دوای چەندین كۆبونەوە و دواخستن، سەرەنجام دادگای فیدراڵی عێراق كۆبویەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و بازنەكانی هەڵبژاردن دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە (٢١-٢-٢٠٢٤)، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یەكلایی كردنەوەی چەندین سكاڵا كۆبویەوە، كە یەكێك لە سكاڵاكان تایبەت بوو بە یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە كۆبونەوەكەدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا، پەرلەمانی کوردستان لە (١٠٠) ئەندام پێکدێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راستەوخۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات؛ بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کورسیی کۆتایی تورکمانەکان و پێکهاتە کەمینەکان کە (11) کورسی پەرلەمانییە نادەستوورییە لادەبرێن و هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
ئەم بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوە دێت، كە هەریەكە لە (زیاد جەبار) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و (ئامانج نەجیب شەمعوون) سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماریان كردبوو، كە تیایدا سکالاکاران داوای بەنادەستووریناساندنی مادەکانی (١)، (٩)، (١٥)، (٢٢) و (٣٦) دەکرد.
ئەو مادانەی كە بەنادەستووری كاریان پێكراوە بریتین بوون لە:
مادەی ١: ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە ١١١ کورسی پێکدێت.
مادەی ٩: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی ١٥: لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکانی هەڵبژاردن تۆماری ناوی دەنگدەران بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ئامادە دەکەن.
مادەی ٢٢: هەموو قەوارەیەکی سیاسی لە هەرێم مافی تۆمارکردنی لیستی تایبەتی هەیە بەمەرجێک %٣٠ بەربژێرەکانی لە رەگەزی مێ بن.
مادەی ٣٦: تایبەتە بە کورسی کۆتاکان و تێیدا هاتووە؛ پێنج کورسی کلدان، ئاشووری و سریانییەکان تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان دەکرێت و بەربژێرانی سەرجەم پێکهاتە کۆتاکان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن.
ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە كاتێكدایە، كە چەندین جار ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە چەندین راپۆرت و یادداشتدا هۆشداری دا بە نادەستووری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و بوونی چەندین پێشلكاری لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران.
بۆ بینینی سەرجەم راپۆرت و یادداشتەكان دەتوانن لێرەوە زانیارییەكان بخوێننەوە