سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی كوردستانەوە بە روانگەی پەی راگەیاند كە دووای پشووی جەژنی قوربان مامەڵەی خانەنشینكردنی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم رایی دەكرێت و دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
شایانی باسە ئەمرۆ دووشەممە 26/6/2023 پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم موچەی مانگی پێنجیان وەرگرت كە نایاساییە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدرالی لە رۆژی 6-11-2022 ەوە پەرلەمانی كوردستان لە رووی یاساییەوە بوونی نەماوەو بەپێی ئەمەش لەو رێكەوتەوە پێویستە سەرجەم ئەندامان و دەستەی سەرۆكایەتی بە خانەنشین هەژمار بكرێن و هەموو ئەو موچەو ئیمتیازاتانەی وەك پەرلەمانتار بۆیان خەرجكراوە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
پێشتر بەشێك لە فراكسیۆنەكان پەرلەمانی كوردستان وەرگرتنی مووچەیان رەتكردبویەوە و ئەمڕۆش بەشێكی دیكە بریاریاندا لە مانگی شەشەوە هیچ مووچەیەكی تر وەرنەگرن، ئەم هەڵمەتی وەرنەگرتنی ووچەیە و كۆتایی هێنانی بەكاری پەرلەمانی دوابەدوای ئەوە دێت، كە ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان هەوڵەكانی چڕكردبوویەوە لە فشار خستنە سەر سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و فراكسیۆنە جیاجیاكان بەمەبەستی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نایاساییبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. ئەوە بوو لە 2/6/2023 یادداشتێكی ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم فراكسیۆنەكان كرد و وێنەیەكیشی بۆ هەریەك لە سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و دەستەی دەسپاكی و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمدا كردبوو، كە ناوەرۆكی یادداشتەكە بریتی بوو لە چۆنیەتی پابەند بوون بە بڕیارەكەی دادگەو هەنگاوە پێویستەكان كە دەبوو بنرێن.
هەر لەم پێناوەدا لە رۆژی 20-6-2023 بۆ ئەوەی ناوەرۆكی یادداشتی یەكەممان بچێتە جێبەجێكردنەوە، لە (20/6/2023) وەك قۆناغی دووەم نوسراوێكی تایبەتمان بە ناوەرۆكی جیاواز، بەپێی ئەرك و دەسەلاتی هەریەكێكیان بۆ: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم فراكسیۆنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی، دەستەی دەسپاكی و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ناردووە، بۆئەوەی بە هەموو لایەك بگەینە ئەو ئەنجامەی كە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوریەی هەیە، پێویستە خالێك دابنرێت بۆ رێگریكردن لەگەندەلی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، كە رێگە دروستەكە ئەوەیە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 ی چاكسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بكرێت لەو رۆژەوەی كە بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنیەوە یاساییبوونی خۆی لەدەستداوە كە رۆژی (6/11/2022)ەو موچەكانیان بەپێی یاسای چاكسازی لەوساتەوە ئەژمار بكرێت. چونكە ئەگەر پەرلەمانێك خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریكردوون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بكات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەكات خەڵكی جێبەجێیان بكەن!