووە:
1-لە ساڵی 2014 پرۆژەی (دیاردەی وازهێنان لە خوێندن لە هەرێمی كوردستان)ی بەهاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی (هاوبەندی نێودەوڵەتی بۆ بەها مرۆڤایەتیەكان) ئەنجامداوە.
2-لە ساڵانی 2014-2015 پرۆژەی (كاری هاوبەشی نێوان رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی خوێندنی باڵای لە هەرێمی كوردستان) ئەنجامداوە كە لەلایەن (فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان)ەوە پاڵپشتی كراوە.
3-لە ساڵی 2015 ەوە تاكو ئێستا بەپاڵپشتی رێكخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی ئەمەریكی (NED) پرۆژەی (چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان) بەڕێوە دەبات و تا ئێستا (30) راپۆرتی لەم بارەیەوە بڵاوكردۆتەوە.
4-لە ساڵی 2017 بەهاوكاری رێكخراوی فریاكەوتنی میللی (PAO) پڕۆژەی (رەوشی خوێندنی پیشەیی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە)ی ئەنجامداوە كە لەلایەن رێكخراوی (NPA)ی نەرویجی پاڵپشتی كراوە.
5-لە ساڵی 2017 بەهاوكاری لە ئینستتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان (RID) پڕۆژەی (خوێندنی ناحكومی لە نێوان كوالتیی و بازرگانیدا)ی ئەنجامداوە كە لەلایەن رێكخراوی (NPA)ی نەرویجی پاڵپشتی كراوە.
6-لە ساڵانی 2014 تا 2024 لەسەر ئەركی خۆی لە بواری چاودێریدا چەندین راپۆرتی لەسەر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.
7-لە ساڵانی 2014 تا 2024 لەسەر ئەركی خۆی لە بواری چاودێریدا چەندین راپۆرتی لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.
8- ساڵی (2021) بە پاڵپشتی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی ئەمەریكی (NDI) پرۆژەی (چاودێریی جێبەجێكردنی سیاسەت و رێوشوێنەكانی باجی خانوبەرەی لە هەرێمی كوردستان) ئەنجامداوە.
لە گرنگترین ئەو پرنسیپ و بەهایانەی ئینستتویت پێوە پابەندە بریتین لە:
١.پابەندبوون بە پەیماننامە و رێككەوتننامە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافی و مرۆڤ، بەتایبەتی لە بواری توێژینەوە و زانست و پەروەردە و فێركردندا.
٢.پابەندبوون بە دیموكراسی و رێزگرتن لە سەروەری یاسا.
٣.كاری خۆبەخشی و هاوكاری مرۆیی و بەرژەوەندی گشتی.
٤.بێ لایەنی، بیركردنەوەی زانستیانە و ئەكادیمیانە، شەفافیەت، سەربەخۆیی، راستگۆیی، لێبوردەیی و گیانی جیاوازی نەكردن.
٥.هاوكاری، هاوبەشی، دابینكردنی هەلی یەكسان، باڵانسی جێندەری، وەدەستهێنانی متمانەی سودمەندان، بەرپرسێیارێتی و پاراستنی تایبەتمەندێتی و نهێنییە كەسییەكان.