Pay.jpg

بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادی لەنێوان هەڕەشە و دەرفەتدا

Mar 4, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

 

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راپۆرتێكی له‌سه‌ر بریاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دادگای فیدڕاڵیی عێراق به‌ناوی "بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادی لەنێوان هەڕەشەو دەرفەتدا" بڵاوكرده‌وه‌و پێی وایه‌ كه‌ "درێژە پێدەری كۆمەڵێك بڕیار و یاسا و هەنگاوە كە لە ڕابردودا دراون بۆ لەقاڵبدان و بچوك كردنەوە و دوو كەرتكردنی قەوارەی هەرێم، ئاماژەن بۆ ئەو خواستەی كە چیتر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی نەمێنێ، بەڵكو وەك یەكەیەكی كارگێڕی و هاوشێوەی هەریەك لە پارێزگاكانی تری عێراق ئەژمار بكرێت. "

له‌ راپۆرته‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئینستتیۆتی پەی بریاره‌كانی دادگاكه‌ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌و له‌ لێكه‌وته‌كانی بڕیاره‌كه‌شدا پرسیاری كردوه‌و ده‌ڵێت: " بەڵام ئایا لە هۆكاری بنەڕەتی ئەم ڕوداوانە تەنها نەیارەكانی بەغدان؟ یان لەئەستۆی ئەو لایەنانەیە كە سكاڵایان تۆمار كردووە؟ یاخود، بنچینەی هەڵەكان خودی هەرێمە و دوای چارەسەرنەكردنی كێشەكانی وەكو بڕینی موچە، سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێك نەكەوتن لەسەر كۆتا و چەندانی تر؟ دەبێ ئەو راستیە بزانرێت بەشێكیان جگە لەوەی ویستێكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقیان لە پشتەوەیە، بەشەكەی تری دەرەنجامی بنبەستی سیاسیی هەرێم و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانی و پشتگوێ خستنی دەنگە دڵسۆزەكان بوو".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا ئینستتیۆتی پەی نوسیویه‌تی: "ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم نیشتمانیانە و دڵسۆزانە كاری بكردایە، خەڵكی بە هی خۆیانیان دەزانی و هانایان بۆ هیچ لایەنێكی تری دەرەكی نەدەبرد! ئەگەر لە هەرێمدا دەستور پەسەند بكرایە، ئێستا نە دەستوری عێراق لە هەموو ڕویەكەوە دەكرایە مەرجەعیەتی یاسایی بۆ كوردستان و نە بەغداش دەبووە قیبلەگای چارەسەر، بەڵام لایەنە سیاسییەكان، ئەوەندەی سەرقاڵی بابەتی لاوەكی و بەرژەوەندی حزبی بوون، نەپەرژانە سەر بەجێگەیاندنی بڕیارە ستراتیژییەكانی تایبەت بە بەرژەوەندی خەلكی كوردستان."

راپۆرته‌كه‌ پێی وایه‌ كه‌ بۆ دەرباز بوون "پێویستمان بە لێبوردەیی و بنیاتنانی سیستمێكی سەردەمیانەی نوێ هەیە، پێویستە ئەو مەترسیانەی ببنە هۆی راچڵەكینی سەركردایەتی كوردستان و بیكەن بە دەرفەتێك بۆ دەرچوون لەو میحنەتانەی بەسەر خەڵكی كوردستان و ئەزمونەكەیاندا هێناوە."

 


بڕیارەكەی_دادگەی_ئیتیحادی_لەنێوان_هەڕەشەو_دەرفەتدا