westajelel.jpg

جیاوازی نێوان سیستمی پەروەردەی نەریتی و مۆدێرن

Jan 8, 2024  |   بیروڕا 

وەستا جەلال

 

لە سیستەمی پەروەردەی و فێرکردنی مۆدێرندا ئایندە ئێستایە، بەڵام لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردنی نەریتیدا ئێستا، ئایندەیە.

‎هیچ زیندەوەرێک لە رۆژی لەدایکبونی، تاکو کەمێک گەورە دەبێت، بەقەدەر مرۆڤ بێ دەسەڵات و بێ توانا نیە. زۆربەی ئاژەلەکان بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک یارمەتیان بدات، پاش چەند کاتژمێرێک، دەست بەرۆیشتن و خۆراک خواردن دەکەن، بەشێک لە زیندەوەر و ئاژەڵەکان هەر لە پاش لەدایک بونیان، پاش ماوەیەکی کەم، لە دایک و باوکیان دادەبڕێن و بەبێ هیچ کێشەو گرفتێک ژیانی تەنیایی وسەربەخۆیی خۆیان دەستپێدەکەن،. ‎بەڵام مرۆڤ بەپێچەوانەی زیندەوەرەکان، لە ڕۆژی لەدایکبونیەوە تاکو گەورە دەبێت، بەبێ هاوکاری و یارمەتی کاسانی تر، بەتایبەتی بەبێ یارمەتی دایک و باوکی ناتوانێت بەتەنیا بژیت.

‎ئاژەڵەکان دەترسێن و بێتاقەت دەبن، بەڵام بیر لەژیانی ئێستا و داهاتویان ناکەنەوە. دیارە مرۆڤ سەرەڕای ترس و نیگەرانی لە ژیانی ئەمرۆی، بیر لە ژیانی بەیانی و داهاتوشی دەکاتەوە. بۆیە لە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرندا، ئایندە ئێستایە، ئەگەر ژیانی مرۆڤ لە سەرەتایی منداڵیەوە بەباشی پەروەردە نەکرێت و پێویستەکانی بۆ جێبەجێ نەکرێت، ئایندەیەکی باشیشی نابێت، ئەگەر دایک،باوک،خێزان،کۆمەڵگە و دەسەڵات بیانەوێت ئایندەی منداڵەکانیان باش بکەن، دەبێت لەسەرەتاوە ژیانی ئێستایان باش بکەن. ئازادی و ئاسایشیان بۆ دابین بکەن و میهرەبانیان پێ ببەخشن.

‎بەڵام لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی نەریتیدا، ئێستا، ئایندەیە، هەموو شادی، خۆشی، ئاوات، ئامانجی و خەونەکانی منداڵ دەسپێردرێت بە ئایندە. گەورەترین ئاوات و ئامانجی مرۆڤ، ئازادی، ئاسایش و میهرەبانییە.لە پەروەردەی نەریتیدا بە بیانوی ئەوەی مرۆڤ لە ئایندەدا ژیانێکی باشتری هەبێت، پێش لە ئازادی، ئاسایش و میهرەبانی منداڵ دەگیرێت. کاتێك کە منداڵ و لاوەکان هەست بە ئازادی، ئاسایش و میهرەبانی نەکەن، ناتوانن بەباشی بیربکەنەوە، داهێنان و تواناکانی خۆیان بەکار بهێنن،

‎یەکەم: هەر منداڵێک، یان هەرزەکار و گەنجێک، کە داوای جێبەجێکردنی ‎بۆ نمونە: پێداویستیەکانی ژیانی ئەمڕۆی لە دایک،باوک، یان بنەماڵەو دەسەڵات دەکات، بەربەستێکی گەورەی لەبەردەم جێبەجێکردنی داخوازییەکانی بۆ دورست دەکەن، بە منداڵەکەیان دەڵین (ئێستا) کاتی ئەو شتانە نیە، کەتۆ داوای دەکەیت، پێویستە خوێندن تەواو بکەیت، هەندێک پارەو سامان بۆخۆت کۆبکەیتەوە، هاوسەرگیری بکە، خانویەک بكڕە، ژیانێکی ئارام بۆخۆت دابین بکە، کە هەموو ئەوانەت بەدەسەت هێنا، ئەوکاتە ئایندەیەکی باشت دەبێت.

‎نازانن تاکو کەسێک ئەو هەموو شتانە بەدەست دێنێت نیوەی ژیانی تەمەنی تەواو دەبێت.

‎دوەم: دەسەڵات و حکومەت، لە پێناو بەرژەوەندی مادی و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان، هەوڵ دەدەن هەمیشە بەر بە ئازادی، بیرکردنەوە و سەربەخۆیی منداڵ و ڵاوەکان بگرن. سەرەڕای کۆنترۆڵ کردنی بیروباوەڕی منداڵ لە ڕێگای پەروەردەی فەرهەنگ، ئاین و کەلتوری دواکەوتوانە، هەوڵدەدەن مرۆڤ لە منداڵیەوە هەست بە خەم، ترس، نیگەرانی، بێئومێدی و بێزاری لە ژیان بکات. لەسەرەتاوە ئازادی، ئاسایش و میهرەبانی لە منداڵ دەشێوێنن.

‎لەم ڕێگایەوە هەموو ئەو پرسیارانە، لە گەروی منداڵ دەخنکێنن، کە دەبێتە هۆی فێربونی ئازادی، ئاسایش میهرەبانی و بیرکردنەوەیان.دەسەڵات وکۆمەڵگە، دەیانەوێت منداڵ و لاوکان، تەنیا ئەو حیکایەت و ئەفسانانەی بزانن، کە لە بەرژەوەندی ئەواندایە. هەوڵدەدەن ئەو حیکایەت و ئەفسانە خەیاڵی و نا واقعیانانە لە ناخی مندال و لاوەکان بچێنن.

‎لە ڕێگای شیکردنەوەی زانستی دەرکەوتوە،٢٠ ساڵی سەرەتای تەمەنی مرۆڤ، بەقەدەر٦٠ساڵی کۆتایی تەمەنی دەبێت، کاتێک کە ٢٠ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤێك لەبەر ئایندە خراپ دەکرێت، ئاشکرایە٥٠ ،٦٠ و ٧٠ ، ساڵی کۆتایی تەمەنیشی وێران دەبێت. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە،ئەگەر منداڵێک یان گەنجێک، تاکو تەمەنی٣٠ ساڵی، هەست بە ئازادی، ئاسایش و میهرەبانی لە ناو خێزان و کۆمەلگەکەی خۆی نەکات، چۆن ئایندەیەکی باشی دەبێت؟

‎بەدرێژایی مێژوو، لێکۆلینەوەکانی مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی نیشانیان داوە، لەزۆربەی کۆمەڵگەکان تاکو ئێستاکەش، زۆر گرنگی بە ژیانی ئێستا و داهاتوی منداڵ نادرێت، گرنگی بە هەستی منداڵ نادرێت، تەنیا سەیری گوتار و رەفتاری منداڵەکانیان دەکەن. ئەگەر منداڵێک ئاداب، نەریت و فەرهەنگی کۆمەڵگەکەی خۆی بەباشی جێبەجێ بکات، لە کاتی خەم و ناخۆشیەکان، خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، لەبەر شەرم و ئابروی خۆی و بنەماڵەکەی هەرچی بەسەر هات بێدەنگی لێ بکات. کاتێک کە توڕەبو،توڕەبونەکەی خۆی بشارێتەوە، کاتێک شاد و خۆشحاڵ بو، شادی و خۆشحاڵیەکەی خۆی نیشان نەدات، لەو کۆمەڵگەیە ئەو جۆرە منداڵە بە منداڵێکی ئازا، بوێر، چاونەترس باش و بە توانای دەزانرێت. هەروەها ئەو جۆرە پەروەردەیەش بە پەروەردەیەکی باش و سەرکەوتوی دەزانن،

‎بەڵام لە پەروەردەی مۆدێرن و سەردەمیانەدا، هەست، ئیحساس و حاڵەتە دەرونییەکانی منداڵ، بەقەد گوتار و رەفتاری گرنگی هەیە. نابێت منداڵ لە ناخەوە هەست بە ناخۆشی، نیگەرانی، توڕەبون و بێزاری بکات، بەلام ناچار بکرێت لەبەر شەرم و ئابڕوی خۆی و بنەماڵەکەی، گوتار و رەفتاری جیاواز نیشان بدات، ئەم جیاوازیە دەبێتە هۆی فێربونی درۆکردن، فێڵکردن، دوو ڕویی و دورست بونی رق و کینە لە ناخی منداڵ، سەرەڕای ئەمانە، ئەو جۆرە پەروەردەیە، منداڵ لەناخەوە ھێواش ھێواشبخۆی وێران دەکات. بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان

‎دەرکەوتوە ناکرێت لە دایک و باوکێکی خەمبار، منداڵێکی شاد هەبێت، یان منداڵێك سەرکەوتو بێت، بەلام دایک و باوکێکی بێ ئیرادەبن، یان دایک و باوکی بەدبەخت، منداڵی خۆشبەختیان هەبێت، یان دایک و باوکی بێ قەرار و بێ ئارام، منداڵی شاد و ئارامیان هەبێت.

‎منداڵ و لاوەکان نەک تەنها کاریگەریان بەسەر یەکتر هەیە و لەیەکتر فێردەبن، بەلکو کاریگەریان بەسەر دایک، باوک و کۆمەڵگەش هەیە. منداڵ خەریکی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی کۆمەڵیک جیاوازین، لەبەرامبەر نەوەی پێش خۆیان، بەم جیاوازیە دەڵێن فەرهەنگ، و بیرو باوەڕ، بەشێك لەو ئالوگۆڕانەی کە ئێمە دەیانبینین لە دونیا ڕودەدات، بەهۆ چالاکی مرۆڤ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان مرۆڤەکانە. ئەوەش بەشێکی لە ڕێگای چاڵاکی منداڵان و لاوەکانەوەیە.

‎ئێمە لە کۆمەڵگەیەكدا دەژین هەمیشە لە جولە و ئاڵوگۆر و چونەپێشەوەیەدایە، ئێمە لە هەڵومەرجێکدا دەژین نەک ھەر دنیا بەرەو ئایندەیەکی تازە دەڕوات، بەڵکو جیهان ئایندەی زۆری لەبەردەمدایە