152122024_9746464664996464749646467494664796496476979.jpg

ئینستتیوتی پەی: پێکهاتەکان بەکاردەهێنران و نوێنەری راستەقینەیان نەبو

Feb 21, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

لە چاوپێکەوتنێکی د. سەروەر عەبدولرەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لەگەڵ ماڵپەری خەندان رایگەیاند کە بونی پێکهاتە جیاوازەکان سیمایەکی جوانی بە هەرێمی کوردستان بەخشیبو، لە وڵاتانی دیکەی جیهانیشدا پێکهاتەکان کە ناتوانن دەنگی گشتی بەدەستبهێنن نوێنەریان لە پەرلەمانەکان بۆ دابین دەکرا، بەڵام گرفتەکەی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بو ئەو پێکهاتانە لەلاین فراکسیۆنەکانی دیکەوە بەکاردەهێنران و بەشێک لە نوێنەری پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکانیان نەبون.هەروەها دەڵێت: ێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان گرفتیان ئەوە بو کە بەکاردەهێنران نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکانیان نەبون و توانای گۆرینی ئاڕاستەی بڕیارەکانی پەرلەمانیان نەبوە، جگە لەوەش ئەو سکاڵایەی لەو بارەیەوە ئاڕاستەی دادگا کرا پاساوێک بو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

ماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئەو راستییە بزانرێت کە هیچ کاتێک پێکهاتەکان ئەو سەنگ و قورساییە زۆرەیان نەبوە لە یەکلایی کردنەوەی ئەو بڕیارە چارەنوسازانەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوە یاخود ئاڕاستەکەیان گۆریبێت، واتە نەیانتوانیوە یاسایەک لە پەرلەمان بڕوێنن یاخود رێگری لە رواندنی بکەن و سەرجەم بڕیارەکان لەلایەن دو هێزی زۆرینەی یەکێتی و گۆڕان و پارتییەوە یەکلایی کراوەتەوە.

د. سەروەر عەبدولرەحمان ئەوەشی خستەڕو، راستە بەشێکی سکاڵای یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی نوێنەری راستەقینەی پێکهاتەکان، بەڵام هەمان ئەو سکاڵایە پاساوێک بوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وەک چۆن چەند جارێک وادەی بەرێوەچونی هەڵبژاردن دیاریکرا بەڵام بەهۆی سکاڵاکەوە دواخرا.

وتیشی، "بە رای من بونی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نادەستوریی نییە، چونکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتەکان بونیان هەیە و بە کۆتاش دەبنە نوێنەر."

سەرۆکی  ئینستتیوتی پەی باسی لەوەشکرد، ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا ساڵی 1992 بو، واتە 13 ساڵ بەر لە پەسەندکردنی دەستوری عێراق بوە، ئەمەش پرسیارێکە بۆچی لە ئەنجومەنی نوێنەران نادەستوری نییە بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە.

لە بارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ دوانەخستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم د.سەروەر عەبدولرەحمان باسی لەوەکرد، مافی هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق موچەکانیان بۆ دابین بکرێت و بژێوژی ژیانیان لە ئاستێکی باشدا بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دەبینرێت هەمو مانگێک لە وادەی خۆیدا فەرمانبەرانی عێراق موچەی خۆیان وەردەگرن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وا بەرەو مانگی ئازار دەڕوا هێشتا هەواڵی موچەی مانگی (شوبات/2) نییە، بۆیە فەرمانبەرانی هەرێم مافی خۆیانە داوای شایستەکانیان بکەن جا لە دادگای فیدڕاڵی بێت یان لە هەر دامەزراوەیەکی دیکە بێت.

ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت ئەوەش بزانرێت کە هۆکارە بۆ گەیشتن بە لاوازبونی دامەزراوەکانی هەرێم کە بریتین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانە.

درێژەی چاوپێکەوتنەکەی د. سەروەر عەبدولرەحمان لەم لینکەدایە