blnshaweys.jpg

لێکەوتە خراپەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی و لێدان لە قەوارەی سیاسی ھەرێم ، خوێندنەوەیەکی یاسایی و سیاسی

Jun 26, 2023  |   بیروڕا 

بڵند شاوەیس

 

دوای پەسەند کردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆک کۆمار و بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، ئێستا کاتیەتی خوێندنەوەیەکی یاسای و سیاسی بۆ بکەین و لێکەوتە نەرێنیەکانی و خاڵە مەترسیدارەکانی دیاری بکەین.
ئەوەی ڕوون بوو کورد وەک لاوازترین پێکھاتەی عێراق دەرکەوت ، بێ ئاگاترین لایەنی ھاوکێشە سیاسیەکەبوو ، بە کۆمەڵێک لایەن و فراکسیۆنی ناکۆک و ناتەبا ، بێ ئەزموون و دژبەیەک بەشداربوون لە داڕشتن و پەسەندکردنی یاساکە ، بێ ئەوەی ھەستیاری یاساکە و لێکەوتە نەرێنیەکانی لەسەر قەوارەی ھەرێم بەھەند وەربگرن .
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردیەکان لەگەڵ بوونی کۆمەڵێک بەرپرسی کورد لەحکومەتی فیدراڵدا لە نزمترین ئاستی ململانێکاندا بوون ، نمونەی کەسانی بێ ئەزمون و نەشارەزا و کەمتەرخەم بوون ، سەرکردایەتی سیاسی کوردیش پێدەچوو ھەماھەنگییان نەبێت و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵیان نەبوو بێت.
لە کۆتاییدا بەھەمویان زیانیان بە قەوارە و پێگەی ھەرێمی کوردستان گەیاند و ھەرێمی کوردستانیان لە کەسێکی (بالغ) و ڕاشدەوە کرد بە کەسێکی ناکام (قاصر) ، ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵیان کرد بە (ولي) و(وصي) بەسەریەوە .
بۆیە بەرپرسیاریەتییەکە دابەش دەبێت لە نێوان پەرلەمانتاران و بەرپرسانی کورد لەبەغدا و سەرکردایەتی سیاسی کورد کە خوێندنەوەی دروستیان نەبووە بۆ دۆخەکە و دەرکەوت لەسەر بنەمای شایستەیی بەرپرسان و نوێنەرانی کوردیان لەبەغدا دیاری نەکردووە.
بەپەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی زەرەرمەندی سەرەکی قەوارەی سیاسی ھەرێم و حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و سوودمەندی یەکەم حکومەتی فیدراڵ.
حکومەتی ھەرێم شکستی ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند و لەپاڵ مەلەفی نەوت و سامانی سروشتی مەلەفی ئابوری و دارایشی تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵ کرد.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ھاوڵاتیانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی خۆشحاڵبوون بەوەی مەلەفی ئابوری و دارایی بە گشتی و نەوت بەتایبەتی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکرێتەوە ،  ئەمەش نیشانەی نەمانی متمانەی ھاوڵاتیانە بە دەسەڵات و نەبوونی حوکمڕانییەکی ڕەشید و شکستی سیستەمی سیاسییە لە ھەرێمی کوردستان.
دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بە (١٢،٦٧%) بریتییە لە دانپێدانان و پەسەندکردن و ڕازیبون بەکەمکردنەوەی پشکی کورد لە عێراق لە ڕێژەی (١٧%) بۆ (١٢،٦٧%).
ھەژماری بانکی ھەرێم لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدایە و بۆ (تمویل) کردنی دەبێت چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بێت .
ھەروەھا لە لایەکەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ھەندێک گرفت و کێشە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەیان ھەیە .
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری و دارایی فیدراڵ دەسەڵاتی چاودێری و وردبینیان ھەیە لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ ، بەمەش پێگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خراوەتە ئاست وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵ و ھەندێک جار لە ئاست وەزارەت کەمتریش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت .

لێرەدا بەپێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر ھەندێک خاڵی یاساکە وەک :
١- لە مادەی (٢) تایبەت بە قەرزکان ، کەمترین بڕە قەرز بۆ ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت بۆ نموونە :
* قەرز لە ئاژانسی ژاپۆنی بۆ ھاوکاری نێودەوڵەتی (JICA) وەردەگیرێت بە بڕی (١.٢٩٩.٢٠٠٠٠٠ دۆلار) یەک ملیار و دوسەد ونەوەت ونۆ ملیۆن و دووسەد ھەزار دۆلار بۆ (تمویل )کردنی وەزارەتەکان بۆ نموونە :
- بۆ ھەرێمی کوردستان تەنھا (٤٦ ملیۆن دۆلار).
- بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بڕی (٩٠٥.٧ ملیۆن دۆلار).
- بۆ وەزارەتی کارەبای فیدراڵ (١٤٠ ملیۆن دۆلار) .
* ھەروەھا قەرز لە بانکی نێو دەوڵەتی وەردەگیرێت بە بڕی (٤١٨ ملیۆن دۆلار) بەمەبەستی (تمویل) کردنی پرۆژەکان بۆ نموونە :
- بۆ ھەرێمی کوردستان     بڕی (٢ملیۆن دۆلار) .
- بۆ ئەمینداریەتی بغداد     بڕی (٤٠ ملیۆن دۆلار)
- بۆ پارێزگای ئەنبار        بڕی (٧ ملیۆن دۆلار).
- بۆ پارێزگای نینوی       بڕی (٥ ملیۆن دۆلار).
 - بۆ وەزارەتی کارەبای فیدراڵی  بڕی (١٠٠ ملیۆن دۆلار) ....ھتد.
ئەوەی تێبینی دەکرێت بڕی تەرخانکراو بۆ ھەرێمی کوردستان لە کەمترینەکانە.
* ھەروەھا بڕی (٤٣٥ملیۆن دۆلار) قەرز دەکرێت لە بانکە بیانییەکان بۆ :
وەزارەتی بەرگری عێراق (٣٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزترین بڕی قەرز) ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق (١٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزترین بڕی قەرز) ، حەشدی شەعبی (٣٥ ملیۆن دۆلار بەرزترین بڕی قەرز).
بەبێ ئەوەی باس لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بکات. تەنھا لە (م١١،اولا) باس لەوە دەکات ڕێژەیەک لە شایستە داراییەکانی ھێزی وشکانی فیدراڵ بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوان بدرێتە ھێزی پێشمەرگە.  
* بەردەوامبوون لە قەرزکردن لە بانکە جۆراوجۆرەکان بۆ تمویل کردنی پرۆژەی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ و پارێزگاکانی عێراق جگە لە ھەرێمی کوردستان وەک :
-  (١٥ملیۆن دۆلار) بۆ وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ لە (الصندوق الكويتي للتنمية الاقتصادية العربية) لە کۆی گشتی قەرزەکە (٨٠ ملیون دۆلار) .
- (١٣ ملیۆن دۆلار) بۆ وەزارەتی تەندروستی و بازرگانی فیدراڵ لە (الصندوق السعودي للتنمية) لە کۆی گشتی قەرزەکە (٥٠٠ ملیۆن دۆلار).
- (٥ ملیۆن دۆلار) پێنج ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ لە (الصندوق الدولي للتنمية الزراعية) لە کۆی گشتی قەرزەکە (١٥.٧٣٠.٠٠٠ دۆلار) پانزە ملیۆن و حەوت سەد وسی ھەزار دۆلار.
- (١٠٠٠ ملیۆن یۆرۆ) ھەزار ملیۆن یۆرۆ لە (الحكومة الفرنسية والوكالة الفرنسية للتنمية او مؤسسة ضمان الصادرات الدولية) بۆ پرۆژەکانی ژێرخانی ئابوری.
- (٥١٥٠٠٠٠ دۆلار) پێنج ملیۆن و سەد و پەنجا ھەزار دۆلار لە (البنك الاسلامي للتنمية) .
- (٧٦ ملیۆن دۆلار ) لە (المصرف العراقي للتجارة).
- (١٠٢٠ ملیۆن دۆلار) ھەزار و بیست ملیۆن دۆلار لە (وكالة الصادرات البريطانية او بضمانتها) .
- (١٤٣٣ ملیۆن دۆلار) ھەزار و چوارسەد و سی وسێ ملیۆن دۆلار لە (الوكالة اليابانية للتعاون الدولي).
- (٢٨٠٠ ملیۆن دۆلار) دوو ھەزار و ھەشت سەد ملیۆن دۆلار لە (الحكومة الفرنسية ووكالة ضمان الصادرات الكورية اوبضمانتها).
- (٢٤٣.٨٦٠٠٠٠) دوسەد وچل وسێ ملیۆن و ھەشت سەد و شەست ھەزار دۆلار لە (بانکی EXIM) ئەمریکی .
- (٣٠٠ ملیۆن دۆلار) سێ سەد ملیۆن دۆلار لە (مؤسسات ضمان الصادرات الدولية او العالمية) بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ.
- (١٥٠ ملیۆن دۆلار) سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار لە (البنوك الاجنبية بضمان وكالة الصادرات السويدية EKN) لە کۆی گشتی قەرزەکە (٥٠٠ ملیۆن دۆلار).
- (٣٢٠ ملیۆن دۆلار) سێ سەد و بیست ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەی ئاوی سەماوە لە (الوكالة اليابانية للتعاون الدولي JICA او مؤسسات ضمان الصادرات الدولية).
- (١٠٠ ملیۆن دۆلار) سەد ملیۆن دۆلار لە (بنك الاستيراد والتصدير الكوري او بضمانته) بۆ وەزارەتی بەرگری فیدراڵ.
- وەرگرتنی قەرزی نوێ لە (البنوك الاجنبية او مؤسسات ضمان الصادرات الدولية ) بە بڕی ( ٣٤٠٠ ملیۆن دۆلار) سێ ھەزارو چوارسەد ملیۆن دۆلار (٣٠٠٠ ملیۆن دۆلار)بۆ پرۆژەی ئاوی شیرینی (بصرة) و (٤٠٠ ملیۆن دۆلار) بۆ وەزارەتی ژینگەی فیدراڵ.
- وەرگرتنی قەرزی نوێ لە (بنك EXIM الامريكي او بضمانته) بە بڕی ( ١٤٧٢ملیۆن دۆلار)  ھەزار و چوارسەد و حەفتا و دوو ملیۆن دۆلار بۆ  (تمویل)ی پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا و تەندروستی فیدراڵ.

ئەمانە و سەدان قەرز و بڕە پارە و سەرفکردنی گوژمە بۆ پرۆژەکانی حکومەتی فیدراڵ لە وەزارەت و پارێزگاکاندا جگە لە ھەرێمی کوردستان.

٢- دەبێت شایستە داراییەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢ پاکتاو بکرێت دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان ، بە گوێرەی ئەو ماف و پابەندیانەی لە یاسای بودجەی ھەر ساڵێکدا ھاتووە.(م ١٢، اولا). لێرەدا دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ بە جێگەیاندنی ھەمو ئەو پابەندیانەی دەکەوێتە ئەستۆی لە ٢٠٠٤ تا ٢٠٢٢.

٣- دەبێت حکومەتی ھەرێم ڕۆژانە لایەنی کەم (٤٠٠ ھەزار بەرمیل) نەوت ھەناردە بکات لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە لە ڕێگای بەندەری جیھانەوە ، داھاتەکەشی بخرێتە ناو خەزێنەی گشتی عێراق .
ئەگەر گرفت دروست بوو بۆ ھەناردەکردن ئەوا وەزارەتی نەوتی عێراق دەتوانێت بۆ پێویستی ناوخۆ بەکاری بھێنێت یان بەو جۆرەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەکات، (م١٢، ثانيا ،أ ، ب).
بەمشێوەیەش ھەرێم پارەیەکی کەمتری دەستدەکەوێت .

٤- لەگەڵ تەواوی داھاتی نەوتی دەبێت ھەرێمی کوردستان داھاتی نانەوتیش بە گوێرەی (قانون الادارة المالیة العراقی رقم ٦ لسنە ٢٠١٩)بدات بە خەزێنەی فیدراڵی ، کە دەکاتە نیوەی داھاتی نانەوتی لە باج و رسوماتی فەرمانگە ئیتیحادییەکان لە ڕەگەزنامە و نشینگە...ھتد دەدرێتە حکومەتی فیدراڵ کە پێشتر نەدەدرا بە بەغدا .
ھەروەھا بە پێی مادەی (٢١ ، ثانيا) لە یاسای بودجە ، نیوەی داھاتی باج و رسوماتی گومرگەکان و دەروازەکان تەرخان دەکرێت بۆ خزمەتی ئەو پارێزگایەی کە دەروازە سنوریەکەی لێیە و بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان و (تمویل)ی پرۆژە بەردەوامەکانی پارێزگاکە ، ھەروەھا پێویستە لایەنی کەم (٢٠%) ی ئەو بڕە سەرف بکرێت بە مەبەستی بوژانەوەی دەروازە سنوریەکە.
دواتر لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە داتای ئەو داھاتانە دەکرێت . (م١٢، ثانيا ،د).

٥- کاتێک وەزارەتی دارایی فیدراڵ (تمویل)ی مانگانەی ھەرێم دەکات و شایستە داراییەکانی پێدەدات دوای ئەوەی ھەرێم تەواوی (التزامات) پابەندبونیەکانی جێبەجێکردبێت !. (م١٢، ثانيا ، ه).

٦- حکومەتی ھەرێم پابەند دەکرێت لە ماوەی (٧) ساڵدا قەرزی بانکی (T.B.I) بداتەوە (المصرف العراقي للتجارة) بە شێوەی قیستی مانگانە لە ساڵی (٢٠٢٣) وە . (م١٢، ثانيا ، و). بە پێی زانیاریەکان تا (٣٠/٣/٢٠٢١) بریتیبووە لە (٤ ملیار دۆلار).
ئەمەش پرسیار دروست دەکات ئایە حکومەتی ھەرێم پێدانەوەی ئەو ھەمو قەرز و (التزامات) پابەندبونانەی پێ جێبەجێدەکرێت ؟. 

٧- وەزارەتی دارایی فیدراڵ ھەژمارێک (حساب)ی بانکی دەکاتەوە لە بانکێکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراق بۆ داھاتی نەوتی ئەو "کێڵگانەی لە ھەرێمدایە" بە بێ ھیچ لێبڕینێک و ھەموو حسابە بانکییەکانی دیکە دادەخرێت . (م١٣،اولا، أ).

٨- ھەژمارێکی (حساب) دیکە دەکرێتەوە  لە بانکێکی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ شایستە داراییەکانی ھەرێم کە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە پێی دەدرێت ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم یان ئەوەی (تخویل)ی دەکات سەرپشک دەبێت لە سەرفکردن بە پێی ئەم یاسایە ، بەڵام لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ دەبێت .(م١٣ ، اولا، ب).
بەم شێوەیەش ھەرێمی کوردستان وەک وەزارەتێکی حکومەتی فیدراڵ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بگرە بچوکتریش لەلایەکەوە ھەژمارەکەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدایە ، پاشان (تمویل) کردنەکەی دەبێت لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بکرێت ، لەکۆتاییشدا لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ دەبێت.

٩- دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم چاودێری و وردبینی ھەردوو ھەژمارەکە دەکەن ، ئەگەر نەکرا لە ڕێگای کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت....ھتد .(م١٣، ثانيا).

١٠- ھەر بۆچونێکی جیاواز لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دروست بوو لەسەر ماف و التزامات و میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ، لیژنەیەکی ھاوبەش پێک دێت لە ھەردوولا بۆ پێشکەشکردنی ڕاسپاردە بۆ چارەسەرکردنی لەماوەی (٣٠) ڕۆژدا ، گەر نەگەیشتنە ئەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات. (م١٣، سابعا).
ئەمەش بەزیانی کورد دەشکێتەوە لەبەر ئەوەی کەمینەی پەرلەمانین.

١١-حکومەتی ھەرێم پابەند دەکرێت بە پێدانی موچەی موچەخۆران و خانەنشین ، لەگەڵ خەرجکردنی شایستەی وەبەرھێنانی پارێزگاکان بە پێی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا ھاتووە، بەپێچەوانەوە دەبێت سەرۆک وەزیرانى حکومەتی فیدراڵ ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی لە نێویاندا (تمویل)کردنی ڕاستەوخۆ(م١٣، ثامنا ، أ، ب).
واتا پارێزگاکان بۆیان ھەیە بەشی خۆیان لە پشکی ھەرێم ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بۆ بێت ، ئەمەش حکومەتی ھەرێم دادەماڵێت لە دەسەڵاتە دارایەکانی و پێگەی ھەرێم وەک کیانێکی فیدراڵی یەکگرتوو لەق دەکات و لەداھاتوشدا ڕەنگە سەربکێشێت بۆ دووکەرتبونی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدا مادەی (١١٩)ی دەستوریش ڕێگە دەدات و ڕێکارەکانی دروستبونی ھەرێمی لە عێراقدا دیاری کردووە .

١٢- کۆمەڵێک سنوقی پاڵپشتی بە مەبەستی ھاوکاری و بوژانەوە دیاری کراوە ، لەگەڵ سەرفکردنی بڕە پارەی دیاری کراو کە ھەرێمی کوردستان لێی بێبەشە وەک :
- دیاریکردنی دوو گوژمە (١٠٠ ملیار دینار) و (٧٥ ملیار دینار)بۆ (سامرا) پایتەختی شارستانیەتی ئیسلامی .(م٤٠، اولا ، ثانيا).
-  دیاریکردنی گوژمەی (١٠٠ ملیار دینار) بۆ (بابل) پایتەختی شارستانی عێراق .(م ٤٠ ، ثالثا).
-  دروستکردنی سنوقی (بصرة) پایتەختی ئابوری و تمویل کردنی بە گوژمەی (٢٠٠ ملیار دینار) .(م٤٠ ، رابعا).
 -   دیاریکردنی گوژمەی (٧٥ ملیار دینار) بۆ  ئەھوارەکان .(م ٤٠ ، خامسا).
-  دیاریکردنی گوژمەی (١٠٠ ملیار دینار) بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی لای کەرخ لە بغداد .(م ٤٠ ، سادسا).
-  دروستکردنی سنوقی (صندوق العراق للتنمية) بە گوژمەی (١٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠) یەک ترلیۆن دینار بۆ ئەو پارێزگایانەی کە لە ھەرێمدا ڕێک نەخراون ، واتا جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.(م٤٢).
-  بەردەوامبونی سنوقی بونیادنانی پارێزگای (ذي قار).(م٤٣).
- دروستکردنی سنوقی (صندوق اعمار سنجار وسھل نینوی) و تمویل کردنی بە گوژمەی (٥٠ ملیار دینار).(م٤٦).
-  دروستکردنی سنوقی پەرەپێدان و پاڵپشتی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (صندوق تنمية ودعم قوی الامن الداخلی).
-   دابینکردنی (١٠٠ ملیار دینار ) بۆ جیاوازی موچەی حەشدی شەعبی . (م٦٩، اولا).
-  موچەی چەکدارانی (صحوة) لە (٢٥٠٠٠٠)دینار دەکرێت بە (٥٠٠٠٠٠)دینار.(م٦٩، ثالثا).
-  تێبینی دەکرێت موچە و دەرماڵەی پێشمەرگە کەمترینە لە عێراقدا بە بەراورد بە سەربازی عێراق و حشدی شەعبی ، کەمترین موچە بۆ پێشمەرگە (٥٠١٠٠٠) دینار ، سەربازی عێراق (١١٠٠٠٠٠) دینار، حشدی شەعبی(١٠٥٠٠٠٠)دینار.