Komsyon.jpg

کۆمیسیۆن: داوامانلێکراوە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابخرێت

Mar 18, 2024  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵەکانی راگەیاند، داوامان لێکراوە هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەى دوو مانگ دوابخرێت" دەشڵێت، "بەگوێرەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق ئێمە ناچارین هەڵبژاردن لەوادەى دیاریکراوى خۆى بەڕێوەببەین."

جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق  راگەیاند، دەستیان بە ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کردووە و لایەنى دارایى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئامادەکراوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، " داوامان لێکراوە هەڵبژاردن بۆ ماوەى دوو مانگ دوابخرێت، بەڵام بەگوێرەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق، ئێمە ناچارین هەڵبژاردن لەوادەى دیاریکراوى خۆى بەڕێوەببەین".

گوتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق جەختى لەوەشکردووەتەوە، لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هەر دەنگدەرێک پەنجەمۆرى نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، رەتیشیکردەوە کە نەخوێندنەوەى 20%ـى پەنجەمۆرى دەنگدەران راستبێت.

گوتیشى، "هەموو ئامادەکاریەکمان کردووە و سەرچاوەى پێویستمان لەبەردەستە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، تەمەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە 7ـى تەمووز کۆتاییدێت.

جومانە غەلاى جەختى لەوەشکردووەتەوە، "ئامادەکاریى دەکەین بۆ وەڵامدانەوەى ئەو داواکارییەى لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە پێمانگەیشتووە".