وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ 31/3/2024 دوا وادەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی کاندیدانی حزب و لایەنەکانە بۆ پەرلەمانی کوردستان و وادەکە درێژ ناکرێتەوە".
جومانه غهلای وتهبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق راگهیاند، کۆتایی دەوامی رەسمی ئەمڕۆ 31/3/2024 دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی حزب و لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، کە وابڕیارە رۆژی 10/6/2024 بەڕێوەبچێت.
"پێشتر وادەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ درێژکرایەوەو ئەمڕۆ دوا وادەبوو، هیچ ئەگەرێکیش نییە بۆ دووبارە درێژکردنەوەی وادەکە و ئەمڕۆ کۆتا دەرفەتە لەبەردەم حزب و لایەنەکان بۆ پێشكەشکردنی ناوی کاندیدەکانیان.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێکڕا 20 حزب و 2 هاوپەیمانێتی و 62 کاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە تۆمارکراون، کە لەبازنەکانی هەڵبژاردن بەشداردەبن، بەکۆی گشتیش لە هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 2 ملیۆن 900 هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە و ئامادەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.