hawrytofiq.jpg

پاشگەزبونەوە لە بریار

May 8, 2024  |   بیروڕا 

هاوڕێ تۆفیق

 

 

دادگای فیدراڵی کارەکانی هەڵبژاردنی راگرت

زۆر جار لە زمانی قانونزانە کلاسیکیەکانەوە ئەبیستین کە بریاری دادگای فیدراڵی کۆتایی و بنەبڕە، ئەم قسەیە لەچوارچیوەی رەهایدا راستە ، بەڵام ئەگەر بەقوڵی شیکردنەوەی بۆ بکەین ، ئەو راستیە روون ئەبێتەوە کە دادگای فیدراڵی لە چەندین بریاری خۆی کە پێشووتر دەریکردون و کۆتایی و بنەبڕ بوون پاشگەزبۆتەوە . هەر بەگوێرەی پەیرەوی ناوخۆی دادگا بابەتی پاشگەزبونەوە لە بریار هەیە( العدول عن القرار) ، دادگاش پیادەی ئەم مافەی خۆی بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ کردوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان دەرچەیەکی بۆ دۆزراوەتەوە. بەڵام جەوهەرەکەی پاشگەزبونەوە بوە لە بریار. دادگای فیدراڵی لەسەر قانونی هەڵبژاردن، پێشووتر بریاری خۆی دەرکردوەو (١١) کورسی کۆتای پێکهاتەکانی رەتکردوە، لەسەر ئەو بنچینەیەش کۆمیسۆن (١٠٠) کورسیەکەی پەرلەمانی بەسەر چوار بازنەدا دابەشکردوە،
سەرۆک وەزیرانی هەرێم
داوای لەدادگا تۆمارکردو تانەی داوە لە رێسای تۆمارکردنی لیستی پاڵێوراوان کە کۆمیسۆن دەریکردوە، ئاشکرایە کە قانونی هەڵبژاردن گشتگیرەو و وردەکارییەکانی لەلایەن کۆمیسۆنەوە بەشێوەی رێسا دەردەکرێن(نظام) ئەم رێسایانە شایەنی تانەلێدانن لەبەردەم کۆمیسۆن خۆیدا، ئەگەر کۆمیسۆن تانەکەی رەتکردەوە، ئەو وەختە ئەتوانرێ بۆ جاری دووەم و کۆتایی تانەی لێ بدرێتەوە بەڵام ئەمجارەیان پێویستە لەبەردەم لیژنەی دادوەری هەڵبژاردن لە داگای تەمیز بکرێت و بریاری ئەوانیش کۆتایی و بنەبڕە. ناوەرۆکی داواکەی سەرۆک وەزیران دەڵێت، ئەو ڕێسایەی کۆمیسۆن ، ناکۆکە لەگەڵ دەستور ،لە هەمان کاتدا بەگوێرەی مادەی( ٤٩/ یەکەم) ی دەستور ژمارەی کورسی بەپێی رێژەی دانیشتوان دابەشدەکرێ، نەک بەپێی ژمارەی دەنگدەر ،هەر وەکو ئەوەی کە کۆمیسۆن کردویەتی. لەلایەکی تر داوای کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکات ، باسی مادەی(١٥) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان و قەزاو ناحیەکان ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٨ ی هەموارکراو بە مادەی (٩ )ی قانونی ژمارە( ٤ )ساڵی ٢٠٢٣ دەکات ، کە کورسی کۆتای بۆ پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی عێراق دەستەبەرکردوە،بەڵام بۆ هەڵبژاردنی هەرێم ،کۆمیسۆن رەچاوی نەکردوە، لەلایەکی تر بەگوێرەی بریاری دادگا ژمارە (٨٣ )و یەکخراوەکانی ١٣١ و ١٨٥ فیدراڵی ٢٠٢٣ لە ٢٠٢٤/٢/٢١ دەسەڵات بە کۆمیسۆن دراوە کە رێنمایی دەربکات بۆ نەخشەکێشانی بازنەکانی هەڵبژاردن و دابەشکردنیان لەسەر بنەمایەکی بابەتی کە زەمانەتی دادپەروەری و یەکسانی بکات، دەبوو کۆمیسۆن پشتی بە بنەمای دەستور ببەستایە؛ کە دەڵێت دەبێت نوێنەری هەموو پێکهاتەکان نوێنەریان هەبێت. بەشێوەی دیاریکراویش باسی تورکمان و مەسیحیەکان بەهەموو رەنگە نەتەوەییە جیاوازەکانیانەوە کراوە. بۆیە تەرخان نەکردنی کورسی کۆتا بۆیان ، پێشلکردنی ئەو بنەما دەستورییە .جەوهەری داوانامەکەی سەرۆک وەزیران، داوای لە دادگا کردوە کە بریاری فەرمانسالاری دەربکات، دادگا داواکەی پەسەندکردوەو بریایدا بەدەرکردنی فەرمانسالاری بەراوەستاندنی ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردن. هەتاوەکو بریاری یەکلاکەرەوە لەبارەی داواکەوە دەردەچێت. کە پەیوەستن برگەی دووەم لە مادەی (٢) ی رێسای تۆمارکردنی لیستی پاڵێوراوان و پەسەندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە(٧) ی ساڵی ٢٠٢٤ کە دەڵێت (پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسی پێکهاتوە دابەشکراون بەسەر بازنەی هەولێر ٣٤ کورسی و سڵێمانی ٣٨ کورسی و دهۆک ٢٥ کورسی و هەڵەبجە ٣ کورسی ) راستیدا ئەم هەڵوێستە خۆی بەجۆرێک لە جۆرەکان پاشگەزبونەوەیە لە بریاری پێشوو . جارێکی تر گەرانەوەی ژماری کورسی کۆتایە، بەڵام بە ژمارەو شێوەیەکی تر. ئاشکرایە بریاری دادگا هیچ وەختێک، بەدڵی هەموو لایەک نابێ، لایەنی دڵشکاو بریارەکەی پێ خراپەو لایەنی خاوەنی بەرژەوەندیش، بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات، ئەوەی گرنگە سەرنجێکە ، دادگای فیدراڵی بریارەکانی شایەنی پیاچونەوەو دەرکردنی بریاری تازەن، ئەم قسەیە لەروانگەی عەمەلیەوە راستە .بەڵام لە دیدی تیۆری قانونی وشک و رەهاییەوە راست نیەو بریارەکانی دادگا کۆتایین و شایەنی دەستکاریکردن نین. بەڵام لەنێوان بژاردەی پیتی سەر کاغەزو واقیع، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوەی دووەمیان راستە.