Blnd.jpg

پەرلەمانتاران و داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی لەبەردەم تاقیکردنەوەی گەندەڵیدا

Jun 22, 2023  |   بیروڕا 

 بڵند دلێر شاوەیس
 
لەدوای بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٢٢٣ وموحدتھا ٢٣٩ و٢٤٨ و٢٥٣/اتحادیة/٢٠٢٢) لە ٣٠/٥/٢٠٢٣ سەبارەت بە نادەستوری بوونی یاسای ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ (یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان- عێراق) و ھەڵوەشانەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ھەریەک لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران و داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویدان، ئەم بڕیارە نایاسایی بوونی سەرجەم ئەو مووچە و ئیمتیازتانەی لێدەکەوێتەوە کە دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران وەریانگرتووە لە دوای (٦/١١/٢٠٢٢) و پێویستە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت ، بەھیچ شێوەیەکیش سوود وەرناگرن لە پاساوی نەزانین یان کارکردنیان لەدوای تەواوبەنی ماوەی یاسایی خولی پێنجەم یان بڕیاردان بە لێخۆشبوون لە گێڕانەوەی ئەو بڕە پارانەی بە نایاسایی وەریانگرتووە، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر دەیانزان خولی پەرلەمان بۆ چوار ساڵە. 
پێویستە پەرلەمانتاران لەھەمووکەس زیاتر ڕێز لە دەستور و یاسا و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی بگرن، بە پێچەوانەوە نەگەڕانەوەی ئەو پارانە دەچێتە خانەی گەندەڵی.
بەشێوەیەکی گشتی تاوانی گەندەڵی دەناسرێتەوە بەوەی بریتییە لە بەکارھێنانی پێگە و پۆستی گشتی بۆ بەدەستھێنانی سودێکی کەسی یان بەرژەوەندییەکی تایبەتی.
بەپێی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نەھێشتنی گەندەڵی ساڵی ٢٠٠٣ کە عێراق پەسەندی کردووە و چۆتە پاڵی خراپ بەکارھێنانی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان(اساءة استغلال الوضائف) و دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا و نایاسایی(الاثراء غیر المشروع) لە نموونە دیارەکانی گەندەڵین، بەنەگێڕانەوەی ئەو پارانەی پەرلەمانتاران وەریان گرتووە لەدوای ٦/١١/٢٠٢٢ دەچێتە خانەی ئەنجامدانی تاوانی گەندەڵی و پێویستە داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی ھەرێم ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بە پێچەوانەوە داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکیش دەکەونە ژێر پرسیارەوە.